خەڵکی ئازادیخوازی ئێران
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان!
لە دوای راگەیاندنی بەرز بوونەوەی٣٠٠٪ی نرخ بێنزین لە لایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییەوە، خەڵکی شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران و كوردستان ناڕەزایەتی خۆیان بەم بڕیارە و هەروەها دۆخی قەیراناوی ژیان لە ئێران و بێکفایەتی و بێلیاقەتی بەرپرسانی حکومەتی لە بەرانبەر چارەسەری قەیران و کێشەکانی خەڵک، بە هێمنانەترین شێوە و بە ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلەکانیان، داخستنی شەقام و جادەکان، بێزاری و بێ دەرەتانی خۆیان ڕاگەیاند و بە پێچەوانە کۆماری ئیسلامی و دام و دەزگای سەرکوتی ئەو رژیمە بەوپەڕی سەرلێشاوی و لە رووی ترسەوە دەستیان داوەتە سەرکوتی ئەم نارەزایەتییانە و ئەم کردەوەیەی کۆماری ئیسلامیش قوربانی و برینداری زۆری لێکەوتووەتەوە.
بڕیاری گران کردنی بێنزین بەم شێوەیە کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە لە وڵاتێکی کە هەمووان دەزانین وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتیەکان و بە سیاسەتی هەڵە و زیانباری کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆیی دۆخی نالەباری ژیانی بۆ خەڵک بە دیاری هێناوە و ئەم بارودۆخە دەسکردە کە یەخەی هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایەی گرتووەتەوە چارەسەرێکی جگە لە دەست لە کارکێشانەوەی ئەو سیستمەو هەموو دەست و پێوەندەکانی نییە.
ئەم بڕیارە ئەگەرچی کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت بەڵام هاوکات پەیامی بە بونبەست گەیشتنی ئەو رژیمەی پێیەو و ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کۆماری ئیسلامی تووشبووی نەخۆشێنێکە کە چارەسەری زۆر ئەستەمەو و لە دوایین هەناسەکانی خۆیدا تەقەلا دەکات.
ئێمە وەک ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات ئەم نارەزایەتییانە کە زیاتر لە ٥٠ شاری ئێرانی گرتووەتەوە بەحەق و بە رەوا دەزانین و وێڕای دەڕبڕینی هاوخەمی خۆمان لەگەڵ خەڵکی ئێران و مەحکووم کردنی توندوتیژییە نەهادینە بووەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە گەلانی ئێران پشتیوانی داخوازییە بەرحەقەکانی خەڵکی ئێران و کوردستانین و هیوا دەخوازین دەنگی ئەم داخوازییە رەوایانە تا بێت بەرزتر و رەساتر بێت و چۆک بەم سیستمە دواکەوتووە دیکتاتۆرە بێنێت.
ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات
٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی

بابەتی پێشووڕاگەیاندنی ژمارە ٢ی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە نارەزایەتی خەڵک بەبۆنەی بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین
بابەتی دواترڕاگەیاندنی هه‌یئه‌تی ئیجرایی کۆمەڵەی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان سەبارەت بە ئاخێزی ناڕەزایەتی جەماوەریی لە ئێران و کوردستان