ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی کوردستان تەنانەت لە هەلومەرجی سەرکوتیشدا، جۆرێکە لە دووبارە بەرهەمهاتنەوەی فەزا و دەرکەوتەی سیاسی. خەڵک لە فەزا گشتییەکانی وەک شەقام و سۆسیال میدیادا لەدەوری یەکتر کۆدەبنەوە، دەنگ و گووتاری خۆیان بەرز دەکەنەوە و دەستپێشخەری بۆ کردارێک دەکەن کە چەقبەستوویی و دۆخی هەیی بەرەوڕووی گۆڕان دەکاتەوە. لە تیۆرەکانی هانا ئارێنتدا ئەم کردارە بە جەوهەری “خۆڕاگری” پێناسە دەکرێت و لە ڕستەیەکدا بابەتەکە کورت دەکرێتەوە و ئەویش ئەوەیە کە “خۆڕاگری” بریتیە لە درووستکردن و بەرهەمهێنانی فەزای سیاسی ئازاد( تەنانەت بۆ چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژیش بێت) لە دڵی ستەمکاریدا. کەڵک وەرگرتن لە تیۆرییەکانی هانا ئارێنت بۆ شیکردنەوەی چەمکی “خۆڕاگری” لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە چەمکە سەرەکییەکانی وەک کردەی سیاسی، هێز، توندووتیژی و فەزای دەرکەوتن و سەرهەڵدانەوە گرێدراوە و پێویستە ئەو چەمکانە لە چوارچێوەی ئەم تیۆەرەدا پێناسە بکرێن.
هێز لەبەرامبەر تووندوتیژی: ئارێنت پێی وایە هێز کاتێک بەرهەم دێت کە مرۆڤەکان پێکەوەن و بەکۆمەڵ لەسەر کاروباری گشتی دەگەنە ڕێککەوتن، واتە هێز دەرەنجامی ڕێککەوتن و کۆدەنگی لە نێوان مرۆڤەکانە و هێز نەک توانای کرداری تاکەکەسی، بەڵکوو توانای کرداری بەکۆمەڵ و کۆلکتیڤە. هێز پێویستی بە ڕێککەوتن و پشتیوانی گشتی هەیە و لەم ڕوانگەوە بەردەوامبوون و زیندوبوونی “خۆڕاگری” و سەرهەڵدانی بزووتنەوە مەدەنییەکان لە کوردستانی ئێراندا دەتوانرێ وەک دەرکەوتنی هێز بە مانا ئارێنتییەکەی ببینرێت؛ هێزێک کە لە کردەی هاوبەش و فرەیی جەماوەرەوە سەرچاوە دەگرێت و کردارێکی بەکۆمەڵ نمایش دەکات. لەبەرامبەردا تووندوتیژی لە نەبوونی هێزەوە سەرچاوەدەگرێت و ناتوانێت هیچ شتێکی بەردەوام بونیادبنێت. بەبڕوای ئارێنت تووندوتیژی خۆی لە خۆیدا ئامرازی هێز نییە، بەڵکوو جێگرەوەی هێزە و تووندوتیژی بێتواناییە لە بەرهەمهێنان و دروستکردنی کۆبوونەوە و کرداری بەکۆمەڵ. هانا ئارێنت دەربارەی جیاوازیی هێز و تووندوتیژی دەنووسێت: «یەکێک لە جیاوازییە ڕوونەکانی نێوان هێز و توندووتیژی ئەوەیە کە هێز هەمیشە پێویستی بە ژمارە هەیە، لە کاتێکدا توندوتیژی لانیکەم تا ڕادەیەک دەتوانێت بەبێ ژمارە بەردەوام بێت لە کارکردن، چوونکە پشت بە ئامێر و کەرەستە دەبەستێت». کۆماری ئیسلامی وەک ڕژێمێکی پاوانخواز بە پشت بەستن بە ئامرازەکانی تووندوتیژی لەهەوڵی لەناوبردنی فەزای سیاسی و سەرهەڵدانی هێزە و هەربۆیە “خۆڕاگری” لە کوردستان دەکرێت وەک هەوڵ بۆ بەرپەرچدانەوەی هەژموونی توندووتیژی و هەوڵ بۆ وەرگرتنەوەی هێز ببیندرێت.
کردەی سیاسی و فەزای دەرکەوتن: ئارێنت “کردەی سیاسی” وەک چالاکییەک دەبینێت کە لە فەزای گشتیدا ڕوودەدات و ئەم چالاکییە لەڕێگەی گفتوگۆ، ئارگومێنت، کۆبوونەوە و کردەوەدا ئەنجامدەدرێت . کرداری سیاسی ڕێگە بە مرۆڤ دەدات خۆی وەک بوونەوەرێکی ناوازە لە نێوان فرەیی ئەوانی تردا نیشان بدات و ئارێنت ئەم دەرکەوتن و سەرهەڵدانە بە بناغەی ئازادی پێناسە دەکات. ناڕەزایەتی و مانگرتن لە کوردستان و جێکەوتنی ئەم سوننەتە جۆرێکە لە دووبارە دروستکردنەوەی فەزای دەرکەوتن و سەرهەڵدانی سیاسی و لەم ڕوانگەوە ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ ستەمکار هەوڵدان بۆ پاراستن و وەرگرتنەوەی ئازادییە. ئازادی لای ئارێنت نەک شوماسێکی زەینی، بەڵکوو بەرهەمی “کردەی سیاسی هاوبەشە” و چەمکی ئازادی لە ئەتمەسفۆری کرداری سیاسیی دەستەجەمعی و هاوبەشدا هەناسە هەڵدەمژێت.
خۆڕاگری کورد لە ئێران، زیاتر لە هەموو شوێنێک بووە و دروستکردنی ڕێکخراوە سیاسییەکان، ئەنجامدانی مانگرتن، بەڕێوەبردنی شارەکان لە دوای شۆڕشی پەنجاوحەوت و خۆپیشاندانە یەک لەدوای یەکەکان بەشێکن لەو خۆڕاگرییانە . بەم مانایە دەکرێت خۆڕاگریی کورد وەک نموونەیەک سەیر بکرێت کە ئارێنت پێی دەڵێ “سیاسەتی ڕاستەقینە”، سیاسەتێک کە لە خوارەوە و لە ناو خەڵکەوە سەردەردێنێت و هەوڵ بۆ وەرگرتنەوە و پاراستنی فەزای گشتی و ئازادی دەدات .
ئارێنت پێی وایە سیاسەت کاتێک مانای هەیە کە مرۆڤەکان پێکەوە کۆدەبنەوە، قسە دەکەن و کردەی هاوبەش ئەنجام دەدەن و ئارێنت ئەم ڕەفتارە بە “فەزای دەرکەوتن” یان فەزای سەرهەڵدان ناودێر دەکات. کۆمەڵگای ئێران له چه ند دەیەی ڕابردوودا ئەتۆمیزە کراوه و تاکەکان لێک دابڕاون و هەربۆیە فەزا و پانتاییەکی وا که متر دروست بووه . بەڵام لە کوردستاندا ئەم “فەزای دەرکەوتن”ە بە شێوازی جۆراوجۆر بە تایبەت لە بزووتنەوەی ژینا و لە بەڕێوەچوونی نەورۆزەکاندا زیندوو بووە. ئەم بەردەوامییە وایکردووە “خۆراگری” و بەرخۆدان تەنها کاردانەوەیەکی کتووپڕ نەبێت، بەڵکوو وەک بەرهەم هاتن و دووبارەبەرهەمهاتنەوەی کولتوورێک دەرکەوێت.
دەستپێشخەری : ئارێنت جەخت لەسەر چەمکی “نەتاڵیزم” دەکاتەوە، واتە هەموو تاکێک لەدایک دەبێت بۆ ئەوەی دەستپێشخەر بێت و توانای دەستپێکردنی شتێکی تەواو نوێی هەبێ لەم جیهانەدا. ئەم توانای دەستپێشخەرییەش سەرچاوەی هیوا و پۆتانسێلی بەهێزی گۆڕانی سیاسییە. خۆڕاگری لە کوردستان زۆرجار دەستپێشخەری بزووتنەوە گەورەکانی ئێران بوون و ئەمەش وێناکردنی بەرجەستەی ئەم دەستپێشخەرییە بەکۆمەڵەیە کە ئارێنت باسی دەکات. خۆڕاگری لە تیۆرەکانی ئارێنت تەنیا کاردانەوە بەرامبەر بە ستەم نییە، بەڵکوو هەوڵدان بۆ دۆزینەی ڕێگایەکی نوێشە، بەتایبەت لەکاتێکدا کە هەموو ڕێگان کوێر دەبنەوە.
خۆڕاگری لە کوردستانی ئێران زۆر زیاترە لە کردەیەکی هاکەزایی و کاردانەوە بە ڕووداوەکان و ئەم واتایە کردەوەیەکی سیاسی بنەڕەتییە کە هێزی بەکۆمەڵ و دەستەجەمعیی جەماوەر لە بەرامبەر تووندوتیژی دەسەڵاتدا نمایش دەکات،فەزای سەرهەڵدان” فرەیی جەماوەر و دەربڕینی ئازادانە بنیات دەنێت و پرەنسیپی دەستپێشخەری وەک هەوڵێک بۆ بونیادنانی واقعێکی سیاسیی نوێ پێشکەش دەکات. خۆڕاگری لە کوردستان بە دروستکردنی “فەزای ئازادی” و “کردەی هاوبەش” لە بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکاردا چەمکی سیاسەت بە مانا ڕەسەنە ئارێنتییەکەی دەبوژێنێتەوە.
نافەرمانیی مەدەنی و خۆڕاگری: چەمکی “نافەرمانی مەدەنی” لە تیۆرەکانی هانا ئارێنت ئامرازێکی گرنگ بۆ شیکردنەوەی “خۆڕاگری” لە کۆمەڵگا سیاسییە داخراوەکانە. هانا ئارێنت لە وتارێک بەناوی “لەبارەی توندووتیژی” و چەندین وتاری دیکەشدا، نافەرمانی مەدەنی تەنیا بە کردەوەیەکی ئەخلاقی تاکەکەسی نازانێت، بەڵکوو بە کردارێکی سیاسی ڕێکخراو پێناسەی دەکات کە لەلایەن ستەملێکراوانەوە بە ئامانجی هێنانەدی گۆڕانکاری لە فەزای گشتیدا ئەنجام دەدرێت. خۆڕاگری لە کوردستان لە فۆرمەکانی مانگرتنی گشتیی بەربڵاو و بانگەوازی جەماوەری و ناڕەزایەتی ڕێکخراو لە شارەکاندا پێش دەخرێت و ئەمە ڕێک کردەوەی بەکۆمەڵی نافەرمانی مەدەنیی جێگەی ئاماژەی ئارێنتە بۆ ئەوەی پرسێکی سیاسی لە فەزای گشتیدا نمایش بکرێت. نافەرمانی مەدەنی لە تیۆری ئارێنتدا ڕەگ و ڕیشەی لە چەمکی “هێز”دا هەیە، ئەو هێزەی کە لە کۆبوونەوەی مرۆڤەکان و ڕەفتارە بەکۆمەڵەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک جەماوەرێکی یەکگرتوو بڕیار دەدات بۆ نموونە بازاڕ دابخات یان بایکۆتی شانۆی هەڵبژرادنەکان بکات، لەڕاستیدا بڕیار دەدات هێزی خۆی نیشان بدات. ئەم هێزە نەک لە ڕێگەی تووندوتیژی بەڵکوو لە ڕێگەی ڕێککەوتن و هاودەنگی و بەڵێنێکی بەکۆمەڵەوە ئاراستە دەگرێت و دواجار هەموو لایەک لە ڕادەی ڕەزامەندی گشتی و مەشرووعییەت( ڕەوایی)ی حکوومەت ئاگادار دەکاتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامیی خۆڕاگری لە کوردستان توانای ئاوەدانکردنەوە و مانەوەی تۆڕەکانی ڕێکخستنی ناوخۆیی و یەکگرتووییە کە لە ساتەوەختە گرینگەکاندا بە خێرایی چالاک دەبنەوە و لەم ڕێگەوە هێزی بەکۆمەڵ لە ڕێگەی نافەرمانی مەدەنییەوە نیشان دەدەن (وەک مانگرتنی بەربڵاو و هاوئاهەنگ).
لە سیستمە پاوانخوازەکاندا ئامانجی دەسەڵات لە ناوبردنی فەزای گشتی و پاڵنانی کۆمەڵگا بۆ فەزای ژیانی تایبەت و دواجار بێ بایەخکردنی سیاسەتە و نافەرمانی مەدەنی هەوڵدەدات سەرلەنوێ فەزای گشتی ئاوەدان بکاتەوە و لەبەرامبەر پلانەکانی دەسەڵاتدا بوەستێتەوە. لە ڕوانگەی ئارێنتەوە، خۆڕاگری لە کوردستاندا، بزووتنەوەیەکی سیاسی ڕاستەقینەیە کە هەوڵ بۆ گەڕانەوە بۆ جەوهەری ژیانێکی چالاک ئەدات، بەو مانایەی کە مرۆڤەکان بڕیار دەدەن لە بێدەنگی و پاسیڤیزمی ژیانی ڕۆژانە تێپەڕن و بەمەش ئازادی سیاسی خۆیان بەرهەم بێننەوە.
ڕۆڵی حیزب و ڕێکخراوە مەدەنییەکان: لایەنێکی گرنگی پرسی “خۆڕاگری” لە کوردستان، دووبارەناسینەوەی ڕۆڵ و کاریگەریی حزبە سیاسییە بەرهەڵستکارەکانە. سیستەمە تۆتالیتێر و پاوانخوازەکان بوار بۆ سەرهەڵدانی سیاسیی ئازادانە ناهێڵنەوە و لەوەها هەلومەرجێکدا حیزبەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی واتاکانی “گووتار” و “نەریتی بەرخۆدان”. ئەوان سەرەڕای داخراوبوونی کۆمەڵگا و سەرکووت، تۆڕەکانی پەیوەندیگرتن و کەناڵەکانی قسەکردن دەپارێزن و ئەم کاناڵانە بۆ ژیاندنەوەی بەرەنگاری و خۆڕاگری بەکاردەهێنن. ئەم حیزبانە کارئاسانی دەکەن و واتای بەرەنگاربوونەوە دەکەنە سوننەت و نەریتێکی کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وەک حیزبێکی سیاسیی بەرهەڵستکار بە ئاراستەکردنی گووتار و پاراستنی تۆڕەکانی ڕێکخستن ئامرازێکی گرنگ بۆ دەستپێشخەری و بەدەستهێنانی هێزی بەکۆمەڵ دەداتە دەست کۆمەڵگا. لە کوردستاندا بە هۆی نەریتە درێژخایەنەکانی کردەی دەستەجەمعی و لەوانە شۆراکانی سەرەتای شۆڕش و کۆچی مەریوان و دەیان نموونەی تر، خۆڕاگری بابەتێکی ئامادە لە کۆمەڵگادا بووە و کۆمەڵەش ڕۆڵێکی گرنگی لەم بوارەدا گێڕاوە. ئەم هۆکارە لە پاڵ چەندین هۆکاری تری وەک داواکارییە شوناسخوازانە و نەتەوەییەکانی کورد واتای بەرەنگاری و بەرخۆدانی وەک بوونێکی زیندوو و هەمیشەیی ڕاگرتووە. لە کوردستاندا بەردەوامبوونی مێژوویی “فەزای سەرهەڵدان” و بوونی حزبەکان وەک ناوبژیوانێکی کردەی دەستەجەمعی بۆتە هۆی ئەوەی بەرخۆدان فۆرمێکی دامەزراوەیی و هەمیشەیی وەربگرێت.
ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش وەک هۆکارێکی نوێ لە دووبارەبەرهەمهێنانەوەی واتای خۆڕاگری و خولقاندنی “فەزای سەرهەڵدان” دەور دەگێڕن. ئارێنت جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیاسەتی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک زیندووە کە فەزای دەرکەوتن و سەرهەڵدان دروست بێت، واتە لەو چرکەساتە و لەو شوێنانەی کە خەڵک تێیدا کۆدەبنەوە، گفتووگۆ دەکەن و هەنگاوی هاوبەش دەگرنەبەر. ڕێکخراو و کۆمەڵە ئەدەبی، ژینگەپارێزی و کولتوورییەکان لە کوردستاندا بە ڕواڵەت سیاسی نین بەڵام لە کردەوەدا جۆرێک لە پێکەوەبوون بەرهەم دەهێنن و ئەم پێکەوەبوونەش ئەتوانێ وەک هۆکارێک بۆ بەرهەمهێنانی فەزای دەرکەوتن و سەرهەڵدان دەور بگێڕێت. تەنانەت ئەگەر ئەم دامەزراوانە سەرکووتیش بکرێن، تۆڕە مرۆییەکان و یادەوەرییە هاوبەشەکانیان دەمێنێتەوە. بەپێی تیۆرەکانی ئارێنت کردە سیاسییە بەکۆمەڵەکان لە فەزای گشتیدا یادەوری بەرهەم دەهێنن و ئەمەش کاریگەری لە سەر دووبارە بەرهەمهاتنەوەدا دەگێڕێت و هەر بۆیە ئارێنت هەموو ڕەفتارێکی بەکۆمەڵ بە گرنگ پێناسە دەکات.
کوردستانی پەنجا و حەوت دواکەوتووترین ناوچەی ئێران بووە و بەڵام بە هۆی خاوەنداریکردن لە داواکارییە نەتەوەییەکان و بوونی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی جیاواز لە هەموو ناوچەکانی ئێران دەرکەوت. دواتریش بەرەوڕووی هەڵاواردنی سیستماتیک و بێبەشی ئابووری بۆتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە لە بواری خۆڕاگری و چەمکەکانی یەکسانی و ئازادیدا پێشکەوتنخواز و تەنانەت ئاوانگارد بووە. ئەم پرسە خۆی لە خۆیدا پارادۆکسێک وێنادەکات و بەڵام ئارێنت وەڵامی ئەم پارادۆکس و دژوازییەش دەداتەوە. ئارێنت پێیوایە ستەم و هەڵاواردن دەتوانێت مرۆڤ بەرەو “بێدەسەڵاتی ڕەها” بەرێت، بەڵام ڕێک ئەم دۆخە ڕەنگە ڕێگە بۆ پێکهاتنی “کردەی سیاسی”ش خۆش بکات، لەبەرئەوەی کە تاکەکان ناچارن بۆ وەرگرتنەوەی کەرامەت و ئازادی خۆیان ڕوو لە کاری هاوبەش و بەکۆمەڵ بکەن. هەڵاواردن و ستەمکاری کۆمەڵگای کوردستانی بێدەنگ نەکردووە و ئەم ستەمکارییە وەک پاڵنەرێک بۆ کردەوەی هاوبەش و پێناسەکردنەوەی شوناسی دەستەجەمعی و شوناسی نەتەوەیی دەوری گێڕاوە. حکوومەتی ناوەندی بەئەنقەست و پلان داڕێژراو هەڵاواردن و ئاپارتایدی لەدژی کوردستان پەیڕەو دەکات و بەڵام هەمان هەلومەرج پاڵ بە هێزە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنێ بۆ سەرمایەگوزاریکردن لە بوارەکانی وەک کولتوور، ئەدەب، شیعر، سیاسەت و خۆڕاگری. بە واتایەکی تر ئەوەی پێی دەوترێت “دواکەوتوویی” بە کردەوە بۆتە زەمینەی پەروەردەکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەو پێیەی کۆمەڵگا لەبری توانەوە لە ژیانی تایبەتی و مەسرەفگەراییدا، بەدواداچوون بۆ پرسە بنەڕەتییەکانی وەک خۆڕاگری، شوناسخوازی نەتەوەیی، دادپەروەری، ئازادی و یەکسانی دەکات.
خۆڕاگری لای هانا ئارێنت بەرەنگاربوونەوەیە لە دژی ستەمکاری، تۆتالیتاریزم یان هەر جۆرە هەژموونێک کە هەڕەشە لە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ دەکات. ئەم خۆڕاگرییە دەتوانێت بەشێوەی کردەی سیاسی بەکۆمەڵ، نافەرمانی مەدەنی، کلتووری ڕەخنەگرانە یان بنیاتنانەوەی فەزای گشتی بێت. بۆ ئارێنت خۆڕاگری تەنها کاردانەوە نییە بەرامبەر بە ستەم، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی جیهانێک کە تێیدا مرۆڤەکان بتوانن بە ئازادی و بە یەکسانی لەگەڵ یەکتردا بژین. بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆرییەکانی ئارێنت، دەتوانرێت خۆڕاگری لە کوردستانی ئێراندا وەک کردەوەیەکی داهێنەرانە بەکۆمەڵ وەسف بکرێت کە لە بەرامبەر هەژموونی تۆتالیتاریدا فەزای گشتی بنیات دەنێتەوە، کەرامەتی مرۆڤ دەپارێزێت و ئەم ڕەفتارە دواجار لەسەر بنەمای هاوپشتیی ئەخلاقی دامەزراوە. لە بزووتنەوەی چەکدارانەی دەیەی شەست تا بەرخۆدانی کولتووری و مەدەنیی هاوچەرخ، ئەم پرۆسەیە ماوەتەوە و توانای مرۆڤی کوردی بۆ گۆڕانکاری نیشانداوە – ڕێک ئەوەی ئارێنت لە بەرامبەر تاریکیی تۆتالیتاریزمدا تیشکی دەخاتە سەر.
سەرچاوەکان:
- سەرچاوەکانی تۆتالیتاریزم
- وتارێک سەبارەت بە چەمکی خۆڕاگری
- بارودۆخی مرۆڤ

