خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!

بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی کە بەدەستمان گەیشتووە سەعات دە و سی و شەش دەقیقەی ئەم شەو واتە پێنجشەممە ١٤ی سەرماوەز رێکەوتی ٥ی دسامبر “تالار”ێکی ئاهەنگێران لە جادەی مەلقەرەنی لە شاری سەقز بە هۆی تەقینەوەی گاز ئاگری گرتووە و لە ئاکامدا و بە پێی دوایین ئامارەکان  لەو رووداوە دڵتەزێنەدا بەداخەوە ١١ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٣٨ کەسیتر بریندار بوون.

ئەمە یەکەمجار نییە کە بە هۆی ئیستاندارنەبوونی شوێنە گشتییەکان و کەمتەرخەمی دام ودەزگا و ناوەندەکانی پەیوەندیداری دەوڵەتی، کارەساتی دڵتەزێنەی هاوشێوە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی  کوردستان روونەدا و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک نەکاتە قوربانی.

خەڵکی خەمباری کوردستان و شاری سەقزی خوێناوی!

لە کاتێکدا هێشتا تەمی خەمی روژانی رابردووی قوربانیانی سەرشەقامەکانی کوردستان نەرەویوەتەوە،بێگوومان ئەم کارەساتەش ئەوەندیتر بەداخبوون و خەمباربوونمانی قورستر کردووە.ئێمە هەروەک چۆن ئەم خەم و ئازارە بە هی هەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی و شاری سەقز بە تایبەتی دەزانین،دڵنیاین هەمووتان بەدەم بنەماڵە و کەس و کاری ئازیەتباری قوربانیانی ئەم کارەساتەوە دەچن و،وەک هەمیشە شانۆیەکی شکۆمەند لە یەکێتی و هاوپشتی دەخوڵقێنن.

لەلایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە وێرای بەداخبوونمان بە هۆی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە،لە قوڵایی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری قوربانیانی ئەم رووداوە و خەڵکی دڵبرینداری شاری سەقز و هەموو خەڵکی خۆراگری کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.هەرەوها هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی ئەم رووداوە دەخوازین.

 

 

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی

٥ی دسامبری ٢٠١٩ی زایینی

بابەتی پێشووپێکهێنانی “کۆمیتەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە فینلاند”
بابەتی دواترراگەیاندنی سکرتاریەتی کۆمەڵە بە بۆنەی کارەساتی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری سەقز