خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە!

هەروەک پێشتر ئاگادارمان کردن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی پوشپەڕی ١٣٩٨ ی هەتاوی لە کاتژمێرەکانی ٥ و ٩ ی بەیانیدا هێلیکۆپتەرو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سپای پاسداران بە بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر ئاسمانی ناوچەکە و بنکە و بارەگا و سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ناوچەکانی حاجی ئۆمەران و بەردەسۆران وئالانە و ، دۆڵی ڕۆست لە ناوچەی سمێلان سووڕاونەتەوە و ، پاشان لە کاتژمێر ١٢:٢٠   دەقیقەی نیوەڕۆوە تۆپخانەکانی سپای پاسداران لە دۆڵە مەیدان لە ناوچەی پیرانشارەوە بە کاتیۆشا و خۆمپارەهاوێژی ١٢٠ بۆردومانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەیان لەو ناوچانە دەست پێکرد .

بەپێی دوایین هەواڵەکان هاوکات لەگەڵ ئەوە هێزەکانی سوپای پاسداران لەڕێگای تۆپخانەوە هێرشێکی تووندیان کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی هەر تک حیزبی دیموکرات وکۆمەڵە لەناوچەی برادۆست.

لەئاکامی بۆردومانی کوێرانەی تۆپخانەکانی سپای پاسداراندا کە بۆتە هۆی ئاگردانی پانتاییەکی بەرین لە ڕەز و باخ و پاوانی هاوڵاتییان لە گوندەکانی بەربەزین ، تەلان ، بێ پوشک، داسنا،دێرێ و چەند گوندی دیکە، زۆربەداخەوە، لە گوندی تەلان زەیتون قادری تەمەن ١٨ ساڵ گیانی لەدەست داوە و دوو برای بەناوەکانی سیروان قادر تەمەن ٢٣ ساڵ و ئیسماعیل قادر تەمەن ١٤ ساڵ برینداربوون.

ئێمە لەستادی نیزامیی کۆمەڵەوە وێڕای مەحکومکردنی تۆپبارانی کوێرانەی سپای پاسداران ودروستکردنی مەترسی و نیگەرانی بۆسەر گیان و ماڵی هاوڵاتییان و دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان، ئەوپەڕی بەداخبوونی خۆمان بەبۆنەی شەهیدبوونی زەیتوون قادر و برینداربوونی دوو برای دەردەبڕین و سەرەخۆشی لەبنەماڵە و کەس و کاریان دەکەین و خۆمان بەشەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین .

ستادی نیزامی کۆمەڵە

١٩ی پوشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی

بابەتی پێشوولێدوانی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە بۆ تەلەفزیۆنی ئێران ئەنترناسیۆناڵ سەبارەت بە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی
بابەتی دواترراگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی بەبۆنەی سی ساڵەی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملووەوە