کەیوان فەرامەرزی کوردیناتۆڕی دەفتەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمەڵە، لە ساڵی ٢٠٢٤وە لە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی هاوپەیمانیی پێشڕەوProgressive Alliance) ) وەک ئەندامی دەستەی ڕێبەری ئەرک و چالاکی لە سەر کەیسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدات. هەروەها نوێنەری کۆمەڵەیە لە رێکخراوی نێونەتەوەیی ئینترناسیوناڵ سۆسیالیست.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: کاک کەیوان دەکرێ بۆ خوێنەرانی ئاسۆی رۆژهەڵاتی روون بکەنەوە کە ” هاوپەیمانی سۆسیال دێموکرات” چییە؟
هاوپەیمانیی پێشڕەو بە زمانی سادە زۆرینەی حیزبە سۆسیال دێموکرات و سوسیالیستەکانی یەکیتی ئوروپان کە لە ڕیکخروای ئینرناسیوناڵ سۆسیالیست جیا بوونەتەوە.
ساڵانێک بوو کە ڕێکخراوی ئینرناسیوناڵ سۆسیالیست(IS) توشی چەند کێشەیەک ببو لەوانە ناڕوونیی ئابوری و نەگۆڕانی بەرپرسان واتە بەرێوەبەرایەتی. ئوروپاییەکان وایان دانابوو کە لە کۆنگرەی ٢٤ی “ئای، ئێس” دا کە لە مانگی ئاگۆستی ساڵی ٢٠١٢ لە شاری کیپ تاونی ئافریقای باشور گیرا ڕیفۆڕم بە سەر ڕیکخراوەکەدا بێ بەڵام لەو کۆنگرەیەدا کە بەرپرسانی کۆمەڵەی شۆرشگێڕیش بەشدار بوون هیچ گۆڕانکارییەک نەهاتە ئاراوە. حیزبی سۆسیال دمکراتی ئاڵمان بە هۆی ڕەخنە لەو دۆخە کە هەبوو وە بە ناوی نادێموکراتیک بوونی “ئای.ئێس” بڕی یارمەتی یا ساڵانی خۆی کە سەدهەزار پوندی بریتانیایی بوو ئەوساڵە ڕەوانە نەکرد و ڕایگرت. هەر بەم بۆنەوە لە لایەن زیگمار گابریل ریسی ئەوکاتی ئێس.پی.دی(SPD) ئاڵمان پێشنیاری کۆبوونەوە درا. لە سەر ئەم داوایە هەمان ساڵ چەند هەفتە دوای کۆنگرەی “ئای.ئێس” لە شاری ڕوومی ئیتالیا کۆنفڕانسێک بە بەشداریی ٤٢ حیزبی ناڕازی گیرا و لەو کۆنفڕانسەدا بڕیار درا کە بانگەواز بدەن بۆ دروست کردنی ڕێکخراوێکی تازە، پاش چەندین سیمینار و کۆبوونەوەی دیکە لە ٢٢ی مانگی مەی لە شاری لایبزیگی ئاڵمان لە کۆنفڕانسێکدا بە ناوی تۆڕی هاوپەیمانیی پێشڕەو بوونی خۆی لە سەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی و هاوپشتی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و دواتر بو بە ڕێکخراوی هاوپەیمانیی پێشڕەو کە ١٤٠ حیزب و ریکخراو لە خۆ دەگرێ. هەرچەند دواتر ڕێکخراوی ئینرناسیوناڵ سۆسیالیست لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی ٢٦ی خۆیدا ئاڵوگۆری بە خۆیدا هێنا بەڵام ئەو دوو ڕێکخراوە یەکیان نەگرتەوە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: کۆمەڵە لەو هاوپەیمانییەدا چ پێگەیەکی هەیە؟ بوونی کۆمەڵە و پێگەی کۆمەڵە لە هاوپەیمانی سپسیال دێموکراتەکان دا هەتا چەند گرینگی و کاریگەری هەیە بۆ پرسی کورد بە گشتی و تایبەتیتر بۆ پرسی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات؟
ئەمرۆکە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە پارچەکانی دیکە پێویستی بە پەیوەندیی نێونەتەوەییە بۆیە بوونی کۆمەڵە، لە هاوپەیمانیی پێشڕەودا کە گەورەترین هاوپەیمانیی پێشکەوتوخوازە گرنگی تایبەتی هەیە،
زۆر ئاساییە کە هەر لایەنێک بە پێی بەرژەوەندیی خۆی دەڕوانێتە هێزی بەرامبەر، بۆیە بۆ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات بە نیسبەت کوردی پارچەکانی دیکە پەیوەندی دروست کردن لە تەک دەوڵەتان تەنانەت حیزبەکانیش دژوارترە بەڵام لە هاوپەیمانیی پێشڕەودا هاموشۆ لە گەڵ هەموو ئەندامان زۆر ئاساییە و کۆمەڵە وەک حیزبی دەستەخۆشک دەناسرێ. بە کورتی ئەندام بوون گرنگیدان بە پرسی کورد زیاتر دەکات و دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی پشتیوانی سیاسی لەلایەن لایەنە هاوبیرەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
یەکێک لە قازانجە سەرەکییەکانی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە لەڕێگای ئەم ڕێکخراوە زووتر دەنگی نەتەوەکەمان بە گوێی دەوڵەتانی دنیا دەگات لە ئەگەری هەر ستەمێک لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، باشترین کاناڵ بۆ ئەوەی دەنگ بگاتە دەست ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕێکخراوی پرۆگرسیفە. جیا لەوانە یەکەم جارە لە ڕێکخراوێکی گرنگی نێونەتەوییدا حیزبێکی کوردی ڕۆژهەڵات بۆ دەستەی رێبەریی دەنگی متمانەی پێدراوە و لە ڕێبەریدایە ئەمە هەلێکە کە کورد دەتوانێ سرنجی زۆر دەوڵەت بۆ لای خۆی ڕابکیشێ ٣٩ حیزب لەو رێکخراوە دا دەسەڵاتدارن و ڕاستەخۆ دەتوانن لە سەر بابەتەکان بدوێن و بڕیاری لە سەربدەن بۆیە دەرفەتێکە بۆ هاوبەشکردنی بیرۆکە و ستراتیژی و ئەزموونەکان لەگەڵ بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی تر. هەرچەند بە نیسبەت زۆر وڵات کورد لە زۆر نەتەوەی دیکە پابەندترە بە بنەماکانی سۆسیال دێموکڕسی بەڵام بەوحاڵەشە هاوپەیمان بوون لە گەڵ حیزب گەلێکی وەک پارتی سۆسیالیستی فەڕانسە یا پاڕتی سۆسیال دێموکڕاتی ئاڵمان و سوید و بە گشتی ئوروپا دەتوانێ ڕاستەخۆ ڕەنگدانەوی خۆی هەبێ لە سەر فەرهەنگی سیاسی و ئابوری و دەوڵەمەند کردنی بەهاکانی دێموکڕاسی لە کوردستان لەوانە یەکسانی ژن و پیاو، مافی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ڕێز لە ئازادیی تاکەکەس و هەموو بنەماکانی دێموکراسی.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بە بڕوای بەرێزتان کۆمەڵە هەتا چەند توانیوێتی نوێنەرایەتی کوردی رۆژهەڵات لەو هاوپەیمانییەدا بکات؟
نەک کۆمەڵە بەڵکو حیزبەکانی دیکەی کوردستانیش نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکەن ڕاستییەکەشی لە ڕوانینی ئەو هاوپەیمانییە هەر حیزبەو نوێنەری ناوچەکەی خۆیەتی بەڵام بە هۆی ئەوە کە کۆمەڵە لە هەیئەتی ڕێبەری دایە ئەرکی قورسترە دەبێ لە سەر هەر چالاکییەک کە ئەنجام دەدرێ یا هەر بیرۆکەیەک کە پێشکەش دەکرێ جا لە سەر هەر وڵاتێک لە هەر قاڕەیەک بێ، ڕا و بۆچوونی خۆی بدات چ بە هاوڕا بوون چ بە دژایەتی لە هەر حاڵەتدا دەبێ ڕوانگەی خۆی بخاتە بەر دەستی هەیئەتی ڕێبەری کەواتا دەتوانێ توانای یارمەتیدان لە داڕشتنی بەرنامە و پلانەکانی ڕێکخراوەکەی هەبێ هەروەها زۆر جار ئاڵوگۆرێ ئەزموونەکان یەک لایەنە نییە کە هەر کۆمەڵە کەڵکی لێ وەربگرێ بەڵکو بە پێچەوانەیە بۆ نموونە بۆ زۆر وڵات خەباتی ژنە پێشمەرگەی کۆمەڵە لە کۆمەڵگای خۆماندا بۆیان ئۆلگویە یا تەنانەت ژن لە ڕێبەریدا، ئێستاش خەباتکارانی ژن لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی وەک بزووتنەوەی سەردەم لە باسەکاندا لە لایەن حیزبگەلی جۆراوجۆر باس دەکرێن بۆیە بە کورتی هەم ئێمە قازانجمان بۆ ئەوان هەیە هەم ئەوان بۆ کورد. ئەوەی جێگای سرنجە لە هەر ڕووداوێکدا کە لە ئێران ڕوودەدا هەموویان ڕوویان لە ئێمەیە و پرس لە کۆمەڵە دەکەن کە چی بکەین چۆن بکەین لە بەر ئەوە ئەندامبوون لە ڕیبەریی رێکخراوێکی پێشکەوتنخوازی نێودەوڵەتیدا دەتوانێت متمانەی حزبە کوردییەکان بە تایبەت لە چاوی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زیاتر بکات.
.
ئاسۆی رۆژهەلات: ئایا بەرنامە یا پلانی تایبەتتان بۆ کورد هەیە لەو ڕێکخراوەدا؟
بەڵێ بە دڵنیاییەوە. ساڵەهایە ئێمە لە کۆنفڕانس و کۆنگرەکاندا بەشدارین ئەوەی ڕاستی بێ گرنگییەکی زۆر بە کێشەی ئیسرایل و فلستین دراوە زۆرترین کات تەرخان کراوە بە باس و لێدوان بە شێوەی پانێلگەلی جۆراوجۆر لە سەر چارەسەریی کێشەی ئەوان. هەروەک ئاماژەم پێدا زیاتر ئەو حیزبانە دەچوونە ناو بابەتەکان کە حکومەتیان بەدەست بوو. ئێمە پێشنیارمان داوە کە چارەسەری کێشەی کورد بەتایبەت کورد لە ئێران وەک پرسێک لە کۆنفڕانسەکاندا بکرێتە بابەت وە قسە و باسی لە سەر بکرێ، ئەوە دەتوانێ کەیسی کورد لە ئێران لای بڕیاردەرانی ئوروپایی و تەنانەت سەراسەری جیهان زیاتر بوروژێنێ و لای ئەوانیش ببێتە بابەت.