کۆنفرانسی گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (کۆنفرانسی ٩) ڕۆژانی ٢٥، ٢٦ و ٢٧ی مانگی نۆڤامبر بە بەشداریی ئەندامانی کومیتەی ناوەندیی و بەرپرسانی ڕێکخراوەکان و نوێنەرانی ئەندامانی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
کۆنفرانس بە سروودی ئەنترناسیوناڵ و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و هەموو گیانبەختکردوانی ڕیگەی ئازادی و سوسیالیزم و خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان کرایەوە و بە سروودی بانگەواز، سروودی ڕەسمیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کاری ڕەسمی خۆی دەستپێکرد.
ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتیی کومیتەی ناوەندیی کە له لایەن هاورێ عومەر ئیلخانی‌زادە سکرتێری گشتیی کۆمەڵەوە پێشکەش بە بەشداران کرا، لێکدانەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێران و ناوچەکەی لەخۆ دەگرت. لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها بە وردی باس لە هەموو مەیدانەکانی کاری کۆمەڵە هەر لە بواری چەکداری و پێشمەرگایەتی تا کاری رێکخستنی ناوخۆ و راگەیاندن و پێوەندییەکان کرا و ڕێنوینی پێویستی بۆ دەوری داهاتووی چالاکی ئەم بەشانە لە خۆدەگرت. راپۆرتی کومیتەی ناوەندیی هەروەها باسی لە خەباتی عەداڵەتخوازانە و یەکسانیخوازانە و ڕزگاریخوازانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەورونەقش و ئەرکەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەو بوارانەدا کرد و پێداگر بوو بۆ پێکهێنانی چەتری هاوکاریی نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردستان.
کۆنفرانس تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆمەڵە وەک هێزێکی چەپ و سوسیالیست لە کوردستان بە دروست، پێداگریی لەسەر سیاسەتی رێکخستن و پشتیوانیی بزووتنەوەی چەپ و سوسیالیستی لە کوردستان کردووە و هەلومەرجەکە بۆ کاری خۆی، وەک خەباتکاری ئەو ڕێگایە، بە ڕەخساو دەزانێ و هاوکات خەباتی نەتەوەیی بە ئەرک و کاری خۆی دەزانێ و بەردەوام دەبێ لە خەبات بۆ ڕزگارکردنی گەلی کورد لە ستەمی نەتەوەیی و وەستهێنانی مافەکانی. لەو باسەدا هەروەها ئاماژە بە خەباتی ڕزگاریخوازنە و دۆخی خەبات لە هەموو بەشەکانی کوردستان کرا و هاوکات لەگەڵ پشتیوانی لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لەهەموو بەشەکان، پێداگری لەسەر ئەوەکرا هەڵوێستی ڕەخنەگرانە و دڵسۆزانە لەسەر حیزب و لایەنەکانی بەشداری ئەو خەباتە یارمەتی بەرەوپێشەوەچوون و سەرکەوتووبوونی ئەو خەباتە دەکا.
بە بۆنەی هاوکاتبوونی دەسپێکی کۆنفرانس لەگەڵ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، لە دەسپێکی کۆنفرانسدا وتەیەک لەو بابەتەوە پێشکەش کرا و کۆنفرانس سووربوونی کۆمەڵەی لە بەردەوامبوون لە بەشداریی خەبات بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان و خەبات بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی رەگەزی بە گشتی دووپات کردەوە.
کۆنفرانس لە کۆتاییدا یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردووی کۆمەڵەی بەرز ڕاگرت و بەڵێنی لەگەڵ خانەوادەی هاوڕییان گیانبەختکردوو و کەمئەندامانی کۆمەڵە نوێکردەوە و ڕێزی لە خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی عەداڵەتخواز و ڕزگاریخواز و هەڵسووڕاوانی تەشکیلاتی نهێنی و لایەنگران و خەباتکارانی ڕێگەی پڕ لە شانازیی کۆمەڵە گرت.

بژی سوسیالیزم، بژی ئازادی
سەرکەوتووبێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد

بابەتی پێشوودایکی دوو پێشمه‌رگه‌ی گیانبه‌ختکردووی کۆمه‌ڵه‌ ماڵئاوایی لە ژیان کرد
بابەتی دواتروێنە.. کۆنفرانسی ٩ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان