By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: کردنەوەی قووتابخانەکان و پرسی پەروەردە بە زمانی دایکی
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > کردنەوەی قووتابخانەکان و پرسی پەروەردە بە زمانی دایکی
وتار

کردنەوەی قووتابخانەکان و پرسی پەروەردە بە زمانی دایکی

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/10/01 at 7:53 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
9 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

پشووی هاوینە کۆتایی هات و ساڵێکی نوێی خوێندن دەستی پێکردەوە. کردنەوەی قووتابخانەکان لە هەموو جیهان جۆش و خرۆشێکی تایبەت بە جیهانی منداڵان بەرهەم دەهێنێت و بەڵام ئەم پرسە بۆ مناڵی کورد ڕەنگ و بۆنێکی تەواو جیاوازی هەیە. مناڵی کورد لە یەکەم کاتژمێرەکانی دەستپێکردنی وانەکانی خوێندن ناچار دەکرێ بە زمانێکی جیاواز لە زمانی دایکی و زمانی قسەکردنی بنەماڵە و کۆمەڵگا دەست بە خوێندن بکات و ئەم ئیجبارە ڕەنگە یەکەم ئەزموونی تاڵی منداڵانی کورد لە ستەم و هەڵاواردن بێت. گرنگی زمانی دایک لە پەروەردەدا زۆر قووڵ و بنەڕەتییە، لەبەرئەوەی کە زمانی دایک  ئامرازی سەرەکی لە میکانیزمی بیرکردنەوە، ئامرازی گواستنەوەی کولتوور، شوناسی کۆمەڵایەتی و یەکەم ئامرازی پەیوەندیکردنی نێوان مرۆڤەکانە. خوێندن و پەروەردە بە زمانێکی تر جگە لە زمانی دایکی بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای خوێندندا یەکەم ئەزموونی مناڵ لە هەڵاواردنە و ئەم بابەتە دەتوانێت گرفتێکی جددی بۆ منداڵان درووست بکات و ئەوان لە ئەزموونێکی پەروەردەیی تەندرووست و کاریگەر بێبەش بکات. پەروەردە بە زمانی دایکی بناغەی گەشەکردنی مەعریفی و کولتووری مرۆڤەکانە و فێربوون ئاسانتر دەکات و منداڵ زووتر فێری زانستەکان و چەمکەکان دەکات. ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن و کەمبوونەوەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و باشتربوونی توانای خوێندنەوە و نووسین. بۆ نموونە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە فێربوون بە زمانی دایکی بناغەیەکی بەهێز بۆ فێربوونی زمانی دووهەمە و تواناکانی فێربوونی زمانی نوێ بەهێزتر دەکات. خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایک نەک تەنیا پێویستییەکی زانستی و پەروەردەیی، بەڵکوو مافێکی بنەڕەتی مرۆڤیشە کە بەشێوەیەکی فەرمی لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان و لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا ئاماژەی پێکراوە. بێبەشکردنی منداڵانی کورد، تورک، عەرەب، بەلوچی و نەتەوەکانی تر لە ئێران لە خوێندن بە زمانی دایکی جۆرێکە لە هەڵاواردنی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

تەندروستی دەروونی و کۆمەڵایەتی : 

زمانی دایک ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەکردنی منداڵ. یونسکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە زمانی دایک ئامرازێکی گرنگ بۆ باشترکردنی فێربوونی منداڵان و گەشەکردنی کۆمەڵایەتیی ئەوانە. چەندین لێکۆڵینەوە دەریانخستووە کە وانەوتنەوە بە زمانی دایک نەک هەر ئاستی خوێندن باشتر دەکات، بەڵکوو کاریگەرییەکی قووڵیش لەسەر تەندروستی دەروونی و متمانە بەخۆبوون و دروستبوونی شوناسی تاک دادەنێت. بەپێچەوانەوە پشتگوێخستنی زمانی دایکی لە سیستمی پەروەردەدا دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنیی بەربڵاوی هەبێت، لەوانە دەکرێ ئاماژە بە کزبوون و هاتنەخوارەوەی ئاستی فێربوون و گەشەکردن، دڵەڕاوکێ، هەستکردن بە نامۆیی و تەنانەت قەیرانی شوناس لە منداڵاندا بکرێت. پەروەردە بە زمانی دایکی، متمانە بەخۆبوونی منداڵان زیاد دەکات و کاتێک منداڵ لەژینگەیەکی سەر بە زمان و کلتووری خۆی پەروەردە دەبێت، زیاتر هەست بە ئاسایش و ئۆقرەیی دەکات. پەروەردە بە زمانی غەیرە دایکی فشار لەسەر منداڵان درووست دەکات و ئامارەکانی ناوخۆی ئێرانیش ئەم ڕاستییە نیشان دەدەن. ئەم ئەزموونە نەرێنییە دەتوانێت بێهیوایی بۆ منداڵان بەرهەم بێنێت و لە کۆتاییدا وازهێنان لە خوێندنی لێدەکەوێتەوە. ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەریدەخەن کە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، خوراسانی ڕەزەوی، خوزستان، و پارێزگای ورمێ زۆرترین ڕێژەی وازهێنانیان لە خوێندنی هەیە. ئەم ئامارانە تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵی ڕاستەوخۆی زمانی دایک لە خوێندنی بەردەوامی منداڵان. لەبەرامبەردا لەو سیستمانەی کە پاڵپشتیی لە پەروەردەی فرە زمانی دەکات، منداڵان هەست دەکەن کە ناسنامە و کولتوورەکەیان بەهادارە و ئەمەش بەشداریکردن و پابەندبوونیان بە پەروەردەوە زیاد دەکات. ئەم هەستکردنە بە سەربەخۆیی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و باشترکردنی دەرئەنجامەکانی خوێندن. 

شوناس و کلتوور:

زمانی دایک تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکوو هەڵگری کولتوور، یادەوەریی مێژوویی و شێوازی ژیانی نەتەوەیەکە. بێبەشکردنی مرۆڤ لە خوێندن بە زمانی دایکی جۆرێکە لە پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ ناسنامەی کولتووری و مێژوویی.

زمانی دایک توخمێکی سەرەکی لە پێکهێنانی ناسنامەی کولتووری و کەسێتی منداڵانە و لە ڕێگەی زمانی دایکییەوەیە کە منداڵان ئاشنا دەبن بە بەها و نەریت و مێژووی نەتەوە و کۆمەڵگاکەیان. فێرکردن بە زمانی دایکی ئەم پەیوەندییە کولتوورییە بەهێز دەکات و یارمەتی منداڵان دەدات هەستێکی بەهێزتری سەربەخۆیی و ناسنامەییان هەبێت. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە لابردنی زمانی دایکی لە ژینگەی پەروەردەیی دەتوانێت ببێتە بەربەستێک لەبەردەم پێکهاتنی شوناسی منداڵان. توێژینەوەیەکی دکتۆرا لە زانکۆی لێستەری بریتانیا دەریخستووە کە لابردنی شێوەزاری زاراوەی قوبرسی لە سیستەمی پەروەردەی وڵاتی قبرس کاریگەری نەرێنیی لەسەر شێوازی تێگەیشتنی خوێندکاران بۆ خۆیان و مێژووە نەتەوەییەکەیان هەبووە. زۆربەی بەشداربووانی توێژینەوەکە زمانی دایکی خۆیان وەک شتێکی تایبەت دەبینی کە نوێنەرایەتی شوناس و ناسنامەی خۆیان دەکات. بۆیە فێرکردن بە زمانی دایکی ڕێگە بە منداڵان دەدات پەیوەندی بە میراتی کولتووری خۆیانەوە بکەن و لە هەمان کاتدا تێگەیشتنێکی قووڵتر لە فرەچەشنی کولتووری جیهانی دەوروبەریان بەدەست بهێنن. زمانی دایک هەڵگری کولتوور ، مێژوو و بەهاکانی کۆمەڵگایە و پەروەردە بە زمانی دایکی یارمەتیدەرە بۆ پاراستن و گواستنەوەی کولتوور، شوناسی بەکۆمەڵ و هاوکات ڕێگری دەکات لە فەوتان و لەدەستدانی  زمان و کولتوور. 

هەڵاواردن و دادپەروەری :

پەروەردە بە زمانی دایک کەمینەکان تێکەڵ بە کۆمەڵگا دەکات بەبێ ئەوەی کولتوورەکەیان سەرکووت بکرێت، ئەمەش بە تایبەتی بۆ منداڵانی کەمینە نەتەوەییەکان گرنگە، چونکە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی بۆشاییە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی دەرفەتی یەکسان. ئەو کەسانەی زمانی دایکی خۆیان بە باشی دەزانن، توانای فێربوونی زمانی دیکەیان باشترە، داهێنەرترن و لە کۆمەڵگەیەکی فرە کولتووریدا سەرکەوتووتر کاردەکەن. ڕێکخراوەکانی وەک یونسکۆ جەخت لەوە دەکەنەوە کە پەروەردە لەسەر بنەمای زمانی دایک کلیلی کوالیتی لە خوێندنە و ئەمەش بناغەیەکی گەشەسەندنی کەسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە و هەربۆیە بێبەشکردنی منداڵان لە خوێندن بە زمانی دایکی جۆرێک لە ئاپارتاید و جیاکاریی کولتوورییە. دابەزینی کوالیتی خوێندن و زیادبوونی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن کاریگەریی لە گەشەنەکردنی ڕێژەیی ناوچە کوردستانییەکان بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێرانی داناوە. دابەزینی کوالیتی خوێندن بە هۆی نەبوونی پەروەردە بە زمانی دایک، منداڵان لە داهاتوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەکاتەوە لە دۆزینەوەی هەلی کار و بەشداریکردن لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمەکەیان. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی و وەک سەرچاوەیەکی گەورە بۆ هەڵاواردن ڕۆڵ دەگێڕێت. لەم سۆنگەوە خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکی یەکێک لە میکانیزمەکانی دادپەروەری و عەداڵەت لەو ناوچانەیە. 

پەروەردە بە زمانی دایک لە یاسا نیۆدەوڵەتییەکان

بە پێی بەڵگەنامانەکانی یاسا نیۆدەوڵەتییەکان پەروەردە بە زمانی دایکی مافێکی ئینسانی و کولتوورییە و حکومەتەکان پابەندن بە دابینکردنی هەلومەرجی بەدیهێنانی ئەو مافە. بەپێی ئەم یاسایانە بێبەشکردنی منداڵان لە پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایکی بە هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت. یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتگیری لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ کەمینەکان دەکەن و ئەم مافانە لە بەڵگەنامە جۆراوجۆرەکانی وەک جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، ڕێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یونسکۆدا جێگیرکراون. 

مادەی ٢٦ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ مافی پەروەردە بۆ هەمووان بەڕەسمی دەناسێنێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە پەروەردە لە ئاراستەی گەشەسەندنی تەواوی کەسایەتی مرۆڤ بێت. هەرەوەها لە بەندی دووهەمی هەمان جاڕنامەدا باس لەوەدەکات کە هەموو مرۆڤەکان ماف و ئیمتیازاتی یەکسانیان هەیە و نابێ زمان وەک بنەمایەک بۆ جیاکاری دەور بگێڕێت. مادەی ٣٠ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ باس لەوەدەکات کە منداڵانی سەر بە کەمینە نەتەوەیی و زمانەوانییەکان مافی خۆیانە زمان و کولتووری خۆیان بپارێزن و بەکاری بهێنن. مادەی ٢٧ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە  نابێ کەمینە زمانەوانییەکان لە مافی بەکارهێنانی زمانی خۆیان بێبەش بن. هەروەها جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی کەسانی سەر بە کەمینە نەتەوەیی و ئایینی و زمانەوانییەکان لە ساڵی ١٩٩٢ دەوڵەتان پابەند دەکات بە دابینکردنی مەرجی پێویست بۆ خوێندن بە زمانی دایکی.

بەشێوەی فەرمی دەبێ حکوومەتەکان پابەند بە جێبەجێکردنی بەشێک لەم یاسایانە بن و بەڵام لە کردەوەدا ئەوە ڕوونادات. بۆ نموونە کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کات پابەند بەم یاسایانە نەبووە و بەردەوام وەک پێشێلکارێکی مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمیینەکان مامەڵەی لەگەڵ یاسا نیۆدەوڵەتییەکان کردووە.  

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەڵات, ئاسۆی ڕۆژهەڵات ژمارە ١٩٩, شیلان ئەحمەدزادە, کردنەوەی قووتابخانەکان و پرسی پەروەردە بە زمانی دایکی, کۆمەڵە
KomalaMedia 2025/10/01
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر وتووێژ لەگەڵ “د.سەلاح بایزیدی” نوێنەری کۆمەڵە لە واشنگتۆن
بابەتی دواتر بەشداریی شاندی کۆمەڵە لە کۆنفڕانسی ساڵانەی پاڕتی کرێکارانی بریتانیا

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?