لە سایەی دەسەڵاتی نگریسی چواردەیەی رابردووی کۆماری ئیسلامیدا کۆمەڵگای ئێران بۆ زۆرینەی حەشیمەتی ٨٠ملیۆن کەسی ئەو وڵاتە بۆتە ناوەندی چەوسانەوە و ستەم و بێ مافی. رەوتی روولەهەڵکشانی ئەو کەسانەی بۆ بژیوی ژیانی رۆژانەیان زبڵدانەکان دەپشکنن،زیادبوونی دیاردەی منداڵانی سەرشەقام،بەرفراوانبوونەوەی توێژی”کارتۆن خەوەکان”و ئەو کەسانەی شەویان لە گۆرستانەکاندا دەکەنەوە رۆژ،بەرینبوونەوەی  قەبارە و ئاستی لەشکری بێکاران و زەحمەتکێشان،بڵاوبوونەوەی تۆقێنەری مادە هۆشبەرەکان و پەرەسەندنی دیاردەی ئێعتیاد ، دابەزینی راچڵەکێنەری تەمەنی لەشفرۆشی و سەرهەڵدان و گەشەی دەیان و سەدان دیاردەی دزێوی کۆمەڵایەتی و دارمانی زۆرێک لە  بەها مرۆیەکان لە ئێران،خوڵقاو و بەرهەمی سیستمێکە کە بە درووشم و بانگەوازی “کۆمەڵگای یەکسان و بەرابەر و دوور لە دیاردەی چینایەتی” خۆی بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا سەپاند.

لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا، ویلایەتی فەقیه وسەران و سەرکردەکانی ئیسلامی بە وەگەرخستن و ئیدارەکردنی  مافیایەکی بەهێزی ئابووری، وەک ئۆختاپووسێک بە هەڵلووشینی سامانی ئەم وڵاتە،چاوچنۆکانە خەریکی کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانن،بە جۆرێک کە بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ قۆناغەکانی رابردووی وەسەریەکخستنی ماڵ و دارایی لەلایەک و، پەرەدان بە هەژاری و نەداری لە لایەکیترەوە، پلەی پێوانەیان بریوەو،سەردەمێکی تاڵانکاریی نوێیان هێناوەتە بوون.

لە ماوەی چواردەیەی رابردوودا کارنامە و ئەزموونی رەش و تاڵی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە بزووتنەوەی کرێکاری و،بەتایبەت لە دژی رابەران و هەڵسووراوانی ئەو جووڵانەوەیە،تەنیا و تەینا لە پێناو دزی وتاڵان و برۆیی داهات و خۆدەوڵەمەندکردن و پاشەکەوتی دارایی دەسەڵاتداران و کاربەدستانی نیزامی ئیسلامی لە ئێران بووە.

سزای قامچی و شەلاق لێدان،گرتن و راودوونانی سەرەرۆیانەی خەباتکاران و چالاکانی  کرێکاری و تووندکردنیان لە بەندیخانە،دەرخەر و بەڵگەیەکی ئاشکرایە لە رق و دووژمنایەتی قووڵ و کوێرانەی ئەو رژیمە بەرانبەر بە زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران.

حاشاهەڵنەگرە کە  دەسەڵاتدارانی ئیسلامی لە ئێران تاکە دەرووی دەربازبوون و راگرتنی  دەسەڵات و بەردەوامی رژیمەکەیان لە  چەوساندنەوەی زیاتر و داپڵۆسین و رفاندنی هەقدەست و پێخووستی مافی تەنانەت منداڵانی تەمەن خوار دە ساڵدا دەبینن.لە کەس شاراوە نیە نەدانی هەقدەستی مانگانەی کرێکاران بێکارکردنی بەکۆمەڵ و دەرکردنیان لە ناوەندەکانی کارکردن و گرتن و ئازار و ئەشکەنجەی هەڵسووراوانی کرێکاری،لەو رێکار و شێوازانەن کە رژیمی ئسلامی  بۆ پێشگرتن و سەرکوتی  ئاخێز و نارەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکان گرتوویەتە بەر.

ئەگەر ئاورێک لە ساڵی رابردوو بدەینەوە و بە دیاریکراوی ئاخێزە جەماوەرییەکانی مانگی  بەفرانبار، بێگوومان لەکەس شاراوە نییە کە هێزی بزوێنەری ئەو جووڵانەوە گەورە و بەرینە کۆمەڵایەتییەی وا بەخێرایی و تۆکمە و ئامانجدار بەشێکی زۆر لە شار و ناوەندە کرێکاریەکانی وەک “نەیشەکەری هەفت تەپە”و”فوولادی ئەهواز”و گەلێک کۆر و کۆمەڵی کرێکاری لە ئێران گرتەوە،سەرەرای ئەویکە لە ژێر زەبری سەرکووت و داپڵۆسینی هێزەسەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا تووشی گەلێک نوشست و هەستانەوە بووە،لە هەژارترین و بێ دەرەتانترین چین و توێژی کۆمەڵگا بوون.

قورسایی و تێچووی مەیل و سەرکێشیی شێتانەی کۆماری ئیسلامی بۆ بونیادنان و دامەزراندنی ئیمارەتی ئیسلامی و زاڵکردنی هێژمۆنی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە کە لە رێگای پشتیوانی و قۆڵئەستورکردنی گرووپ و تاقمە تێرۆریستیەکانی وەک حیزبوڵڵا،حوسیەکان، فاتمیەکان وحەشدی شەعبی بەرێوە دەچێ،لەسەر شانی کەم داهاتترین چین و توێژی ئەم کۆمەڵگایە واتە کرێکاران و خەڵکی هەژار و کەم داهات و زەحمەتکێشە.

لە کوردستان کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ناوەندیی ئێران،بە ئەنقەست و ئامانجدار سیاسەتی سیستماتیکی دواکەوتووراگرتن و هەڵاواردنی ئابووری و فەرهەنگیان بەرێوە بردووە،لەبەر نەبوونی ناوەندو کارگە و دامەزراوەی گەورەی پیشەیی و مۆدێرن،” کۆڵبەری” وەک سەرچاوەیەکی بژیوی ژیان لە پەرەسەندن دایە کە بە داخەوە هەرچەند لە روانگەی زۆرێک لە دانیشتوانی گۆی زەویی ئەو دیاردەیە وەک خەون و ئەفسانەیەکی دێرین سەیر دەکرێ،بەڵام بەوحاڵەشەوە هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی بە شەو و رۆژ ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە بۆ دابینکردنی بژیوی رۆژانەی مال و منداڵیان لە کوێستان و شاخ و دۆڵ و هەڵدێرەکاندا خەریکە کۆڵبەرین.

کۆماری ئیسلامی لە ریزی دژە کرێکاریترین رژیمەکانی سەردەم دایە کە لە پێناو خولیا و مەیلی هەوسارپساوی خۆیدا بە ملیۆن بنەماڵەی تووشی رۆژرەشی و نەهامەتی گەورە کردوە.

لە کۆتایدا پێویستە ئاماژە بەو خاڵە گرینگە بکەین کە ئەوەڵی مانگی مەی وەک نەریت و کلتوورێکی سەدان ساڵە بۆتە ئەو دەرفەت و بەستێنەی کە چینی کرێکاری کوردستان و ئێران شان بە شانی کرێکارانی  جیهان بەرانبەر بە نەبوونی دادپەروەری و یەکسانی و ناعەداڵەتی نیزامی سەرمایەداری دەنگ هەڵبرن و لەسەر هاوپشتی و هاوخەباتی کرێکارانی جیهان پێداگری بکەنەوە.

پرخرۆش بێت بزووتنەوەی کرێکاران لە دژی کۆماری ئیسلامی

بژی هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران

بژی سۆسیالیزم

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٨ی گوڵانی ١٣٩٨

٢٨ی ئاوریلی ٢٠١٩

 

 

 

بابەتی پێشووكۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەڕێوەچوو
بابەتی دواترگرامی باد اول ماە مە روز جهانی کارگر