By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: کانگاکانی کوردستان؛ گەشەپێدان یان وێرانکاری و تاڵانکردن؟
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > کانگاکانی کوردستان؛ گەشەپێدان یان وێرانکاری و تاڵانکردن؟
وتار

کانگاکانی کوردستان؛ گەشەپێدان یان وێرانکاری و تاڵانکردن؟

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/10/31 at 8:09 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
13 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

پێشەکی: کانگاکان، سامانی نەتەوەیین یان هۆکاری قەیرانی ژینگەیی؟

کانەکان لە سەرانسەری جیهاندا بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی سەروەت و سەرمایەی نیشتمانی دادەنرێن و وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ گەشەپێدانی بەردەوام و پیشەسازی لاوەکی و ڕەخساندنی هەلی کار بە بەڕێوەبردنی زانستیانە و یاساکانی ژینگە بەکاریان دەهێنن. بەڵام لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، هەڵێنجاندنی ناپێویست نەک هەر نەبووەتە هۆی گەشەسەندن، بەڵکو بووەتە هۆی قەیرانی ژینگەیی و لەناوچوونی سەرچاوەکانی ئاو و خاک و قووڵبوونەوەی بۆشاییە کۆمەڵایەتییەکان. ئێرانیش لەم حوکمە بێبەری نییە.

کانگای زێڕی قوڵقوڵەی سەقز و رووداوەکەی پیرەومەران

کانگای زێڕی قوڵقوڵەی سەقز یەکێکە لە چوار کانگای سەرەکی زێڕە لە ڕۆژئاوای ئێران. ڕۆژی ۲٤ی خەرمانانی ئەمساڵ ، ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندی پیرەومەران دژ بە چالاکیەکانی ئەم  کانگایە لەلایەن پاسەوانانی کارگەکەوە روبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە و دراونەتە بەر دەسڕێژی فیشەک کە لە ئاکامدا لاوێکی تەمەن ۲۲ ساڵ بە ناوی محەممەد رەشیدی خەڵکی ئاوایی پیرەومەران گیانی لەدست داوە. ئەو ڕووداوە شەپۆلێکی توڕەیی جەماوەری لێکەوتەوە و جارێکی دیکە چالاکی ئەم کانگایە و کاولکاری و تاڵانکردنەکەی بووە بە رۆژەف.
ئەم جینایەتەی پاسەوانان لەکاتێکدا روویداوە کە رۆژێ پێش سێهەمین ساڵوەگەڕی کوشتنی ” ژینا ئەمینی” و دەستپێکی بزووتنەوەی “ژن ، ژیان ، ئازادی” بووە ، هەر بۆیە لایەنە ئەمنیەکان لەترسی ئەوەی کە ئەم جینایەتە نەبێتە هۆی ناڕەزایەتی جەماوەری ، بەپەلە تەرمی کاک محەممەد رەشیدیان گەیاندووەتە نەحۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری بانە و هەر بەو شەوەش گواستویانەتەوە بۆ زێدەکەی خۆی واتە پیرەومەران و لەوێ ناشتوویانە.
جێگای ئاماژەیە کە زۆربەی پاسەوانانی کانگاکان ئەندامانی کۆنی سپای پاسدارانن.

سێ کانە سەرەکیەکەی تر: زەڕەشۆران، ئاغدەرە و ساریگۆنی

زەڕەشۆران (تیکاب): گەورەترین کانگای زێڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە یەدەگێکی زۆری هەیە. ڕاپۆرتە ناوخۆییەکانی گوندەکانی دەوروبەری ئاماژە بە پیسبوونی ئاوی کشتوکاڵی و خواردنەوە دەکەن، بەڵام ئەم ڕاپۆرتانە لەلایەن حکومەتەوە بە شێوەیەکی سیستماتیکی سانسۆڕ دەکرێن.

ئاغدەرە (تیکاب):  مێژووی ئەم کانە گرێدراوە بە کۆمەڵێک ناڕەزایەتی کرێکاری و سکاڵای یاسایی . زۆرترین سکاڵا لەسەر بەکارهێنانی بەربڵاوی سیانید ، جیوە و ئارسێنیک لە پرۆسێسی زێڕ و تێکچوونی ژینگە و هەڕەشەی ژەهراوی بوونی سەرچاوەکانی ئاوە.

ساریگۆنی (قورە): بەپێی ئامارە فەرمییەکان، گەورەترین کانگای زێڕی ئێرانە، کە نزیکەی نیوەی بەرهەمی زێڕ دابین دەکات. نوێنەری قوروە، محەمەد ڕەسول شێخیزادە، لە پارلمانی ئێران ئاشکرای کرد کە دەرهێنانی ساڵانە لەم کانەدا گەیشووەتە ۱٥ تۆن ، ئەمە لە کاتێکدایە کە مۆڵەتی فەرمی تەنیا بۆ ٥ تۆن دەرچووە.

ئەم سێ کانە لەگەڵ کانگای قوڵقوڵەی سەقز  نزیکەی ۷۰ لەسەدی زێڕی ئێران بەرهەم دەهێنن و دەتوانن ڕۆڵێکی ستراتیژیی لە ناوچە کوردیەکاندا بگێڕن.

دەرئەنجامە ژینگەییەکان و بەکارهێنانی ئاو

پرۆسەی جیاکردنەوەی زێڕ پێویستی بە مادە مەترسیدارەکانی وەک سیانید و جیوە و ئارسنیک هەیە. دزەکردن یان نیشتنی ئەم ماددانە بۆ ناو خاک و سەرچاوەکانی ئاو، دەبێتە هۆی کارەساتێکی قەرەبوو نەکراوە. مامۆستایان و پسپۆڕانی کیمیای شاری سەقز لە نامیلکەیەکدا هۆشدارییان داوە کە ئەم جۆرە ماددانە لە بەنداوەکانی پاشماوەدا هەڵدەگیرێن و ئەگەر بتەقنەوە یان دزە بکەن، دەرئەنجامەکانی بە سەدان کیلۆمەتر ڕووبار و زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناو دەبەن.

ئەزموونە جیهانییەکان نیشان دەدەن کە ئەم مەترسیانە ڕاستەقینە و جددین:

ڕۆمانیا (۲۰۰۰ ، بایامار): دزەکردنی سیانید لە کانێکی زێڕەوە هەزاران تۆن ماسی لە رووباری دانوب کوشت کە دواتر بە چێرنۆبیلی ئەوروپا ناوزەد کرا.

بەڕازیل (۲۰۱٥ و ۲۰۱۹ سامارکۆ و برۆمادینیۆ): شکستی بەنداوەکانی پاشماوە ملیۆنان مەتر سێجای شلەی ژەهراویان لێ دەرچوو و هەزاران ماڵ و گوندی وێران کرد و سەدان کەسیش گیانیان لەدەستدا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (۱۹۹٨، یوتا): دزەکردنی سیانید لە کانگای زێڕی سیمیتڤیل دەیان ساڵی خایاند تا بەریان پێگرت.

ئەم نموونانە دەریدەخەن کە ناوچەیەکی وەکوو سەقز، کە بەنداوی چراغ وەیس لە خوارەوەیەتی زۆر لە مەترسیدایە.
بەنداوێک کە ئاوی خواردنەوەی لادێکانی ناوچەی گەورکایەتیی و شاری سەقز دابین دەکات.

لە لایەکی دیکەوە بەرهەمهێنانی یەک گرام زێڕ  نزیکەی۲٦٤ لیتر ئاوی پێویستە . واتە بۆ دەرهێنانی ۳٥۰ کیلۆ زێڕ لە ساڵێکدا نزیکەی ۱٤٥ ملوێن لیتر ئاو بەکاردەهێنرێت. ئەم قەبارە گەورەیە لە دۆخی وشکەساڵی و کەم ئاوی کوردستان ، فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر سەرچاوە گرنگەکانی ئاوی ناوچەکە.

هەڵمەتی دژایەتی چالاکی کانەکانی زێڕی سەقز

ناڕەزایەتییەکان دژی چالاکی کانەکانی زێڕی سەقز تەنانەت پێش ڕووداوی کوشتنی ” موحەممەد رەشیدی”   بەردەوام بوو. کەمپینێک لەژێر ناوی “داوای راگرتنی خێرای چالاکیی کانەکانی زێڕی سەقز لەپێناو پاراستنی تەندروستی گەل و ژینگە” لە ۱٦ی نەورۆزی ۱٤۰٤ی هەتاوی لە لایەن پسپۆڕان و شارەزایان ، خەڵکانی متمانەپێکراو و هاوڵاتیانی خەمخۆری  پارێزگاکانی سنە و ورمێ و تەورێز دەستی پێکرد.

ئەم هەڵمەتە روو لە بەرپرسانی باڵای ژینگە ، پیشەسازی ، کانگا و وزە نووسراوە و خاڵە سەرەکییەکانی بریتین لە :

– کانگاکانی زێڕی سەقز ، زەڕشۆران و ئاغدەرە سەرچاوەکانی ئاو ، خاک و هەوا بە کانزا قورسەکان پیس دەکەن.

– ئەم پیسبوونە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سیستەمی بەرگری لەش لە نەوەکانی داهاتوو ، زۆربوونی نەخۆشییە ژێنێتیکیەکان و شێرپەنجە و هەروەها لەناوبردنی فرەڕەنگی و جۆراوجۆری ژینگە.
-بەنداوی بۆکان کە ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی ملوێنان کەس دابین دەکات لە مەترسیدایە.
– پڕۆسێس کردن و پاڵفتەکردنی زێڕ ئاوی زۆری دەوێت و چالاکییەکانی ئەم کانانەش ، وەرینی خاکی ئەو پارێزگایە کە لەبەرزترین رێژەی وەرینی خاک لە ئێراندایە ، توندتر دەکەنەوە.
کارناسانی ژینگەی کوردستان دژایەتیان کردووە و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە  بەڵام بە هۆی مادەی ۲٤ی یاسای کانگاکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی کارناسان و خەڵکی ناوچەکە ، ئیزن بە چالاکییەکان دراوە.
ئەم کەمپینە ئێستا پەرەی سەندووە و بووە بە داواخوازییەکی گشتی لە سەقز و کوردستان کە شایانی ئەوەیە پشتگیری بکرێت.

ئابوری سیاسی کانگاکانی کوردستان

لەچوار پارێزگای ئیلام , کرماشان ، سنە و ورمێ ۱٥۷۰ کان بوونیان هەیە کە بەشێکی زۆر لە سامانی کانزاکانی ئێران پێکدەهێنن. سەرەڕای پەسەندکراوێکی یاسایی لە ساڵی ۱۳۷۷ی هەتاوی لە پاڕڵەمانی ئێران، کە تێیدا هاتبوو کە پێویستە لە سەدا ۱٥ی داهاتی کانگاکان بگەڕێتەوە بۆ ئەو پارێزگایەی کە کانەکانی لێیە کەچی یەک لە سەدی داهاتەکانیان تاوەکوو ئێستا نەگەڕێندراونەتەوە .

کۆمپانیای هۆڵدینگەکانی وەکوو شستا (شرکت سرمایەگذاری تامین اجتماعی) ، سەبا نوور و کۆمپانیای کانگاکانی کوردستان سوودمەندانی سەرەکی ئەم کانگایانەن.
شایانی باسە کە ئەم کۆمپانیاگەلە هیچ تۆمارێکی باج و حیسابی بانکیان لە کوردستان نییە و هەموو قازانجەکانی رەوانەی تاران دەکرێن.  لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسیدا پلانێک پەسەندکرا کە بەبێ هەڵسەنگاندنی رێکخراوی سامانە سرووشتیەکان و ژینگە بتوانرێت بەدواداچوون و دەرهێنانی کانزاکان بکرێت کە ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانی جیدی شارەزایان و کارناسانی ئەم بوارە.

جێگای ئاماژەیە کانە گرانبەهاکانی کانگاکانی دیکە وەکوو مەڕمەڕیت ، گرانیت ، باریت ، کاشی ، سیرامیک ، چیمەنتۆ و قیرو هتد… هەناردە دەکرێن بۆ وڵاتانی ناوچەکە بە بێ ئەوەی داهاتێکی بەرچاو بۆ دانیشتوانی ناوچەکە بەدەست بهێنرێت.

لە ئێرانی ئەمڕۆدا، هەڵاواردن و گەشەنەکردنی ئابووری لە نێوان نەتەوە بندەستەکاندا ، لە کوردستانەوە تا بەلوچستان، لە خوزستانەوە تا تورکمان سەحرا و ئازەربایجان ، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیستەمێکی ناوەندگەرایە. سیاسەتی ئابووری کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای چڕبوونەوەی سەروەت و سامان لە تاران و چەند شارێکی ناوەند دامەزراوە، لە کاتێکدا ناوچەکانی دیکە بەتەواوەتی پەراوێز و پشتگوێ خراون.

پارێزگاکانی وەک کوردستان، بە کانگە بەرفراوانەکانی زێڕ و کانزای ئاسن و زینک؛ ئیلام، بە سامانە گاز و نەوتییەکانی؛ کرماشان بە کێڵگە گەورەکانی نەوت و گاز لە نەفتشار و سەر پێڵ و کانگا بەرفراوانەکانی کانزای ئاسن و جبس و زینک؛ خوزستان، کە گەورەترین بیرە نەوت و پاڵاوگەکانی وڵاتەکەی هەیە؛ ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، بە کانگا  کانزاییەکان و ناکانزاییەکانیانەوە و سیستان و بەلوچستان، بە کانەکانی مس، کانزای ئاسن، کرۆمیت و شوێنی ستراتیجی بەندەری چابەهار ، هەموویان لە رووی سامانە سروشتییەکانەوە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ئێرانن .

بەڵام بەپێی داتاکانی ئێران ئۆپن داتا و ناوەندی ئاماری ئێران، کوردستان بە نزیکەی ٤٠ لەسەد، کرماشان بە ٣٧ لەسەد، ئیلام بە ٣٢ لەسەد، خوزستان بە نزیکەی ٣٥ لەسەد، سیستان و بەلووچستان بە زیاتر لە ٥٠ لەسەد ڕێژەی هەژاری ڕەها لە ڕیزی بێبەشترین پارێزگاکانی ئەو وڵاتەن. هەروەها ڕێژەی بێکاری لەم ناوچانەدا لە بەرزترین ئاستدایە .

ئەم نایەکسانییە پێکهاتەییەش لە نەبوونی ژێرخانی ئابووری و هەژاریی پەروەردەیی و لاوازی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و بێبەشبوونی کولتوورییەوە دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکەکەیدا، ڕەگ و ڕیشەی لە سیاسەتێکدایە کە سەرچاوە نیشتمانییەکان نەک بۆ گەشەپێدانی ناوخۆیی، بەڵکوو بۆ قەڵەوکردنی تۆڕێک لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان و ئایینییەکان بەکاردەهێنێت. لە کاتێکدا کە سامانی نەوتی خوزستان و زێڕی کوردستان و گازی ئیلام و کانەکانی بەلوچستان و کرماشان دەیانتوانی ئایندەیەکی گەش بۆ خەڵکی ئەم ناوچانە بنیات بنێن و لەبری ئەوەی لە پڕۆژەی پەروەردە و تەندروستی و گەشەپێدان خەرج بکرێن، ئەم پارانە لە سایەی سیاسەتی دەرەوە و شەڕی بە وەکالەت و مامەڵەی دراو و گەندەڵی پێکهاتەیی لەناو دەچن.

بەڵام ئەزموونی جیهانی وێنەیەکی تەواو پێچەوانە دەخاتە ڕوو: “هیوستن و داڵاس” لە ویلایەتی “تێگزاسی” ئەمریکا، “ئەنتۆفاگاستا لە شیلی”، “جوبەیل لە سعودیە”، “ئاتیراو لە کازاخستان” و” باتمان لە تورکیا” دەریانخستووە کە دەرهێنانی سەرچاوەکانی ژێرزەویی، ئەگەر لەگەڵ بەڕێوەبردنی زانستی و شەفافیەتی ئابووری و دادپەروەری ناوچەییدا بێت، دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەکردنی بەردەوام و دامەزراندنێکی بەرفراوان و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی. لەم وڵاتانەدا نەوت و کانگا بوونەتە بزوێنەری گەشەسەندن؛ بەڵام لە ئێراندا هەمان سامان بووە بە ئامرازی هەژموون و چڕکردنەوەی دەسەڵات و بەردەوامبوونی هەڵاواردن ، گەنجینەیەک کە دەبوو سەرچاوەی ژیان بوایە، ئەمڕۆ بووە بە سەرچاوەی هەژاری ، کۆچ ، تاڵان ، کاولکردن و بێبەشبوونی نەتەوە بندەستەکان.

بە سەرنجدان بەوەی کە وتراوە و ئاشکرابوونی رەهەندەکانی تاڵانکاری ، تێکدانی ژینگە ، ژەهراویبوون و پیسبوونی بەربڵاوی خاک ، ئاو و هەوا و بەگشتی ئاڵقەی خۆراک و تەنانەت بەکارهێنانی هێزی کاری دەرەوەی پارێزگاکان ، پێمانوایە کە قازانج و بەرژەوەندی راستەقینەی خەڵک لە راگرتنی دەستبەجێی چالاکییەکانی ئەو کانانە تا رووخاندنی دەسەڵاتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامییە.
ئەو داهاتووەی کە ئێمە بۆ کوردستان خوازیارین ، داهاتوویەکە کە سامان و سەروەتە سروشتییەکان بە شێوازێکی روون و ئاشکرا لە لایەن نوێنەرانی راستەقینەی خەڵکەوە خاوەنداریەتی دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت، نەک وەک ئامرازێک بۆ کاولکردن و تاڵانکردنیان.
دوای گۆڕانکاریی بنەڕەتی سیاسی و بە بەشداری دامەزراوە خەڵکییەکان ، کارناسان و پسپۆڕانی سەربەخۆ ، دەتوانرێت بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم ، بەڕۆژ و کەم مەترسی و هەروەها  بە ڕەچاوکردنی توندی تێبینییە ژینگەییەکان ، کانگاکان چالاک بکرێنەوە بە شێوەیەک کە:

_ ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی مسۆگەر بێت.
_ وەرینی سروشت و لەناوچوونی بەلانیکەم بگەیەنرێت.
_ مافی خەڵکی ناوچەکە بگەڕێتەوە.
_ هەلی کاری بەردەوام بۆ دانیشتوانی ناوچەکە درووست بێت.
_ زۆرترین دەستکەوتی ئابووریەکەی دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە.‌

بەلەبەرچاوگرتنی ئەم مێژووە بەو ئاکامە دەگەین کە مەبەستی کۆماری ئیسلامی و مافیاکانی کانگا و دەست و پێوەندییەکانیان  گەشەی ئابووری ، ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و دابین کردنی هەلی کار نییە بەڵکوو کاولکردن ، پیسکردن و ژەهراوی کردنی ژینگە و مەترسی درووستکردن بۆ هاونیشتمانیان و نەوەکانی داهاتوو و تاڵانکردنی سامانە سرووشتییەکانی کوردستانە.

بۆیە پێویستە پشتیوانی ئەو هەڵمەتە بین کە لە لایەن چالاکانی مەدەنی و کارناسان و پسپۆڕان و ژینگەپارێزانی شاری سەقز و پارێزگاکانی کوردستان و ورمێ دەستی پێکردووە و تا دێت بەرفراوانتر دەبێت و بووەتە خواستێکی گشتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگادا.

ئەم هەڵمەتە نەک هەر رەنگدانەوەی پەرەسەندنی هۆشیاری خەڵکە سەبارەت بە مەترسییە ژینگەیی و تەندرووستییەکان ، بەڵکوو ئەوە نیشان ئەدات کە بزووتنەوە جەماوەرییەکان دەتوانن هێزی بزوێنەری گۆڕانکاری بن.

ئەم دووربینییە تەنها بەڵێنێکی دوور و دوور لە چاوەڕوانی نییە ، بەڵکوو پلانێکی روونە بۆ سبەینێی ئازادی ..داهاتوویەک کە تێیدا کوردستان لەسەر شانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی بەردەوام و ئیکۆسیستەمێکی تەندرووست سەرهەڵبداتەوە.

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەڵات, ئاسۆی ڕۆژهەڵات ٢٠١, کۆمەڵە, هوشیار حەیدەری
KomalaMedia 2025/10/31
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر دەورانی گوزار،پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?