By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: لە پرسی ژینگەوە بۆ ئێکۆپۆلیتیکی سیاسی
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > لە پرسی ژینگەوە بۆ ئێکۆپۆلیتیکی سیاسی
وتار

لە پرسی ژینگەوە بۆ ئێکۆپۆلیتیکی سیاسی

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/08/25 at 10:00 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
12 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

کاتێک باس لە سروشت دەکەین، زۆر کەس بیر لە سەرچاوە سروشتییەکان، ئیکۆسیستمەکان، یان دیمەنی سروشتی دەکەنەوە. بەڵام لەو کۆمەڵگایانەی کە پەیوەندییەکی قووڵ و درێژخایەنیان بە ژینگەکەیانەوە هەیە، سروشت تەنیا فەزایەکی فیزیکی یان سەرچاوەیەکی ئابووری نییە بەڵکوو بەشێکە لە یادەوەرییەکی بەکۆمەڵ. ئەم یادەوەرییە، کۆمەڵە ئەزموون و هێما و چیرۆک و ڕێوڕەسمێکە کە بە درێژایی نەوەکان لە پەیوەندی لەگەڵ چیا و دارستان و ڕووبار و دەشتەکان پێکهاتوون و لە نائاگایی بەکۆمەڵدا بوونەتە دیارەیەکی هەتایی. لە کوردستاندا ئەم پەیوەندییە ئەوەندە قووڵە کە مرۆڤ دەتوانێ بڵێت سروشت و کولتوور پێکەوە گەشەیان کردووە. لەم چوارچێوەیەدا لەناوچوون یان گۆڕانی بنەڕەتی سروشت تەنیا هەڕەشەیەکی ژینگەیی نییە، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر ناسنامەی بەکۆمەڵ. بۆ تێگەیشتن لە “سروشت وەک یادەوەری”، پێویستە لەوە تێبگەین کە یادەوەری بەکۆمەڵ لێرەدا مانای چییە. یادەوەری بەکۆمەڵ، وەک مۆریس هالباکس دەڵێت، بەرهەمی هاوبەشی کۆمەڵگایە؛ کۆمەڵێک یادەوەری و گێڕانەوە کە ناسنامەی گروپێک لە قاڵب دەدەن. ئەم یادەوەرییە لە بۆشاییدا نییە، بەڵکو لە شوێن و جێی خۆیدایە. لە کوردستان زەنجیرەچیای زاگرۆس تەنیا شوێنێکی جوگرافی نەبووە، بەڵکو “دیمەن”ی ڕووداوە مێژووییەکان و بەرخۆدان و کۆچ و ژیانی ڕۆژانە بووە. ناوی زۆرێک لە لوتکە و دەشت و ڕووبارەکان لە ئەدەبیاتی زارەکی و گۆرانی و پەندەکاندا دەرکەوتووە و بوونەتە هێما و ناسنامەی بەکۆمەڵ. ئەم ناوانە چیرۆکی خۆڕاگری و کۆچ و خەبات و تەنانەت ماتەمینیش وەبیر دێننەوە. بۆ نموونە ناوی ئەو ناوچانەی کە سەردەمانێک شوێنی شەڕ یان پەناگە بوون، تا ئێستاش بۆ مرۆڤەکان مانایەکیان هەیە کە لە شوێن تێدەپەڕێت و هەڵگری قورسایی سۆزداری و مێژوویین و بە جۆرێک وەک ئەرشیفی زیندوو دادەنرێت. مۆسیقای کوردی، بەتایبەتی مەقام و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان پڕن لە مێتافۆری شاخ و ڕووبار و باڵندە. ئەم توخمانە، لە دەرەوەی جوانیناسی، هەڵگری پەیامی سۆزداری و کۆمەڵایەتین. گۆرانییەک کە شاخ بە پەناگەیەک بۆ خۆشەویست یان هێمای ئازادی ناودەبات، لە ڕاستیدا یادەوەری بەکۆمەڵی ئەو خەڵکانە دروست دەکاتەوە کە لە هەڕەشەکانەوە پەنا بۆ سروشت دەبەن. لە مێژووی کوردستاندا سروشت ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بەرخۆداندا بینیوە. شاخەکان هەمیشە پەناگەیەک بوون بۆ هێزە یاخیبووەکان، جەنگاوەران یان ئەو پێکهاتانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتە ناوەندییەکان ڕزگاریان بووە. ئەم ئەزموونە مێژووییە سرووشتی کردۆتە بەشێک لە یادەوەریی سیاسی بەکۆمەڵ. سەرەڕای ئەو هەڕەشانەی سەر ژینگە، گەلی کوردستان چەندین جار نیشانیان داوە کە ئەم یادەوەرییە سروشتییانە نەک هەر دەبێ بپارێزرێن، بەڵکوو پێویستە بەرهەم بهێنرێنەوە. ئەو کارە خۆبەخشانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستانەکان، تەنانەت بە تێچووی ژیانیش، نموونەیەکی ڕوونن. لەم ساتانەدا ئەم مرۆڤە فیداکارانە تەنیا سروشت ناپارێزن بەڵکوو ئەوان یادەوەریی بەکۆمەڵ لە لەناوچوون ڕزگار دەکەن و ڕێگەیەکن دەبیننەوە بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندی نێوان مرۆڤی کورد و سروشت. ئەم پەیوەندییە دەماری یادەوەریی و سیمبولە نەتەوەییەکانە. لەگەڵ هەر کردەوەیەکی پاراستن، یادەوەری بەکۆمەڵ بەهێزتر دەبێت. لێرەدایە کە سروشت وەک یادەوەری دەگوازرێتەوە بۆ “سروشت وەک ناسنامە”. مرۆڤەکان بۆ پاراستنی سروشت هەڵدەستن نەک تەنها لەبەر خەمی ژینگە، بەڵکوو بۆ بەرگریکردن لە ناسنامەی خۆیان. هەر لەبەر ئەمەشە کە بزووتنەوە ژینگەپارێزییەکان لە کوردستاندا زۆرجار ڕەهەندێکی سیاسی و کولتووری وەردەگرن. بۆ کۆمەڵگایەک کە شاخ و دارستانەکان بەشێکن لە چیرۆکی “بوون”ی، بەرگریکردن لە سروشت واتە بەرگریکردن لە مافی گێڕانەوە و مافی مانەوە. بەم پێیە، سروشت لە کوردستاندا ئەرشیفێکی زیندووە، هەموو ڕووبار و لوتکەیەک بە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و سۆزداری دادەنرێت. ئەگەر ئەم ئەرشیفە لەناو بچێت، بەشێک لە ناسنامەی بەکۆمەڵیش دەسڕدرێتەوە. ئەم تێگەیشتنە وا لە خەڵک دەکات کە لەناوبردنی ژینگە نەک وەک کارەساتێکی ساکار، بەڵکوو وەک بەشێک لە پرۆسەیەک ببینێ کە هەوڵی بەتاڵکردنەوەی یادەوەری و ناسنامەی دەدات. بۆیە پاراستنی سروشت لە چوارچێوەیەکی وادا پێویستییەکی تەنیا ژینگەیی نییە، ئەرکێکی کولتووری و مێژوویی و تەنانەت سیاسیشە. سروشت، وەک یادەوەرییەکی بەکۆمەڵ، ئەوەندەی زمان و مۆسیقا و ڕێوڕەسمەکان پێویستی بە بەرگریکردنە. هەموو کردەیەکی پاراستن بەشێک لە مێژوو و ناسنامە بۆ نەوەکانی داهاتوو بە زیندووی دەهێڵێتەوە.

لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا، بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا، سەرچاوە سروشتییەکان لە دەرەوەی ئەرکی ئابووری خۆیان بوونەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسی، واتە حکومەتەکان توانیویانە کاریگەرییان لەسەر ڕەفتار و بژێوی ژیان و تەنانەت ناسنامەی پێکهاتە ناوخۆییەکانیش داسەپێنن، ئەویش لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ئەم سەرچاوانە بە مەبەستی دیاریکراوی خۆیان. ئەم ڕاستییە بە تایبەتی لە کوردستاندا بەڕوونی بەدی دەکرێ. چونکە کێو و دارستان و لەوەڕگە و زەوییە کشتوکاڵییەکان نەک هەر سەرچاوەی بژێوی ژیانن بەڵکو بەشێکن لە ناسنامەی خەڵک و هەر دەستوەردانێک بە شێوەیەکی کردەیی بە واتای دەستوەردانە لە ژیان و کولتووری ئەو کۆمەڵگەدا. جگە لەوەش، سەپاندنی سنووردارکردنی توند بەسەر ئەم سەرچاو سروشتیانە و لە هەمان کاتدا پێدانی ئیمتیازاتی وەبەرهێنان بەو کۆمپانیانە کە سەر بە ناوەندەکانی دەسەڵاتن یان لێیانەوە نزیکن، کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆ بەسەر بەکارهێنانی سەرچاوەکاندا دەسەپێنێت، بە شێوەیەک کە خەڵک لە مافی مێژوویی خۆیان بۆ زەوی و ژینگە بێبەش دەکات. تەنانەت بێبایەخکردنی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاو لە دارستانەکانی زاگرۆس و نەدانی بە ئەنقەستی ئیمکاناتی ئاگرکوژێنەوە کە چەندین جار بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی کۆمەێک مرۆڤی خۆبەخش، لەلایەن جەماوەرەوە وەک جۆرێک لە فشاری ناڕاستەوخۆ بۆ لاوازکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ناچارکردنی خەڵک بۆ گۆڕینی شێوازی ژیان یان تەنانەت کۆچکردنی ناچاری سەیر دەکرێت. کوردستان بەهۆی مێژووی دوور و درێژی خۆڕاگری لە بەرامبەر سیاسەتە ناوەندییەکان، بەردەوام شاهیدی پەیوەندییەکی قووڵی نێوان پرسی ژینگەیی و شوناسی نەتەوەیی و داواکاریی یەکسانیی ئابووری و بە گشتی ئەمری سیاسی بووە. کارەساتەکانی وەک ئاگرکەوتنەوەی چیای ئاویەری سنە کە گیان لەدەسدانی سێ چالاکی ژینگەپارێزی لێکەوتەوە، نەک هەر قەیرانێکی سروشتی بەڵکوو ڕووداوێکی ئیکۆپۆلیتیکیش بوو کە تیشکی خستە سەر ڕەوتێکی سەرەکی کە بریتییە لە بەهێزبوونی ناسنامەی خۆڕاگری و هاوپشتی نەتەوەیی. وەک کاردانەوەیەک، خەڵکی ناوچەکە ئەو ڕووداوەیان وەک نیشانەی پشتگوێخستنی بە ئەنقەستی حکومەت بۆ ناوچە کوردنشینەکان زانی. وتنەوەی دروشمە نەتەوەیی و سیاسییەکان کە ئەو سێ لاوە فیداکارانەیان وەک شەهیدانی ژینگە و قارەمانانی کوردستان ناوزەد دەکرد، ئاماژەیان بەوە دەکرد کە پاراستنی سروشت بۆتە بەشێک لە خەبات بۆ پاراستنی شوناس و کەرامەتی نەتەوەیەک. ئەم ناسنامەی بەرخۆدانە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژوویەکی دوور و درێژی هەڵاواردندا هەیە. سیاسەتە ناوەندگەراییەکان کە سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستانیان پشتگوێ خستووە یان لەناویان بردووە، لەوانەش نەبوونی وەبەرهێنان لە ژێرخانی پاراستندا، هەست کردن بە بێبەش کردنی بەئەنقەستیان زیاتر کردووە. لە ئەنجامدا هەموو کارەساتێکی ژینگەیی دەبێتە دەرفەتێک بۆ دووبارە بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی ئەم شوناسە کە ئیلهامبەخشە بۆ خەڵک بۆ ئەوەی زیاتر سوور بن لەسەر بەرهەڵستبوون و خۆڕاگری زیاتر. کارەساتی ژینگەیی وەک ئاگرکەوتنەوەی ئاویەر، هەستی هاوپشتی نەتەوەیی لە نێو کورددا زۆر بەهێزتر کرد. پرسەی ئەم سێ چالاکوانە بە ئامادەبوونی هەزاران کەس و بە دروشمی سیاسی، یەکگرتوویی گەل لە دژی جیاکاری و هەڵاواردن نیشان دەدا. ئەم هاوپشتییە کە لەسەر بنەمای ئەزموونی هاوبەشی نادادپەروەری پێکهاتووە، بۆتە هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەهێز و کاریگەر. دوابەدوای ئەم کارەساتە، لە شارەکانی کوردستان پرسە و ماتەمینی بۆ دانرا. ئەمەش پۆتانسێلی هاوپشتی نەتەوەیی و دروستکردنی بزووتنەوەیەکی گشتگیر نیشان دەدات. ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکانی ژینگەپارێز، کە لە غیابی پشتیوانی دەوڵەتدا ڕۆڵی پارێزەری سروشتیان گرتۆتە ئەستۆ، بوونەتە میحوەری ئەم هاودەنگییە و دەتوانن لە داهاتوودا ببنە هۆی کۆکردنەوەی هێز و وزەی کۆمەڵایەتی فراوانتر. ئەم یەکگرتووییە بۆ بەهێزکردنی تۆڕە مەدەنییەکانیش یارمەتیدەر بووە. گروپە ژینگەپارێزە خۆبەخشەکان کە زۆرجار بە کەمترین سەرچاوە کاردەکەن، بوونەتە هێمای بەرخۆدانی مەدەنی. ئەم گرووپانە نەک تەنها بۆ پاراستنی سروشت بەڵکوو بۆ پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیش لە بەرامبەر فشاری دەسەڵاتدا یارمەتیدەرن. حکوومەتی ئێران، بە تایبەت لە ناوچەی کوردستاندا، لە دیدگایەکی ئەمنیەتییەوە چاو لە چالاکیی ژینگەیی دەکات. چالاکوانانی ژینگە کە زۆرجار بە شێوەیەکی ئاشتیانە کار بۆ پاراستنی سروشت دەکەن، ڕووبەڕووی تۆمەتی جددی وەک سیخوڕی، جیاخوازی، یان هەڵسوکەوتکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی دەبنەوە. ئەم ڕێبازە کە بە ئەمنییەتیکردن ناسراوە، فەزای چالاکیی مەدەنی بەرتەسک کردۆتەوە.

لە کوردستاندا ئەم سیاسەتە توندوتۆڵتر لە شوێنەکانی دیکە جێبەجێ دەکرێ، بەو پاساوەی کە حکومەت چالاکیی مەدەنی بە هەوڵی جوداخوازییەوە دەبەستێتەوە. ئەم سەرکوتکردنانە نەک هەر ئاستەنگ بۆ چالاکوانان دروست دەکات، بەڵکوو سووتەمەنی بۆ بێ متمانەیی خەڵک بەرانبەر دامودەزگاکانی حکومەت دابین دەکات. سەرکوتکردنی چالاکانی ژینگەپارێزی، لە چوارچێوەی بێ متمانەییدا، گرژییە کۆمەڵایەتییەکانی زیاتر کردووە. لە کارەساتی ئاویەردا، نەبوونی ئامێری پێویست بۆ ئاگرکوژاندنەوە و دواکەوتنی دابینکردنی پێداویستییەکانی فریاگوزاری، توڕەیی گشتیی لێکەوتەوە. خەڵک ئەمەیان وەک نیشانەی پشتگوێخستنی بە ئەنقەستی حکومەت بۆ ناوچە کوردییەکان دەزانن. ناڕەزایەتییەکانی دوای ئەوە بە دروشمی سیاسی، نیشانی دا کە پرسەکانی ژینگەیی دەتوانن بە خێرایی تێکەڵ بە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە قووڵەکان ببنەوە. ئەگەر سەرکوتکردن بەردەوام بێت، دەکرێت ئەم ناڕەزایەتییە ئاشتییانە بگۆڕدێت بۆ کاردانەوەی بەربڵاوتریش. ئەو کەسانەش کە شایەتحاڵی گیان بەختکردنی مرۆڤە خۆبەخشەکانن و لەناوچوونی سروشت وڵاتەکەیان دەبینن، باوەڕیان بەوە دەبێ کە سەرجەم ڕێگا یاسایی و مەدەنییەکان بۆ جەختکردنەوە لەسەر مافەکانیان بێهودەن. لە لایەکی ترەوە سەرکوتی چالاکوانان و پەرەسەندنی بازنەی توندوتیژی، کەلێنی نێوان خەڵکی کوردستان و حکومەت قوڵتر دەکاتەوە. ئەم بێ متمانەییە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەچی زیاتری شەرعیەتی حکومەت و زیادبوونی ئەگەری سەرهەڵدانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان. ئیکۆپۆلیتیک بەبێ کردەی کۆمەڵایەتی ناتەواوە. ئەم بزووتنەوانە نەک هەر باری نائاسایی ژینگەیی دەگۆڕن بۆ بابەتی سیاسی، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکەکانی دەسەڵات و گەشەپێدان و دادپەروەری لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەییدا. داهاتووی سیاسەتی ژینگەیی، بەبێ بەشداریی جەماوەری و کردەوەی بەکۆمەڵ بەردەوام نابێ. کارەساتی ئاویەر و گیانلەدەستدانی حەمید مورادی، چیاکۆ یوسف نژاد و خەبات ئەمینی، بانگەوازی بەئاگاهێنانەوەیە بۆ دۆخی مەترسیداری ژینگەیی کوردستان و ئێران. ناکارامەیی دامودەزگاکانی حکوومەت، گوماناوی بوونی ئاگرکەوتنەوەکان و گوشار بۆ سەر چالاکانی خۆبەخش، ئاماژەن بۆ قەیرانێکی سیستماتیک. چالاکانی ژینگەپارێز بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک کوردستان زۆرجار بەبێ دەست پێڕاگەیشتن بە کەرەستە سەرەتاییەکانی وەک ئاگرکوژێنەوە، دەمامکی هەناسەدان، بەرەنگاری ئاگر دەبنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە حکومییەکان سەرەڕای ئەو بودجە زۆرەی کە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان وەریدەگرن، نەیانتوانیوە ژێرخانی پێویست دابین بکەن. ئەم هەلومەرجە نادادپەروەرانە چالاکوانانی خستووەتە دۆخێکەوە کە دەبێت بە ژیانی خۆیان قەرەبووی بۆشاییە سیستماتیکەکان و مەبەستە سیاسیەکانی دەسەڵات بکەنەوە و ئەمەش واقیعێکی قبوڵنەکراو و تاڵە. سێ تێکۆشەر کە بە فیداکردنی گیانی ئازیزی خۆیان هێمای خۆشەویستی بۆ خاک بوون، نابێت ببنە قوربانی کەمتەرخەمیی سیستماتیک. دیارە پێویستە دامەزراوە بەرپرسیارەکان لە ڕێگەی شەفافیەت و چاکسازیی پێکهاتەیی و دابینکردنی ئامێرەکانەوە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانە بکەن، بابەتێک کە لە بازنەی بیر و بەرنامەی بەرپرسان و حکومڕانانی ئێراندا بوونی نیە. کارەساتی ئاویەر دەریخست کە پرسی ژینگەیی لە کوردستان تەنیا لە بابەتی سروشتدا سنووردار نابێ، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە شوناس و سیاسەتەوە. بەهێزکردنی ناسنامەی خۆڕاگری و هاوپشتی نەتەوەیی، شانبەشانی سەرکوتکردنی چالاکوانان و پەرەسەندنی بازنەی توندوتیژیی سیستماتیکی دەسەڵات، دوو دیوی یەک دراون کە ئایندەی ئیکۆپۆلیتیکی کوردستان لە قاڵب دەدەن. بەبێ گۆڕینی سیاسەت و دەسەڵات و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک، ئەم خولە مەترسیدارە بەردەوام دەبێت و دەرئەنجامەکانی نەک تەنها کوردستان، بەڵکو دەشێ هەموو ئێران بگرێتەوە.

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەڵات, پرسی ژینگە, کاردۆ میری, کۆمەڵە
KomalaMedia 2025/08/25
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر وتووێژ لەگەڵ “کاکۆ عەلیار” ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە، سەبارەت بە پلینیۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندی

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?