خرۆشی بەرینی یەکسانی و ئازادیخوازانەی ٨ی مارسی ئەمساڵ، گەلێک لە ساڵانی پێشوو جیاوازترە. بەربەستی قایمی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی درزی تێکەوتووە. ئەو یاسا و رێسا نامرۆڤانە و دژە ژنانەی کە بەرد بە بەردیان لەگەڵ سەرکوت و هێرشی دڕندانە بۆسەر ژنان و ئازادی و مرۆڤایەتی لەسەریەک هەڵچنیبوو، خەریکە دادەڕوخێ و، تەنانەت کۆنەپەرسترین مۆرەکانی سەربە ویلایەتی فەقیهیش، یان توانا و جوربزەی بەرگریکردنیان لەو یاسا و رێسایانە نییە، یان بێدەنگەیان لێکردوە.

٨ی مارسی ئەمساڵ لە چاو یەکەمین ٨ی مارسی پاش هاتنەسەرکاری کۆماری پیاوانی مەزهەبی کە خەریک بوون بە سەرکوتی خوێناوی رێپێوانی ژنانی ئازادیخواز، بناغەی قۆناغێکی رەش و سەرکوتگەرانەی دادەڕشت، زۆر جیاوازە. ئەوکات کۆماری ئیسلامی کە سەرمەستی سەرکەوتن و ئەو دەرفەتە بوو کە بۆی رەخسابوو، شێتانە بەرەوپێش دەڕۆیشت و زۆر دڕندانە خۆڕاگری و بەربەرەکانێی ژنان و هەموو ئازادیخوازانی تێکدەشکاند. بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی خەبات و هاتنە مەیدانی خۆڕاگرانەی ژنان لە چەند مانگی رابردوودا کە پشت ئەستوورە بە ٤٠ ساڵ خۆڕاگری و بەربەرەکانێ، کۆماری ئیسلامی خستۆتە لێواری زەلکاو و ریسوایەکی تایبەتەوە. لە ئاکامی ئەم خەبات و بەرەنگارییە بوێرانەیە لە مەیدان و شەقامەکانی “ئینقلاب”دا، ملهوڕی و باڵادەستی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکشکاوە. هاتنەمەیدانی ژنان لەو چەند مانگەی رابردوودا زیاتر لە هەر هۆکاریکیتر ئاسۆ و داهاتووی ئەم رژیمەی لێڵ کردووە. بێگومان رەوتی ئەم خەبات و هاتنەمەیدانەی ژنان بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر هەنگاو دەنێ. ئەگەر ئەوکات بەهاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و زاڵبوونی کۆنەپەرستیی مەزهەبی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی نایە تاریکترین و رەشترین قۆناغ بۆ ژنان، ئەوە ئەمڕۆ دەنگدانەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی خەباتی ژنان سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەزاندووە و بۆتە هەواڵی گرینگترین ناوەندە هەواڵنێرییەکان.

بێگومان بە هەڵتەکاندنی ئەم دامودەزگا سەرکوتگەرە مەزهەبییەو، بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستەمە ناعادڵانەیە و سڕینەوەی یاسا و رێسا غەیرەئینسانیەکانی و، بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم کۆمەڵگا چینایەتییە نابەرابەرە کە تێیدا  قورسایی هەژاریی و بێکاریی و برسییەتی و رۆژڕەشی زیاتر لەسەر شانی ژنانە، نەک تەنیا ژنانی ئێران، بەڵکوو پیاوان و هەموو مرۆڤایەتی بە گشتیی رزگار دەبێ و ئاسمانی شینی ئازادی و رزگاربوون لە کۆنەپەرستی بەرووی ژنان و پیاوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێتەوە.

لە کوردستاندا کە شاهیدی یەکەمین ئێعدامکردنەکانی ژنانی خەباتکار بوو، ئەوکاتەی کۆماری ئیسلامی لە رێگای هێرشکردنە سەر ژنان دەستی کرد بە سەرکوتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، ژنانی ئازادیخواز و چەپ و سۆسیالیست شان بە شان و بە پاڵپشتیی پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەریخواز، مێژوویەکی چل ساڵەی لێوانلێو لە خەبات و خۆڕاگری و گیانبازی و فیداکارییان تۆمار کردووە.

هەر لە سەنگەرەکانی پێشەوەی خۆڕاگری بەرامبەر هێزی داگیرکەرەوە، لە شەری ٢٤رۆژەی شاری سنە، لە خۆراگریی نێوسیاچاڵ و ئەشکەنجەگاکانی رژیم و، وەستانەوە لە مەیدانی ئێعدام و تیرەبارانکردن، چالاکیی چەکدارانە لە ریزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و بەشداریکردنی بەرچاو لە زۆربەی هەرەزۆری شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، هەتا خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە ناو کۆڕ و کۆمەڵ و ئەنجومەنە ئەدەبییەکان، رێکخراوەکانی ژنان و کۆر و کۆمەڵی جەماوەری و، هەتا قورسایی زیاتری کاری ناو بنەماڵە و دەور و نەقشی ئابووری و، کاریگەری بەرچاو لە بواری ئەدەبیات و مۆسیقا و شانۆ، هەتا رێکخستنی جووڵانەوەی گەورە و بچووک لە دژی ئەو کوشتنانەی بە نێوی “کوشتن لەسەر شەرەف” ناودێرکراون، وەستانەوە لەئاستی خۆکووژییە بە ئەنقەست و داسەپاوەکان،و حوزووری بەرچاو لە خەباتی سیاسی لە کوردستاندا و لە ئاستی رێبەرایەتی حیزبە سیاسییەکان و لە گەلێک بواریتردا، ژنانی کوردستانی کردۆتە جەمسەرێکی  گرینگ و حاشاهەڵنەگر. ژنانی کوردستانی ئێران کە ژنانی وشیار و چەپ و سۆسیالیستی کۆمەڵە پێشەنگیان بوون، گەلێک کاریگەری بەنرخ و بەرچاویان لەسەر خەبات و دەورونەقشیان لە هەموو پارچەکانی دیکەی داناوە کە لە “کۆبانی”و ئێستاش لە “عفرین” دەیبینین.

پرشکۆبێت خەباتی ژنانی ئازادیخواز

بەرێز و بەرێز بێت یاد و ناوی هەموو ژنانی گیانبەختکردووی رێگای ئازادی و بەرابەری

بژی ئازادی و سۆسیالیزم

بڕوخێت رژیمی کۆماری ئیسلامی

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٧ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی

١٦ی رەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی

بابەتی پێشووناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی یادی 8ی مارسیان كردەوە
بابەتی دواتربیانیە کومەلە به مناسبت هشت مارس روز جهانی زن