بە گشتی سینەما لە ئاستی جیهاندا،بە سەر سێ سینەما یان سێ ڕەوتی زۆر جیاواز دابەش دەکرێت. سینەمای یەکەم، کە بە سینەمای هۆلیۆود دەوترێت.کە ئەم سینەما جگە لەو فیلمسازانێکی تێدا هەڵکەوتووە کە ڕێگایەکی پێچەوانەی ئەو ڕەوتە باوەی سینەما لە ئامریکایان گرتووەتە بەر، بەڵام بە گشتی سینەمایەکە، بۆ کات بەسەربردن و پارەسازی هەوڵیداوە و بە گشتی بەردەنگی ناچالاکی بەرهەم هێناوە . ئەم سینەما باوەڕی بە پەیوەندی تایبەتی فیلم و بینەر هەیە و لەسەر بنەمای ئەم بیرۆکەیە سینەما وەک نمایشێکی ڕووتی کات بەسەربردن دەبینێت (چنن،١٩٩٧،ص ٣٥٧).سینەمای دووهەم سینەمای ئورووپایە کە زۆرتر سینەمایەکی هونەریە. لەم سینەمادا، زۆرتر دەرهێنەر و ڕوانگەی دەرهێنەر بە بابەتەکان گرینگە و بە گشتی بە سینەمای مولیف پێناسە دەکرێت و سینەمای سەربەخۆی ئامریکا، سینەمای هونەری و بە گشتی شەپۆلەکانی نوێی سینەما لە وڵاتانێک وەکوو ژاپۆن و ئێرانیش لە خۆدەگرێت. ئەم سینەما، بە سەرهەڵدانی قوتابخانەی نیئوریالیزمی ئیتالیا و دواتر بە شەپۆلی نوێ سینەمای فەرەنسی دەگاتە لووتەکەی خۆی.هەر چەند لەم سینەمادا، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی وسیاسیی دەبینین و بە گشتی چوارچێوە و پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەروەها فۆرمی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام بە گشتی ئەم سینەمای دووهەمەیش نەیتوانی کەسانێک وەکوو فێرناندۆ سۆلاناس، ئۆکتاڤیۆ گاتینۆ، ڕازی بکات و ئەم دوو کەسە لەکاتی بەرهەمهێنانی فیلمی « لاهورا دۆلوس هۆرنوس» کاتژمێری کورەکان ١٩٦٨ بە بڵاوکردنەوەی مانیفستێک بە ناوی «هاسیا ئێن تێرزه سینه»(بەرەو سینەمای سێهەم) بە ڕەسمی دەستپێکی ڕەوتی سینەمایی سێهەمیان یان ڕاگەیاندن.بۆ نموونە سینەمای سێهەم لەسەر بابەتی دژایەتی کردنی سانسۆر کێشەی لەگەڵ سینەمای دووهەم بوو و پێیان وابۆ کە ڕوانگەی فیلمسازانی سینەمای دووهەم بە نیسبەت ئەم بابەتەوە ڕوانگەیەکی ڕیفۆرمخوازانەیە و ئەم سینەما وردە وردە بۆ کێبرکێ و بە پیشەیی کردنی سینەما لەگەڵ سینەمای یەکەم کەوتە کێبەرکێ و لە کۆتاییدا ئەم سینەما نەیتوانی کاریگەری قووڵ و بەرین لە ناو کۆمەڵگای ئورووپا دروست بکات.سینەمای سێهەم بە تەواوەتی لە دژایەتی سینەمای یەکەم و دووهەم سەریهەڵدا. سینەمای یەکەم بە نواندنەوەی وێنە و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی خزمەت بە ئایدۆلۆژی، کاپیتالیستی و لیبراڵیزم و نئولیبراڵیزم دەکات و سیستەمی بڵاوکردنەوەی تایبەت بە خۆی هەیە.
لە سینەمای سێهەم، ژانر یان ڕوانگەی سیاسیی گرینگ نییە، بەڵکوو ئەوەی سینەمای سێیەم دیاری دەکات، دەرئەنجام و تێگەیشتنە بۆ جیهان. سینەمای سێهەم سینەمایەکی دژە کۆلۆنیالیزمیە.تایبەتمەندی ناوەڕۆکی سینەمای سێهەم، خواستی ئازادی نەتەوەیی، دژە ئەفسانە، دژایەتی لەگەڵ ڕەگەزپەرستی و بۆرژوازی، و ئیرادەی گەلە.(سۆلاناس و گاتینۆ، ١٩٦٩، ل ٢٣). ئەم سینەما بە تەواوەتی سینەمایەکی سیاسیە.هەر چەند زۆر کەس ئەم سینەما بە هەڵە وەکوو سینەمای وڵاتانی جیهانی سێهەم پێناسە دەکەن. سۆلاناس و گاتینۆ لە وتاری «تێبینی و ئەزموونەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی سینەمای ڕزگاریخوازی لە جیهانی سێیەمدا» سینەمای سێهەم لە دژایەتی سینەمای یەکەم و سینەمای دووهەم پێناسە دەکەن نە دژایەتی کردنی جیهانی یەکەم و جیهانی دووهەم.بۆ نموونە سینەمای بۆلیۆود لە وڵاتێکی جیهان سێهەمی سەرهەڵداوە و پەرەی سەندووە و فیلمی بەرهەم هێناوە و ئەم سینەما وەکوو سینەمای یەکەم پێناسە دەکرێت. بە پێچەوانەیش فیلمی «فیل»ی کلارک و « Funny Games « مایکێڵ هانکە دوو نموونەی زۆر باشی کاردانەوەکانی سینەمای سێهەمن بەرامبەر بە توندوتیژی و لە ئورووپا بەرهەم هاتوون.
لە ڕاستیدا سینەمای دووهەم، لە ترسی بە ئامریکایی بوونی وڵاتانی ئورووپای سەریهەڵدا.هەر ئەم ترس لە ئامریکایی بوونە، هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی چەمکی سینەمای نەتەوەی لە وڵاتانی ئورووپایی و ئاسیایی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی بۆ بکرێت و هەر نەتەوەیەک لەهەوڵی ئەوەدابێت سینەمایەکی نەتەوەیی بۆ خۆی پێناسە بکات. بۆ نموونە سینەمای ژاپۆن، سینەمای کۆریای باشوور، سینەمای ئێران و …
بەرهەمی بیرمەندانێک وەکوو بێندیکت ئەندێرسۆن،هابس بام، ئێسمیت و هاچینسۆن گۆرانکاری بنەرەتیانە لە خوێندنەوە کلاسیکەکان بۆ چەمکی نەتەوە و شوناس درووست کرد..
ئەم کەسانە پێناسەگەلی بێ بنەما دەربارەی چەمکی نەتەوە و شوناسیان ڕەت کردەوە و باسگەلی نوێیان ورووژاند. ئەندێرسۆن بە چاپی کتێبی Imagined Communities (کۆمەڵگای زیهنی) لە ساڵی ١٩٨٣ ناوبانگی دەرکرد.بێندیکت ئەندێرسۆن دەڵیت دوو چەمکی نەتەوە و شوناس، ساختە و درووستکراوی وەهمی کۆمەڵگایە. ئەمە بەو مانا نییە کە ئەندێرسۆن چەمکی نەتەوە و شوناس ڕەت بکاتەوە.بەڵکۆ لە کتێبی کۆمەڵگای زیهنی باس لەوە دەکات، ئەگەر کۆمەڵگا یان نەتەوەیەک ئەوەندە گەورە بن و نەتوانن بە شێوەیەکی دەرهەستانە یەکتر ببینین،لە واقیعدا ئەو کۆمەڵگا یان ئەو نەتەوە زیهنیە.ئەم تیوریە باشترین تیوریە کە ئێمە وەکوو نەتەوەی کورد خۆمانی پێ پێناسە بکەین.هەر بە پشت بەستن بەم تیوریە، ئێمە دەتوانین سینەمای کوردی بۆ خۆمان پێناسە بکەین.نەتەوەیەک کە جوگرافیایەکی سیاسی هاوبەش ناژین.نەتەوەیەکی دابڕاوین.پێناسەی نەتەوە و شوناس بە پێی پێناسە کلاسیکەکان واتە نەخشە، دانیشتووان و شوناس ناتوانێت وەڵامدەرەوەی پرسیارەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە بێت.
ئەگەر بە پێی پێناسە کلاسیکەکان چەمکی نەتەوە پێناسە بکەین و بۆ تیوریزە کردنی سینەمای نەتەوەیی کەڵکی لی وەربگرین بەشێکی زۆر لە شاکارەکانی سینەمای کورد وەکوو فیلمەکانی یەڵماز گۆنەی ناتوانێت لە چوارچێوەی سینەمای نەتەوەی کورد پێناسە بکەین.
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی هەر نەتەوەیەک زمانە، بۆ نموونە زۆربەی فیلمەکانی یەڵماز گۆنەی یان بەشێک لە فیلمسازانی کوردی تاراوگە، بە زمانی کوردی نییە.
ئەگەر پێوەر ئەوە بێت دەرهێنەر یان بەرهەمهێنەر یان ئەوەی کە ستاڤی فیلمەکان سەر بە کام نەتەوەن،دیاری بکەین فیلمەکان سەر بە چ نەتەوەیەکن، دیسان تووشی کێشە دەبین.زۆرێک لە فیلمە کوردیەکان بە ستاڤی کوردی یان بەرهەمهێنەری کوردی بەرهەم نەهاتوون و تەنانەت زۆرێک لە فیلمەکان بەرهەمی هاوبەشی چەند وڵاتە، بۆ نموونە فیلمی ئەزموونی شەوکەت ئەمین بەرهەمی هاوبەشی هەریمی کوردستان، قەتەر و ئاڵمانیایە.ئەم فیلمە کە فیلمێکە دەربارەی کورد و کێشەکانی تایبەت بە ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان،ئایا دەکرێت وەکوو فیلمێکی کوردی پێناسەی بکەین؟یان فیلمی زارێ هامۆ بەک نەزەریان کە فیلمێک دەربارەی کوردستانی سوور و بەرهەمی یەکیەتی سۆفییەتە دەتوانین وەکوو یەکەم فیلمی کوردی کە لە ساڵی ١٩٢٥ بەرهەم هاتووە لە چوارچێوەی سینەمای نەتەوەیی کورد پێناسە بکەین؟
یان چەمکی شوناس ئایا دەتوانێت پێوەرێکی گونجاو بێت بۆ پێناسە کردنی سینەمای نەتەوەی کوردی،بە دڵناییەوە ئەم چەمکەیش ناتوانێت وەڵامدەرەوە بێت.چوون کلتوور و شوناسی ئێمەی کورد،لە گۆرانکاریدایە. کام یەک لەم ئێمە وەکوو دە ساڵ لەمەو پێش جل و بەرگی کوردی بەکار دێنین؟ ئایا ئێمە بە تایبەت جیلی نوێی کورد وەکوو دە ساڵ لەمەو پێش بە زمانی کوردی ئاخاوتن دەکەن؟
هەر بۆیە بە پشت بەستن بە تیوریە زیهنیەتگەرایی بێندێکیت ئاندێرسون دەتوانین سینەمای کوردی پێناسە بکەین وهەموو ئەو فیلمانەی کە بە زیهنییەتی کوردی و نوستالیژی کوردانەوە بەرهەم هاتوون، لە چوار چێوەی ئەم سینەما نەتەوەیە پێناسە بکەین.هەوڵەکانی فیلمسازانی کورد لە بیست ساڵی ڕابردوودا، جێگای ڕێز و پێزانینە و لانیکەم ئەوان،لە فیلمەکانیان بە پێچەوانە سیاسیەکان، توانیویانە سەرەڕای دابڕانی جوگرافیایی وجیاوازی سیاسی لە نیوان پارچەکانی کوردستان، ئەم نەتەوە ڕووبەدەرەوە پێناسە بکەن.ئەوەی کە چۆن پێناسە کراوە باسێکی دیکەیە و لێرەدا جێگای نابێتەوە بەڵام فیلمسازانێک وەکوو هونەر سەلیم، شەوکەت ئەمین، شەهرام عەلیدی، کازم ئۆز، هاشم ئایدەم
یر،تەها کەریمی و… هەوڵیان داوە لەسەر نواندنەوەی ڕووداو و کارەساتەکان لە کوردستان هەنگاوی باش و ئەرێنی هەڵبگرن.
لە لایەکی دیکەوە فیلمسازانێک بوونیان هەیە کە فیلمیان دەربارەی کورد بەرهەم هێناوە و نەتەوەی کوردیان بە سیمایەک جوان و ئازادیخوازانە وێنا کردووە بۆ نموونە فیلمی نامۆ بەرهەمی نادر ساعی وەر، ئایا دەتوانیت ئەم جۆرە فیلمانە لە چوارچێوەی سینەمای نەتەوەیی کورد پێناسە بکەین؟بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین بەڵی. چوون ئەم فیلمانە بە ڕوانگەیەکی کوردی و بە زیهنیەتی کوردی بەرهەم هاتوون دەتوانێت لەم چوارچێوە پێناسەی بکەین.
بۆ ئێمەی کورد لەم بەستێنە مێژوویە، کەلتووری، ئابووری و سیاسیەدا، سینەمای یەکەم یان سینەمای دووهەم یان سینەمای سێهەم، لە چوارچێوەی ئەو سینەما نەتەوەیەی کە لە ڕوانگەی بێندیکت ئەندێرسۆنەوە پێناسەمان کرد. دەتوانێت وەڵامدەرەوەمان بێت؟کام یەک لەم رەوتە سینەمایانە دەتوانێت بینەر وەکوو یەکێک لە لایەنە گرینگەکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی بگۆردێت بە بینەرێکی چالاک.
ئەگەر هەموومان هاوڕا بین لەسەر ئەوەی کە فیلم دەبێت لە سەر ئەندیشەی مرۆڤەکان کار بکات و بتوانێت هزر و فیکری بینەر بەرەو ڕۆشنگەری کۆمەڵایەتی، سیاسیی، کلتووری و … لە چوارچێوەی نەتەوەی خۆی ئاراستە بکات کام یەک لەم سینەمانە دەتوانێت بۆ ئێمەی کوردی سوودی ببێت؟ ئایا وەکوو سینەمای یەکەم ڕوانگەی کات بەسەر بردن و بەرهەمهێننای بینەری ناچالاک لە ئەجێندامان بێت؟ یا وەکوو سینەمای دووهەم ڕوانگەی هونەری لە ئەجێنداماندا بێت؟یان وەکوو سینەمای سێهەم حەقیقەت و واقیعیەتە شاراوەکانی کۆمەڵگا ئاشکرا بکات و ڕۆشنگەری و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگا لە ئەجێندایدا بێت؟
بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە پێویستە ئاماژە بدەین سینەما لە هەر نەتەوەیەکدا، بە دوو ڕەوتی جیاوازدا تێدەپەرێت. ڕەوتێک کە بە رەوتی باو یا سەرەکی سینەمای هەر نەتەوەیەکە و دووهەم رەوتی هونەری کە زۆرتر لە لایەن فیلمسازانی بیرجیاواز و سەربەخۆ نوێنەرایەتی دەکرێت.
لە بنەڕەتدا لە هیچ نەتەوەیەک تەنانەت لە سینەمای هۆلیۆود سینەمایەک بە ناو سینەمای تیجاری بوونی نییە.سینەمایەک بوونی هەیە سەر بە ڕەوتی باو یان ڕەوتی سەرەکی سینەمای هەر نەتەوەیەکە،کە زۆرتر ڕەهەندی کات بەسەر بردنی بینەر لە ئەجێندایاندا هەیە، بەڵام ئەم ڕەوتەیش لایەنی هونەری و هزری جوانیناسی سینەمایشی بۆ گرینگە.چەند فیلمێک لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەریمی کوردستان بەرهەم هاتوون کە نە توانیویانە ڕەهەندی کات بەسەر بردن بۆ بینەر بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ فیلمەکانی سینەمای هۆلیۆود و نە ڕەهەندی جوانیناسی هونەری سینەما بە هەڵسەنگاندنی سینەمای دووهەم، نە ڕەهەند ڕۆشنگەری و هزری سینەمای سێهەم لەبەرچاوبگرن بۆیە چەمکێکی دەستکرد و ساختە بە ناوی سینەمای تیجاریان بۆ داهێناوە وەکوو بڵێی چوون ئەم فیلمە تیجاری چی دیکە ڕەخنەگرتن مانایەکی نییە و بە خەیاڵی خۆیان بەم جۆرە بەرهەمانە دەتوانن بینەری کورد بۆ سینەماکان ڕابکێشن.لەوانەیە بینەر بە شێوەی کاتی بۆ سینەماکان ڕابکێشن بەڵام بە دڵنیاییەوە چوون کاریگەری قووڵی هزری لەبەر دەنگ جێناهێڵن لە درێژە ماوەدا،ئەم هەوڵەیان تووشی شکست ئەبێت.هەر بۆیە چەمکی سینەمای تیجاری و بەکار هێنانی ئەم چەمک بۆ هەندێک لەو فیلمانەی لە کوردستانی باشوور بەرهەم دێن، تەنها بۆ پاساو هێنانەوە و خۆدزینەوەیە لە جوانیناسی هونەری سینەما.لە وڵاتانی دیکە هەندێک لە فیلمسازان کە لە چوارچێوەی رەوتی سەرەکی یان باو، فیلم بەرهەم دێنن ئەوەندە ئاستی جوانیناسی سینەما لە فیلمەکانیان بەرجەستەیە کە دەتوانن زۆر بە ئاسانی فیلمەکانیان فرۆشی باشی هەبێت. بۆ نموونە جیمز کامێرۆن دەرهێنەری دوو فیلمی تایتانیک و تێرمیناتۆری ٢. یان فیلمی سێانەی گادفازری کاپۆلا، کە تا چەند ساڵ لەمەو پیش لە ڕیزی پڕفرۆشترین فیلمەکانی وڵاتی ئامریکا بوو.ئەم نموونە هەم ڕەهەندی کات بەسەر بردن وهەمیش ڕەهەندی جوانیناسی سینەمای تێاندا بەرز بووە.
بێ گۆمان، نەتەوەی کورد پێویستی بە ڕەوتێکی سەرەکی یان ڕەوتی باوی سینەمایی هەیە.ئەم رەوتە دەتوانێت بناغەی سینەمای هەر نەتەوەیەک و لەوانە کورد بێت.هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕەوتە باوە، فیلمسازان دەتوانن لە چوارچێوەی سینەمای سەربەخۆ یان ڕەوتە جیاوازەکانی دیکەی سینەما، فیلم بەرهەم بهێنن.
بۆ نەتەوەی کورد بە تایبەت لە کوردستانی باشوور کە خاوەنی کیانێکی سیاسییە و دەتوانێت ئیستراتیژی کلتووری ببێت، فیلمسازان و کاربەدەستانی حکومەتی لە بواری کلتووری دەتوانن بە کەڵک وەرگرتنی هاوتەریب لەڕەهەندی کات بەسەر بردن، لەبەر چاوگرتنی ئاستی جوانیناسی هونەری سینەما و هەروەها ڕەهەندی ڕۆشنگەری کۆمەڵگا و درووست کردنی بەردەنگی چالاک، بە زیهنییەت و نۆستالێژی کوردانە، بەرەوە درووست کردنی ڕەوتی سەرەکی یان باوی سینەما لە هەریمی کوردستان هەنگاو هەڵبگرن.
سەرچاوە:
سینەما چییە؟ /ئاندێرە بازێن
توێژینەوەی فیلم، جۆن هیڵ و پامێلا چێرش گیبسۆن، زانکۆی ئۆکسفۆرد
سینەمای سێیەم، سینەمای چریکی /جەیمس ڕۆی مەکبەین، فێرناندۆ سۆلاناس، ئۆکتاڤیۆ گاتینۆ
Imagined Communities /Benedict Anderson