هوشیار حەیدەری
کۆنگرەی ۱٦ی کۆمەڵە دوای ٤ ساڵ دواکەوتن بەهۆی کۆمەڵێک کێشە و گرفت لەوانە، هاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هێرشی کۆماری ئیسلامی بە درۆن و مووشەک بۆ سەر حیزبەکان و هەندێک کێشەی ناوخۆیی، سەرئەنجام کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
بەڕێوەچوونی کۆنگرە لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی ژیانی سیاسی کۆمەڵە و لە چەقی دەیان ڕووداوی گەورەی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییدا بوو کە دیارترینیان، بەردەوامی شەڕی ڕوسیە و ئۆکراین، پەرەسەندن و ئاڵۆزبوونی شەڕی ئیسرائیل، حەماس و حیزبوڵڵا لە لایەک و “ئێران و حەشدی شەعبی و حوسیەکان کە وەک تیمی دووهەم بەشدارن لەم جەنگەدا”، بەردەوام بوونی قەیران و کێشە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی ئێران بە تایبەتتر دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە وای کرد کۆمەڵێک ڕێ و شوێنی جیاواز بگرێتەبەر، فشار هێنان و داواکاری بەردەوامی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێناو بەرتەسک کردنی چالاکی سیاسی و پێشمەرگانەی حیزبەکان بەشێوەیەکی لە ڕادەبەدەر، هێرشی سایبێری و ڕاگەیاندنەکانی دەزگای پڕوپاگاندای ڕژێمیش لەسەر کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان، تایبەتمەندییەکی گرنگ و پڕ بەرپرسیاریەتی بەم کۆنگرەیە بەخشی. هەر بۆیەش بەڕێوەچوونی گرینگترین و بەربڵاوترین کۆبوونەوەی حیزبی (کۆنگرە) لەم کەش و هەوا نائەمنەدا سەرکەوتنێکی گەورە و دەسکەوتێکی پڕ بەهایە بۆ نیشاندانی خۆڕاگری و هەستانەوەی پڕ لە هیوای کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان.
ئەگەر بزووتنەوەی ژن ، ژیان ، ئازادی وەکوو خاڵی وەرچەرخان لە بزووتنەوەی کورد و سەرتاسەری دژ بە دەسەڵاتی کۆنەپارێزی ئێران لە بەرچاو بگرین و هاتنە مەیدانی جەماوەر و تێکۆشان و قوربانیدانیان و تەنگ هەڵپێچنین تا لێواری نەمانی دەسەڵاتی ڕژیم، بە دەسکەوتی گشتی بزووتنەوەکە بزانین و هەروەها ڕۆڵی گەنجان و بە تایبەتیتر ژنان و دەوری ئەرێنی لە دەوڵەمەندترکردنی ئاخێزەکە بە دەرس و ئەزموون وەربگرین، ناکرێ و تاڕادەیەک نائاسایی دەبێت کە کۆنگرەی ۱٦ی کۆمەڵەش لەم گۆڕانکاریانەدا کە بەسەر کۆمەڵگای کوردستان و ئێراندا هاتووە ئیلهامی وەرنەگرتبێ..!
ڕاستە وزە و توانا و لێهاتوویی ئەندامانی ڕێبەری هەر حیزبێک دەتوانێت لەسەر کار و چالاکی و کردەوەی حیزبەکە کاریگەری هەبێت بەڵام لەوە گرینگتر جێبەجێکردنی بڕیارەکان، بەدواداچوون بۆ ئەو ئامانجانەی کە بۆ دەوری کاری داهاتوو دیاری و پەسەند کراون و هەروەها بە سیستەم و دامەزراوە کردنی هەرچی زیاتری ئورگانەکان و یەکە حیزبییەکانە کە دەتوانێ کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەرەوپێشچوونی ئەرکەکان و ڕاسپاردەکان هەبێت و هەروەها لەسەر بزووتنەوەکەش. کۆمەڵە و سەرکردایەتیی نوێ دەبێ بەرەو پیری ئەو ئاڵوگۆڕانە بڕوات کە لە مەیدان و کۆمەڵگای زیندووی کوردستاندا هاتوونەتە ئاراوە.
دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، گەشەی خەباتی مەدەنی، سینفی، سەندیکایی و گەشەی بواری خەباتی ژنان و ژینگەپارێزی، قەیرانی ئابووری و گرانی و بێکاری، زۆرکردنی گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و سیاسی، ئەگەری گرانتر کردنی وزە سروشتییەکان و کەم کردنەوەی کارەبا بەسەر هاوڵاتیاندا لە لایەک و بۆشایی ئەمنی لە ئاستی باڵادا و کێشەو و ناکۆکی نێو باڵەکانی دەسەڵات، لاوازکردنی پڕۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، قەیرانی دیپلۆماسی و ناوچەیی، زەختی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕژیم و ئەگەری بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، هاتنە سەر کاری ترامپ و بردنەوەی پارتی کۆماریخوازان لە ئامریکا و ئەگەری کاراکردنەوەی سیاسەتی فشاری لانی زۆری و هتد …. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ دەستپێکردنەوەی دەورێکی نوێ لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێران و کوردستان، بۆیە کۆمەڵە دەبێت لەم دەورە نوێیە و لەم هەلومەرجە هەستیارەدا بە دەسنیشانکردنی کەم و کورتیەکان و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ڕابردوو، لەسەر کاراکردن و هەڵسوڕان و وەگەڕخستنی سەرمایەی مرۆیی و کەڵک وەرگرتن لە هێزی ماددی و هزری خۆی پێداگری بکات، بۆیە تەشکیلات بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە و هەروەها بە هاناوە چوونی ئاڵۆگۆڕە سیاسی و کۆمەڵاتییەکان پێویستە تەرکیز و وزە و تواناکانی خۆی لە سێ بواردا چڕ بکاتەوە؛
یەکەم: گرنگیدانی زۆرتر بە ڕێکخستن و نێوخۆی ڕۆژهەڵات.
دووهەم: ئاوڕدانەوە و گرنگیدانی زیاتر بە بەشی ڕاگەیاندن کە بتوانێت زیاتر ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
سێهەم: لە کوردستان هەوڵ بۆ کاراکردنەوەی ناوەندی هاوکاری و دواتر بەرەی کوردستانی و لە ئاستی سەرتاسەریشدا چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە نێو هێزە دێموکراسی خوازەکان و نەتەوەکاندا لە پێناو بەرەیەکی گشتگیر و بەرەو بەدیل درووست کردنی کۆماری ئیسلامی. هاوکاتیش سوود لە توانای دەرەوەی حیزبەکانیش وەربگیردرێ بۆ دیپلۆماسیەکی گشتگیری ڕۆژهەڵاتیانە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.