By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: سینەما و جەنگ؛ کاریگەریی شەڕی  کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لەسەر سینەمای ئێران
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > سینەما و جەنگ؛ کاریگەریی شەڕی  کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لەسەر سینەمای ئێران
وتار

سینەما و جەنگ؛ کاریگەریی شەڕی  کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لەسەر سینەمای ئێران

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/07/12 at 8:49 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
14 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

لە  دوای شەڕی  نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل و بە هەر سناریۆییەک ئەم شەڕە کۆتایی پێ بێت، سینەما ی ئێران ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەبێتەوە کە بە هۆی پێشهاتە سیاسی و ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان فۆرم و چوارچێوەی  نوێ  لەخۆدەگرێت. ئەم نووسینە بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆرییە سینەماییەکان و یادەوەریی گشتیی کۆمەڵگا لەکاتی شەڕ و لەدوای شەڕ، کاریگەرییەکانی لەسەر سینەمای ئێران لە ئەگەری چۆنیەتی تەواو بوونی شەڕ، دەکۆڵێتەوە. بۆ شیکردنەوەی ئەم دۆخە، بۆچوونی بیرمەندانێک وەک سوزان سۆنتاگ، پاوڵ ڤیریلیۆ، لویس ئاڵتۆسەر، جاک ڕانسیێر و فرێدریک جەیمیسۆن کەڵک وەرگیراوە.

شەڕ و سینەما دوو چەمکی هاوتەریبن بەڵام لە مێژووی هاوچەرخیشدا، یەکتربڕیشن. ئەزمونی سینەمای ئێران لە دوای شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق نیشان دەدات کە ململانێ نیزامییەکان دەتوانن ببنە هەوێنی گوتاری سینەمایی سەربەخۆ یان ئایدۆلۆژیک، یان ڕەخنەگرانە.هەروەها چۆن لە کاتی شەری کۆماری ئیسلامی و عێراق و دوای ئەوە سینەمایەک بە ناوی “بەرگری پیرۆز “، هاتە ئاراوە و تا ئێستایش کۆماری ئیسلامی هەر لەم چوارچێوە فیلم بەرهەم دەهێنێت. له شه ڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، ئه و پرسیاره دێته ئاراوه که شه ڕێکی له م جۆره چ کاریگەرییەکی له سەڕ سینه مای ئێران ده بێت؟ ئایا شایەتی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی “سینەمای مقاومەتی یان ئایدئۆلۆژیکی” حکومەتی دەبین کە سەرکەوتنی درۆێنی دەسەڵات بە وێنا بکات. یان کەشی پۆست ئایدیۆلۆژیک کە گێڕانەوەی ڕەخنەگرانەی یادەوەری شەڕ و شکستی تێدایە؟

سوزان سۆنتاگ لە کتێبێک بە ناوی “سەبارەت بە ئازاری ئەوانی تر”، نواندنەوەی ئازار و توندوتیژی لە میدیادا بە یەکێک لە ئاڵۆزترین چەمکە ئەخلاقی و جوانیناسییەکان دەزانێت. لە ڕوانگەی سۆنتاگ، وێنەی شەڕ دەتوانێت دوو ئەرکی دژ بەیەکی هەبێت: یان هاوسۆزی درووست دەکات یان بێهەستی. ئەگەر شەڕی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لە ئەنجامدا وێنەی بەربڵاوی توندوتیژی و وێرانکاری و ئاوارەیی لێبکەوێتەوە، سینەما چ وەک ئامرازێکی فەرمی حکومەت یان لەلایەن هونەرمەندانی سەربەخۆوە، ڕۆڵێکی گرنگی لە داڕشتنی یادەوەری گشتی کۆمەڵگا، دەبینێت.

 وێنە دەتوانێت مرۆڤ هەستیار بکات بەرامبەر بە ئازارەکانی کەسانی تر. کاتێک ئازاری کەسانی تر دەبینین، هەست بە نیگەرانی، دڵتەنگی، یان پاڵنەرێک دەکەن بۆ گرتنەبەری هەنگاو. لێرەدا وێنە وەک “بەڵگە” کاردەکات؛ واتە بەڵگە دژی لەبیرکردن و ئینکار کردنە.

بەڵام ئەگەر ئەم وێنانە بە بەردەوامی و بەبێ کۆنتێکستی گونجاو دووبارە بکرێنەوە، مەترسی ئەوە هەیە بینەر بێ هەست بێت. سۆنتاگ هۆشداری دەدات لەو مەترسییە، بەتایبەتی لە سەردەمی تەقینەوەی میدیاکان (بەتایبەت تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت). لەم جۆرە بارودۆخانەدا ئازاری ئەوانی تر دەبێتە جۆرێک لە “تەنها تەماشاکردن”.

به پێی ئه م بۆچوونه ، ئه گەر شەڕی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل ببێته دیمەنی وێرانکاری و خوێنڕشتن و ئاوارەبوون و مردن، نواندنەوەی ئەم کارەساتانە لە سینەما (هەم سینەمای فەرمی/حکومەتی و هەم سینەمای سەربەخۆ) ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە پێکهاتن و چەسپاندنی یادەوەری گشتی لە شەڕ.

پۆڵ ڤیریلیۆ لە کتێبی جەنگ و سینەما: شێوازەکانی ڕێکخستنی تێگەیشتن،(War and Cinema: The Logistics of Perception) باس لەوە دەکات کە شەڕ و سینەما لە سەردەمی مۆدێرن دووانەن. سینەما تەنیا نواندنەوەی شەڕ نییە، بەڵکو خۆی جۆرێکە لە شەڕی بینراوەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی تێڕوانینەکان و تێگەیشتنەکان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە،  کۆماری ئیسلامی ، هەوڵ دەدات سینەما وەک بەشێک لە ماشێنی جەنگ بەکاربهێنێت- وەک ئەوەی لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا و لە چوارچێوەی سینەمای ¨بەرگری پیرۆز¨، ڕوویدا.

پۆڵ ڤیریلیۆ  پێی وایە، لە سەردەمی مۆدێرندا شەڕ تەنیا شەڕێکی نیزامی و ئەمنییەتی نییە، بەڵکو شەڕی تێگەیشتن و میدیایە، بەتایبەتی سینەما، ئامرازی سەرەکی ئەم شەڕەیە.

هەروەها پێی وایە: وەک چۆن جەنگ پێویستی بە تانک و تۆپ و مووشەک هەیە،  پێویستی بە کۆنترۆڵکردنی وێنە و بینینیش هەیە؛ بە واتایەکی تر،لە هەموو شەڕێکدا  “مەیدانی بینین” یش گرینگە. سینەما، یان بە شێوەیەکی بەرفراوانتر، تەکنەلۆژیای بینراو، لە خزمەت ئەم بابەتەدایە.

هەروەک چۆن جەنگ پێویستی بە تانک و فڕۆکە هەیە، پێویستی بە کامێرا و ئیدئتۆری وێنە و ویدیۆ و مانیتۆر هەیە. کۆنتڕۆڵکردنی ئەوەی مرۆڤەکان دەیبینن و چۆن دەیبینن و چۆن لێکدانەوە دەکەن، خۆی جۆرێکە لە زاڵبوون و شەڕ.

حکومەتەکان میدیا و بەتایبەت سینەما و تەلەفزیۆن بەکاردەهێنن بۆ داڕشتنی “تێڕوانینی گشتی” بۆ شەڕ. نەک تەنها بۆ بەهێزکردنی مۆڕاڵی نەتەوەیی، بەڵکو بۆ شەرعیەتدان بە توندوتیژی و دوژمنایەتی و سەرکوت.

شەڕەکان لە مێژوودا لەلایەن سەرکەوتووەکانەوە دەنووسرێنەوە، بەڵام لە دونیای مۆدێرن ئەم “نووسینەوە” بە زمانی وێنە ئەنجام دەدرێت. سینەما دەتوانێت یادەوەری شەڕ لە ڕێگای مۆسیقا و مۆنتاژ و کاراکتەرسازی و هونەری گێڕانەوەی چیرۆک، لە قاڵب بدات.

بە سەرنجدان بە ئەزموونی شەڕی ئێران و عێراق، شاهیدی ئەوە بووین کە حکومەتی ئێران چۆن سینەمای بۆ  پڕوپاگەندە بەکارهێنا.

فیلمە جەنگییەکانی شەستەکان و حەفتاکان و تەنانەت ئەو فیلمانەی لە چەند ساڵی ڕابردوو بە دژی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی کۆمەڵەی بەرهەم هێناوە، نەک تەنها بۆ گێڕانەوەی شەڕ، بەڵکو بۆ بنیاتنانی ئەفسانەی شەهیدبوون و قوربانیدان و دوژمنایەتی، خەوشدارکردنی سیمای شۆڕشگێڕی گەلی کورد بەکارهێناوە.

 ئەم سینەمایە لە هەمان کاتدا ئامرازی کۆنترۆڵکردنی سۆزداری بوو؛ بە ئامانجی وروژاندنی دڵسۆزی و پیرۆزکردنی توندوتیژی ڕەوا و پشتگوێخستنی ئاڵۆزییە مرۆییەکان لە دڵی شەڕدا.

بە پشتبەستن بە تێڕوانینی ڤیریلیۆ، کۆنتڕۆڵی وێنە خۆی جۆرێکە لە شەڕ. شەڕی ئایندە تەنیا لە بەرەی نیزامی و ئەمنییەتی نییە، بەڵکو لە بەرەیەکی تریشدایە: شەڕی خاوەندارێتی چاو و زیهن و دەروون و  یادەوەری گشتی.

سینەما چ بەدەست دەسەڵاتەوە، بێت یان هونەرمەندانی سەربەخۆ- ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لەم شەڕەدا دەگێڕێت.

لویس ئاڵتۆسەر بە تیۆری “دەزگای  ئایدیۆلۆژی حکومەت  (ISA)”، دامەزراوەکانی وەک سینەما، پەروەردە و میدیا وەک ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی گوتاری باڵادەست دەبینێت. لە ئەگەری مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە دوای تەواو بوونی شەر، بە ئەگەرێکی زۆرەوە شایەتی بەهێزبوونی  سینەمایەکی ئایدیۆلۆژیک دەبین کە وەکوو جاران سەنتەری ئەم سینەما ” مقاومەت ” و ” شەهیدبوون ” و “دوژمنسازییە”. ئەم شەپۆلە هاوشێوەی ئەزموونی “سینەمای بەرگریی پیرۆز”ی ساڵانی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان دەبێت، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل و بەجیهانیکردنی گوتاری مقاومەت و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێی گێڕانەوە و پڕوپاگەندەیی دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە فرێدریک جەیمیسۆن لە کتێبی (نەستی سیاسی)دا دەڵێت، هەموو گێڕانەوەیەکی هونەری، تەنانەت بەرهەمە  بێلایەنەکانیش ، هەڵگری پەیامێکی سیاسین .  شکستی کۆماری ئیسلامی لەم شەڕەدا هۆکارێکە بۆ ئەوەی فەزای فەرهەنگ بکرێتەوە، ڕەنگە سینەماکارانی سەربەخۆ ڕوو لە  گێڕانەوەیەک بکەن کە کارەساتی شەڕ لە ڕوانگەی ئینسانی، ڕەخنەگرانە، یان تەنانەت دژە ئایدیۆلۆژییەوە بێت.

بە پێی ئەم تێروانینە، هەموو گێڕانەوەکان لە بنەڕەتدا نەستی سیاسییان هەیە.”

هەر گێرانەوەیەک هەرچەندە چیرۆکێکی خۆشەویستی، چیرۆکی بنەماڵەیی، یان چیرۆکێکی خەیاڵیش بێت، هێشتا هەڵگری ئایدۆلۆژیا، پێکهاتەیەکی دەسەڵات، یان ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی سەردەمی خۆیەتی.

هیچ گێڕانەوەیەک بە تەواوی “بێلایەن”  نییە؛ هەموو چیرۆکێک شوێنەواری گرژی چینایەتی، ململانێی ئایدیۆلۆژی، یان پێکهاتەی باڵادەستی لە ناخیدا هەیە.

هەر بۆیە شکستی کۆماری ئیسلامی و کرانەوەی کەشی فەرهەنگی، ڕەنگە هەلێک بخوڵقێنێت بۆ سینەماکارانی سەربەخۆ کە ڕوو لە گێڕانەوەیەک بکەن کە کارەساتی شەڕ لە ڕوانگەیەکی ئینسانی، ڕەخنەگرانە، یان تەنانەت دژە ئایدیۆلۆژییەوە لێکبداتەوە.

ڕێک لێرەدایە کە تیۆری جەیمیسۆن مانای هەیە:

لە هەلومەرجێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێراندا، زۆرجار نەستی سیاسیی گێڕانەوەکان بە ئایدۆلۆژیای فەرمی سەرکوت دەکرێت یان ئاراستە دەکرێت:

گێڕانەوەی فەرمی دەسەڵات مەیلیان بۆ نەهێشتنی ناڕوونی هەیە.

 پێکهاتەکانی دەسەڵات هەوڵ دەدەن یەک مانای یەکدەست بخوڵقێنن بۆ نموونە “بەرگری پیرۆز”.

 نەستی سیاسی یان بە توندی سەرکوت دەکرێت یان دەبێتە کەرەستەی پڕوپاگەندە.

بەڵام ئەگەر سیستەمی سیاسی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بگۆڕێت و فەزای کولتووری ئازادتر بێت، ئەوا هەمان نەستی سەرکوتکراو دەتوانێت بە شێوەیەکی دیکە سەرهەڵبدات.

چیتر سینەماکاری سەربەخۆ ناچار نییە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای فەرمیدا گێڕانەوە بکات.

دەتوانێ قووڵ بێتەوە نێو چینە شاراوەکانی کارەساتی شەڕ: ترس، گومان، خیانەت، پەشیمانی، ماندووبوونی دەروونی، یان خراپ بەکارهێنان و هەڵخڵەتاندنی سەربازان و خەڵک بۆ کێشانیان بۆ بەرەکانی جەنگ.

وە لە هەمووی گرنگتر: گێڕانەوەی دژە ئایدیۆلۆژی سەرهەڵدەدات، نەک تەنها شەڕ بەڵکو شێوازی نواندنەەەی ڕابردوو ئاڵۆگۆری جدی و بوێرانەتر بە خۆوە دەبینێت.

بۆ ئەوەی باشتر تێبگەین، سەیری ئەوە بکەن کە لە هەندێک کۆمەڵگای تردا چی ڕوویداوە:

سینەمای ئاڵمانی دوای نازی: دوای ڕووخانی هیتلەر، زۆرێک لە سینەماکاران دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن لە توندوتیژی و خۆ فریودانی بەکۆمەڵ و فاشیزم بە گۆشەنیگایەکی مرۆیی و فەلسەفیەوە.

سینەمای ڕووسیای دوای سۆڤیەت: فیلم گەلێک وەک “هەتاوی سووتاو” ،لە دەرهێنانی نیکیتا میخالکۆڤ بە گێڕانەوەی کارەساتبارانەی سەرکوتی کۆمۆنیستەکان( لە لایەن ستالین بۆ پتەوکردنی جێگە وپێگەی خۆی کوشتارێکی بەرفراوانی ڕێخست)، ئەو نەستە سیاسییانەی ئاشکرا کرد کە ساڵانێک بوو سانسۆر کرابوو.

لە کۆمەڵگایەکی وەک ئێراندا کە نزیک بە پێنج دەیە لەگەڵ سانسۆری ئایدیۆلۆژی و وێنەی شەڕ وەک “ڕووداوێکی پیرۆز” ڕووبەڕوو بووین، داڕمانی پێکهاتەیی یان چاکسازی دەتوانێت ببێتە هۆی ” تەقینەوەی گێڕانەوە سەرکوتکراوەکان”.

لەم هەلوومەرجەدا، سینەمای سەربەخۆ ، نەک تەنها لە ناوەڕۆکدا بەڵکو لە فۆرم و زمانیشدا گۆڕانی بەسەردا دێت.

واقیع گەراتر، بەڵگەمەندتر، پارچەپارچەتر دەبێت؛ چونکە واقیعیش پارچە پارچە بووە.

ئەم سینەما، پڕە لە گومان و ترس و تێڕوانینێکی مرۆڤدۆستانەتر، لەبەرانبەر ئەو سەربازانەی وازیان لەشەڕ هێناوە یان ڕزگاربووان و تەنانەت دوژمنەکانیش.

بە پشتن بەستن بەم تئوریانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد لە ئەگەری مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕووداوانە لە سینەمای ئێران پێش بینی ئەکرێت:

• پێکهێنانی شەپۆلێکی نوێی “سینەمای مقاومەت”، بە پاڵپشتییەکی بەرفراوانی دارایی و دامەزراوەیی دەسەڵات.

• نواندنەوەی سەرباز و فەرماندە وکوژراوانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل وەک پاڵەوانانی پیرۆز و یان بە واتایەکی دیکە قارەمان سازی.

• پەرەپێدانی هاوکاری سینەمایی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە وەکوو کۆماری ئیسلامی توتالیتەر و دیکتاتۆرن. یان لە ئەگەری درووست کردنەوە بەرەیەک وەکوو بەرەی مقاومەت لە لوبنان و فەلەستین و عێراق لەگەڵ ئەم بەرانە هاوکاری چڕوپڕتر بکەن.

• سنووردارکردنی زیاتری سینەمای سەربەخۆ و بەهێزکردنی سانسۆر، بە پاساوی ئەمنی- ئایدیۆلۆژی.

هەروەها لە ئەگەری نەمانی کۆماری ئیسلامیدا، ئەکرێ ئەم بارودۆخە بۆ سینەمای ئێران پێش بێنی بکرێت.

• سەرهەڵدانی شەپۆلێکی سینەمایی دوای کۆماری ئیسلامی، کە سەنتەری ئاشکراکردن جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و یادەوەری مێژوویی کۆمەڵگا  و گێڕانەوە بە پێی بنەما ئێنسانییەکانە.

• گەڕانەوەی فیلمسازانی سەربەخۆ لە تاراوگە کە لەماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ژیانی ئاوارەیی و تاراوگەیان هەڵبژاردبوو،و بەگشتی بەرهەمهێنانی فیلم لە چوارچێوەی سینەمای سەربەخۆ، چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە دەرەوە،  ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

• گونجاندنی سینەمای ئێران لەگەڵ مۆدێلەکانی دوای دەسەڵاتخوازی لە ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵاتی ئورووپا.

• فراوانبوون و پەرەسەندنی ژانرەکان: وەک ئاشکراکردنی تاوانکاری دەسەڵات بە شێوەی بەڵگەنامەیی، درامای مێژوویی، سینەمای دژە جەنگ.

نموونەی ئەو سینەما نەتەوەییانە کە دوای شەڕ یان گۆڕانکاری سیاسی بەرەو گێڕانەوەی جیاواز هەنگاویان ناوە:

• ئارژانتین دوای دیکتاتۆرییەت: فیلمی دیکۆمێنتاری و دراما سەبارەت بە بێسەروشوێنەکان و ئەشکەنجەدان، وەک (La historia oficial 1985).

• بۆسنی و هێرزەگۆڤین لە دوای جەنگ: فیلمەکانی وەکو(No Man’s Land (2001، کە تیشک دەخاتە سەر بێهودەیی شەڕ و قوربانیدانی مرۆڤ.

• سوریای هاوچەرخ: سینەمای ئاوارەکان لە دەربەدەری  وتاراوگەدا، تیشک دەخاتە سەر وێرانکاری و زەبر و زەنگ، وەک بەرهەمەکانی ئوسامە محەمەد یان فیراس فەیاز.

جاک ڕانسیێر لە کتێبی (سیاسەتی جوانیناسی)دا باس لەوە دەکات کە سینەما دەتوانێت بە تێکدانی ڕێکخستنی ئاشکرای دەسەڵات بۆ پەروپاگەندە، خۆراگری لە لە فۆرم و چوارچێوەیەکی نوێدا پێناسە بکاتەوە.

لە قۆناخی پۆست ئایدیۆلۆژیدا سینەما دەبێتە مەیدانێک بۆ دروستکردنی دیدگای نوێ.

هەروەها ئیدیت واکەر جەخت لەسەر ڕۆڵی هونەر و سینەما دەکاتەوە لە ساڕێژکردنی برینە هاوبەشەکانی کۆمەڵگا، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگایانەدا کە دوای توندوتیژی و سەرکوتکردن، پێویستیان بە بنیاتنانەوەی دەروونی و ناسنامە و شۆناسی هەیە.هەر بۆیە سینەمای سەربەخۆ و ئازاد لە دوای کۆماری ئیسلامی ئەتوانێت ئەم ئەرکە لە کۆمەڵگا لە ئەستۆ بگرێت و هەوڵبدات بۆ ڕێکخستنەوە و بونیاتنانەوەی دۆخی دەروونی و شۆناس.

لە کۆتاییدا پەیوەندی شەڕ و سینەما تەنیا کارکردی دەرئەنجامی شەڕ نییە، بەڵکو کارکردی ئەو گوتارانەیشە کە لە دەوری شەڕ دروست دەبن. سینەمای ئێران، لە دوای شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل، یەکێک لەم دوو ڕێگای سەرەکی دەگرێتە بەر: یان دەبێتەوە بە ئامرازێکی ئایدیۆلۆژی بۆ چەسپاندنی دەسەڵات، یان دەبێتە سەکۆیەک بۆ تێڕامان  و ڕزگاری. پێویستە ئاماژە بدەین کە، ئەوەی ئەم ڕێبازە دیاری دەکات،تەنیا دەرئەنجامی نیزامی و ئەمنییەتی شەڕەکە نییە، بەڵکو ئایندەی سیاسی و فەرهەنگی ئێرانە.حکومەتی داهاتوو یان نیزامی سیاسیی لە ئێرانی داهاتوو، ئەتوانێت گۆرانکاری درووست بکات. هەر چۆن کۆماری ئیسلامی لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی، گۆڕانکاری جیدی لە ناوەڕۆک و فۆرمی فیلم بە نیسبەت سینەما لە حکومەتی پاشایەتی درووست کرد.

TAGGED: ئیدریس عەبدی, سینەما و جەنگ, سینەما و جەنگ؛ کاریگەریی شەڕی  کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لەسەر سینەمای ئێران, کۆمەڵە
KomalaMedia 2025/07/12
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر ڕۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ئێران دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران
بابەتی دواتر شەڕ لە ژێر سێبەری ژیری دەستکرد!

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?