بەمجۆرە ئاگادارتان دەکەینەوە کە بەداخەوە رۆژی سێشەممە ٧ی مانگی نوامبر رێکەوتی ١٦ خەزەڵوەر مونیرە خانمی فەلسەفی یەکێک لە سیما ناسراو و خۆراگرەکانی نێو دایکانی کوردستان دڵی گەورە و پرلە خۆزگەی بۆ ئازادی و رزگاریی بەشمەینەتان بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.

مونیرە خانمی فەلسەفی یەکێک لەو دایکە خۆراگرانەی شاری سنە بوو کە دوو کوری بە ناوەکانی ئەحسەن و شەهریار ناهید کە دوو تێکۆشەری بزووتنەوەی چەپ و پێشکەوتنخوازی و له ریزەکانی ڕێکخراوەی فدایی بوون لە کوردستان، پاش بەرەنگاری و خۆراگریی مێژووی شاری سنەی قارەمان،بە بریاری خەڵخاڵی جینایەتکار هاورێ لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە تێکۆشەران و خەباتکارانی شاری سنە لە ئێعدامە بە نێوبانگەی”فروودگای سنە” تیرباران کران،کە بە بڵاوبونەوەی وێنەی ئەو گیانبەختکردوانە و ئاستی درەندەیی جلادانی رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی،شاری سنە وخۆراگری قارەمانانەی خەڵک و خەباتکارانی چووە ناو لاپەرە زێرینەکانی خەبات وقوربانیدانی گەلێک بەرامبەر بە پەلامار و هێرشی داگیرکەر، کە بەداخەوە بەشێک لە بەها و قورسایی ئەم شۆرش و قوربانیدانە لەسەر شانی دایکانێکی وەک مونیرە خانم بوو.دایە مونیرەش وەک هەزاران دایکی جەرگ سووتاوی کوردستان خەم وئازاری لەدەستدانی جگەرگۆشەکانی کردە بوورکانی قین و نەفرەت بەرووی داگیرکەراندا.

بەداخەوە مونیرە خانمی فەلسەفی کە بەدوای لەدەستدانی کورە خەباتکارەکانی ئیتر نەیتوانی لە زێدی خۆی بمێنێتەوە و بەناچاری رووی کردبووە دەرەوەی وڵات ،هەفتەی رابردوو پاش چڵ ساڵ ئاوارەیی و حەسرەتی لە ئامێزگرتنی گڵکۆی ئازیزەکانی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئامریکا بۆ هەمیشە چاوە چاوەروانەکانی لێکنا.

ئێمە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری مونیرە خانم و هەموو خەڵکی شاری سنەی سەربەرز دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم وپەژارەیان دەزانین.

بژی یادی ئازیزی مونیرە خانمی فەلسەفی.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی

١١ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی

بابەتی پێشووڕاگەیاندنی کارەکانی یەکەمین کۆڕبەندی هێزە چەپەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان
بابەتی دواتردیداری نوێنەرایەتی پێوەندییەکانی هەولێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران