ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٤ی سێپتامبر ٢٠٢٥ی زایینی)، وەڤدێکی کۆمەڵە بە سەرپەرشتی هاوڕێی عومەر ئیلخانیزادە (جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵە)، و شاندی یاوەری هاوڕێیان کاکۆ عەلیار (ئەندامی دەفتەری سیاسی)، دارا قوڕەیشی (ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی) و هەژار وەلیزادە (جێگری پەیوەندییەکانی کۆمەڵە لە هەولێر)، بە بۆنەی گیان لەدەستدانی تێکۆشەری نیشتمان، “سەعد خالید” جێگر سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، سەردانی بارەگای سەرکردایەتی ئەو حیزبەیان لە هەولێر کرد.
وەڤدی کۆمەڵە لە لایەن وەڤدی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە سەرپەرشتی بەڕێز بەڵێن عەبدوڵڵا (سکرتێری گشتی حیزب) و بەڕێزان بێکەس قادر (ئەندامی دەفتەری سیاسی)، خاتوو نیشتمان کەماڵ (بەرپرسی پەیوەندییەکان) و چەند کادرێکی تر بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.
لەم سەردانەکدا وێڕای هاوخەمی بۆ گیان لەدەستدانی کاک “سەعد خالید”، لێکدانەوەی دۆخی سیاسی ناوچەکە، پێگە و ڕۆڵی کورد لە گۆڕانکارییەکان و پێویستی یەکگرتوویی و هاوکاری زیاتری نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان لە بەرانبەر ڕووداو و پێشهاتەکان یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم دیدارە بوو.
لە درێژەی دیدارەکەدا، باس لە ئەگەری گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکە و دەرفەت و مەترسییەکانی بەردەم نەتەوەی کورد کرا، و جەخت لەوە کرا کە بە هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی زیاتر، گەلەکەمان دەتوانێت وەک فاکتەرێکی بەهێز لە ناوچەکەدا دەرکەوێت.
لە کۆتایی، هەردوولایەن جەختیان لەسەر هاوکاری و پەیوەندیی زیاتر کردەوە و دیدارەکە لە کەشێکی دۆستانە کۆتایی پێهات.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٢٣ خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٤ سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی
