ئایدۆلۆژیا لە ڕژێمە تۆتاڵیتێر و فاشیستەکاندا نەک هەر وەک کۆمەڵێک بیروباوەڕ و بەها کاردەکات، بەڵکوو وەک ئامرازێکی بنەڕەتی بۆ ڕێکخستنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی و ئەندازیاریی دەروونی هاووڵاتیان دەجووڵێتەوە. لەم سیستەمانەدا ئایدۆلۆژیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتنی پێکهاتەی سیاسی، کولتووری و تەنانەت دەروونناسی کۆمەڵگادا. ڕژێمە تۆتالیتێر و فاشیستەکان، بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی تاکەکەسی و بەکۆمەڵدا، پشت بە ئایدۆلۆژیای تاک، تایبەت و دەستنیشانکراودەبەستن. هانا ئارێت، بیرمەندی دیاری سیاسی سەدەی بیستەم، لە بەرهەمە کلاسیکییەکەیدا (بنەماکانی تۆتالیتاریزم)، بە وردی ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن ئایدۆلۆژیا لە ڕژێمە تۆتاڵیتێرەکاندا، بە تایبەت لە ئەڵمانیای نازی و یەکێتی سۆڤیەتدا، ببووە ئامرازێک بۆ نەهێشتنی واقیع و گۆڕینی بۆ “لۆژیکی ئایدیۆلۆژی”. ئارێنت پێی وابوو ئایدۆلۆژیا لەم سیستەمانەدا تەنیا کۆمەڵێک باوەڕ نیە بەڵکوو ئامێرێکی لۆژیکییە کە هەموو واقیعێک لە خزمەت ئامانجی کۆتایی خۆیدا لێکدەداتەوە. بە واتایەکی تر ئایدۆلۆژیای تۆتاڵیتێر ئینکاری واقیع ناکات بەڵکوو سەرلەنوێ سازی دەکاتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ گێڕانەوەی فەرمی دەسەڵاتدا بگونجێت. ئەم بنیاتنانەوەیە لە ڕێگەی میدیا و سیستەمی پەروەردەیی و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانەوە ڕوودەدات و وردە وردە توانای تاکەکان بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆ بەرەو لاوازیی دەبات.
جۆرج ئۆروێڵ نووسەری بریتانیایی لە ڕۆمانی بەناوبانگی “١٩٨٤”دا وێنەیەکی ترسناک لە کۆمەڵگایەکی تۆتاڵیتێر دەکێشێتەوە کە تێدا ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار نەک تەنها ڕەفتار بەڵکوو زمان و یادەوەری و تەنانەت بیرکردنەوەش کۆنتڕۆڵ دەکات. چەمکی وەک “زمانی نوێ” دەریدەخات کە چۆن بە دووبارە داڕشتنی زمان، ئەگەری دەربڕین و تەنانەت خەیاڵکردنی چەمکە دژبەرەکەکان لەناو دەبەن. لە سیستمێکی وادا هاوڵاتیان ناچار دەبن لە یەک کاتدا دوو بیروباوەڕی دژبەیەک قبوڵ بکەن، چونکە لۆژیکی ئایدیۆلۆژی واقیع دەخاتە ژێر دەسەڵاتەوە. ئۆروێڵ نیشان دەدات کە کۆنتڕۆڵکردنی زمان بە واتای کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوەیە و ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە ئەو ڕژیمانە بەدوایدا دەگەڕێن.
هەروەها گرامشی تیۆریسیەنی مارکسیست لە شیکارییەکانیدا بۆ دەسەڵاتی سیاسی چەمکی “هێژمۆنیی کولتووری” دێنێتە ئاراوە. گرامشی پێی وابوو زاڵبوونی درێژخایەن بە تەنیا لە ڕێگەی هێزەوە بەدەست نایەت، بەڵکوو لە ڕێگەی کاریگەریی ئایدیۆلۆژییەوە لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک پەروەردە، ئایین، بنەماڵە و میدیادا بەدەست دێت. ئەم کاریگەرییە وادەکا مرۆڤەکان بە شێوەیەکی نائاگا خۆیان لەگەڵ ئەو نەزمەدا ڕێک بخەن و بە شتێکی ئاسایی وەریبگرن. لە ڕژێمە فاشیستەکاندا ئەم هەژموونە کولتوورییە لە ڕێگەی پێشخستنی ناسیۆنالیزمی توندڕەو و ڕەگەزپەرستی و دوژمنایەتییەوە دێتە دی. بۆ نموونە لە ئەڵمانیای نازیدا ئایدۆلۆژیای ڕەگەزی وێڕای بنەمای سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوە، پەروەردە و هونەر و تەنانەت زانستیشی دەگرتەوە. جوولەکەکان و قەرەجەکان و کەمینەکانی تر وەک “دوژمنی ڕەگەزی” ناوزەد دەکران و مەبەستی ڕاستەقینەش، بەهێزکردنی یەکگرتوویی ناوخۆیی و شەرعیەتدان بە توندوتیژیی دەوڵەتی بوو. لە ئیتالیا لە سەردەمی مۆسۆلینیدا، فاشیزم بە پشتبەستن بە ئایدۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی هەوڵیدا تاک بخاتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەوە. دروشمی بەناوبانگی “هەموو شتێک لەناو دەوڵەت، هیچ شتێک لەدەرەوەی دەوڵەت، هیچ دژی دەوڵەت” ڕەنگدانەوەی سروشتی تۆتالیتێری ئەم ئایدۆلۆژیایە بوو.دیارە لە پێکهاتەیەکی وادا تاکەکەس و ئازادی بیرکردنەوە و فرەچەشنی کولتووری وەک هەڕەشە سەیر دەکرێن و دەبێت لە بەرامبەر یەکێتی ئایدیۆلۆژیدا بکرێنە قوربانی. هەروەها لە یەکێتی سۆڤیەتدا ئایدۆلۆژیای مارکسیزم-لینینیزم وەک ڕاستی ڕەها پێشکەش دەکرا و هەر لادانێک لێی بە “لادانێکی ئایدیۆلۆژی” و “خیانەت” دادەنرا. لە سەردەمی ستالیندا ئەم ئایدۆلۆژیایە بوو بە ئامرازێک بۆ پاکتاوکردنی بەکۆمەڵ و سەرکوتکردنی ڕۆشنبیران و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کۆمەڵگا. تەنانەت زانست و هونەریش دەبوو لەگەڵ بنەما ئایدیۆلۆژییەکانی حیزبدا بگونجێت و هەر سەربەخۆیییەکی فیکری بە ناوی “دژە شۆڕش” سەرکوت دەکرا.
خاڵی گرنگ لە هەموو ئەم نموونانەدا ئەوەیە کە ئایدۆلۆژیا لە دەسەڵاتە تۆتاڵیتێر و فاشیستیەکاندا، هاوکات ئامرازێکە بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵات و وەک ئامێرێک بۆ بەرهەمهێنانی ماناش کاردەکات. ئەم ئامێرە لە ڕێگەی بەرهەمهێنانەوەی چەمکەکان و دووبارە نووسینەوەی مێژوو و کۆنترۆڵکردنی یادەوەری بەکۆمەڵ، پێکهاتەی سیاسی لە ئەگەری چاکسازی بێبەش دەکات. لەم جۆرە سیستمانەدا چاکسازیی سیاسی وەک هەڕەشەیەک بۆ داڕمان سەیر دەکرێت، چونکە هەر گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا پێویستی بە پێداچوونەوە بە پرەنسیپە ئایدیۆلۆژییەکان هەیە؛ و ئەمەش ئەو بەشەیە کە ڕژیمە تۆتاڵیتێرەکان زۆر لێی دەترسن. لە ئەنجامدا دەکرێ بڵێین ئایدۆلۆژیا لەم ڕژیمانەدا ڕۆڵی لە دەرەوەی پاساودانی سیاسەت هەیە. ئەم ئایدۆلۆژیانە بە چوونە ناو هەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، کولتووری و دەروونی، پێکهاتەیەک دروست دەکەن کە دەسەڵاتی سیاسی نەک تەنها لە ڕێگەی هێزەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی کۆنترۆڵی دەروونی و سازدانەوەی مانا و چەمکەکانیشەوە دادەسەپێت. ئەمەش وا دەکات چاکسازی سیاسی لە مەحاڵەوە نزیک بێتەوە، چونکە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکاری لەگەڵ بەرهەڵستیی توند لەلایەن ئایدیۆلۆژییەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە.
لە نەریتی فیقهی شیعەدا، بەتایبەتی دوای غەیبەتی گەورە لە سەدەی چوارەمی کۆچیدا، پیاوانی ئایینی بە شێوەیەکی سەرەکی ڕۆڵی چاودێر و ڕێنمایی کاریان لە کۆمەڵگادا بینی و خۆیان لە چوونە ناو دەسەڵاتی سیاسی بەدوور دەگرت. ئەم ڕێبازە لەسەر بنەمای چاوەڕوانی دەرکەوتنی ئیمامی دوانزەهەم دامەزرا و لە ئەنجامدا حکومەتەکان ئەگەر ستەمکار یان گەندەڵ بوایەن، وەک ڕاستییەکی نەگۆڕ چاو لێدەکران. بەڵام له سەدەی بیستەم و به تایبەتی دوای بزووتنەوەی مەشرووتە، هەندێک مەلای شیعه وەک شێخ فەزڵوڵڵا نووری و کاشانی کەوتنە ناو کایەی سیاسەتەوە، هەرچەند دیدگای زاڵ له ناوەندە ئاینییەکاندا هێشتا دیدگای خۆ دوورخستنەوە له دەسەڵات بوو. خومەینی، بە تیۆری خۆی سەبارەت بە ویلایەتی فەقێ، ئەم نەریتەی گۆڕی. لە زنجیرە وتارەکانیدا، ئاماژەی بەوەدا کە فەقێ کە شارەزایی تەواوی هەیە، دەبێ نەک تەنها لە بابەتە ئایینییەکان بەڵکوو لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاشدا مافی سەرپەرشتیی هەبێت. ئەم تیۆرە کە لەسەر بنەمای پرەنسیپی وەک جێبەجێکردنی یاسا ئیسلامییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئومەتی ئیسلامی بوو، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی پیاوانی ئایینی ڕاستەوخۆ بچنە ناو پێکهاتەی دەسەڵاتەوە. خومەینی بە ڕاشکاوی دەیگوت، دامەزرانی حکوومەتی ئیسلامی نەک هەر مومکینە بەڵکوو ئەرکێکی ئایینییە و دەبێ فەقێیەک لە سەرووی ئەو حکومەتە بێت؛ حکومەتێکی ئایینی بە سەرۆکایەتیی فەقێیەک، کە شەرعیەتی خۆی نەک لە دەنگی خەڵکەوە، بەڵکوو لە حوکمەکانی شەریعەتی ئیسلامی و دەقە ئایینییەکانەوە وەردەگرێت.
ئەم بۆچوونە دواتر لە دەستووری کۆماری ئیسلامیدا بەدامەزراوەیی کرا و ویلایەتی فەقیه وەک کۆڵەکەی ناوەندی سیستەمی سیاسی دامەزرا. شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ لە کاتێکدا ڕوویدا کە ناڕەزایی گشتی لە ڕژیمی پەهلەوی گەیشتبووە لووتکە. لەم نێوەندەدا، پیاوانی ئایینی شیعە بە سەرۆکایەتی خومەینی، توانیان بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە ئایینییە نەریتییەکان وەکوو مزگەوت، لیژنە و مەدرەسەئایینییەکان جەماوەر کۆبکەنەوە. ئێستا ئیتر، شۆڕشی ئێران کە بە لاڕێدا چووبوو، بە پێچەوانەی شۆڕشە مۆدێرنەکان کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای سێکۆلار وەک لیڕالیزم یان مارکسیزم دامەزرابوون، لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئایینی و بە دروشمی “سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئیسلامی” سەرکەوت. ئەم دروشمە نوێنەرایەتی تێکەڵکردنی داواکارییە مەدەنییەکان لەگەڵ ئایدیاڵە ئایینییەکانی دەکرد، بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش، پێکهاتەی ئایینییەکەی بەسەر پێکهاتەکانی دیکەدا زاڵ بوو. لە داڕشتنی دەستووردا ویلایەتی فەقێ وەک میحوەری دەسەڵاتی سیاسی دامەزرا. لە ڕاستیدا شۆڕشی ٥٧ تەنیا گۆڕانکارییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو خاڵی دەستپێکی چەسپاندنی ناوەرۆکی ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامی بوو؛ بنەمایەک کە دەسەڵاتی سیاسی تێیدا بەستراوەتەوە بە شەرعیەتی ئایینی و هەر چاکسازییەک یان گۆڕانکارییەک پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەم پەیوەندییە بنەڕەتییە هەیە. ناوەرۆکی ئایدیۆلۆژیکی ئەو سیستەمە نەک هەر پارێزراو بوو بەڵکوو لە بەرامبەر قەیران و تەحەدای ناوخۆیی و دەرەکیدا تاکە هێزی یەکلایی کەرەوە بوو. لە ساڵی ١٣٥٨دا، داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەلایەن خوێندکارانی پەیڕەوی هێڵی ئیمام و بارمتەگرتنی دیپلۆماتکارە ئەمریکاییەکان، خاڵی وەرچەرخانێک بوو لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا. خومەینی ئەم کارەی بە “شۆڕشی دووەم” ناوبرد و پشتیوانی تەواوی لێکرد. ئەم ڕووداوە نیشانی دا کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی کلاسیک نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای بەڕواڵەت دژە ئیمپریالیستی و ئایدیالیستی بووە. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بە پشت بەستن بە ناوەرۆکی ئایدیۆلۆژیک، وەک یەکێک لە بنەما ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرز کرایەوە. ئەم سیاسەتە ئامانجی گواستنەوەی بیرۆکە و ڕەوشتی شۆڕشی ئیسلامی بوو بۆ وڵاتانی دیکە بە پشتیوانیکردنی گرووپە ئیسلامییەکان لە لوبنان، عێراق، بەحرەین، عەرەبستان و فەلەستین. دامەزراندنی سپای قودس، وەک قۆڵی دەرەوەی سپای پاسداران، بەم ئاراستەیەدا جێبەجی کرا.
هەرچەندە شەڕی ئێران و عێراق بە لەشکرکێشی عێراق دەستیپێکرد، بەڵام بە هیچ چەشنێک ناکرێ نکوولی لە کاریگەریی وتە و هاندانی ئاشکرای مەلاکانی تاران و لەسەرووی هەموویانەوە خۆدی خۆمەینی بکەین بۆ ورووژاندنی هەستی ئایینی شیعەکانی عێراق بە مەبەستی ڕووخانی حکوومەتی بەغدا. ئەمەش بە بێ کاریگەری ئایدۆلۆژیا نەدەچووە سەر. باری ئایدیۆلۆژیا لە ئاستێکدا بوو کە زۆر بە زەقی بەسەر بڕیارە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران و بەتایبەت درێژەدان بەشەڕێکی وا کاولکەردا دیار بوو. سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی شەڕی بە نیعمەت و دەرفەت بۆ هەناردەکردنی شۆڕش و چەسپاندنی سیستەمی ئیسلامی دەزانی. دروشمی “رێگای قودس بە کەربەلادا تێدەپەڕێت” ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکی ئایدیالیستی و ترانسنەشناڵ بوو بۆ درێژەدان بەو شەڕە. ئەم بۆچوونە لە ساڵانی سەرەتای شەڕدا ڕێگری لە قبوڵکردنی ئاگربەست کرد و تێچووی قورسی مرۆیی و ئابووریی بەسەر وڵاتدا سەپاند. لە دەیەکانی دواتردا کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە ئایدۆلۆژیای دژە زایۆنیستی، پشتیوانی لە گرووپەکانی وەک حیزبوڵڵا لە لوبنان، حەماس، جیهادی ئیسلامی فەلەستین، حوسییەکان لە یەمەن و میلیشیا شیعەکان لە عێراق کرد. ئەم پشتیوانییە بە بەشێک لە ستراتیژی بەرخۆدان لە دژی نفوزی ئەمریکا و ئیسرائیل دادەنرا. ئەم سیاسەتە بۆتە هۆی سزای بەرفراوان و دابڕانی دیپلۆماسی و گرژیی ناوچەیی. ناوەرۆکی ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی، هەر لەو ساتەوەختەی کە شۆڕشی ئیسلامی فۆرمی خۆی گرت، نەک تەنیا وەک چوارچێوەیەک بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی سیاسی، بەڵکوو وەک پێکهاتەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەندازیاری کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەمنیەتی وڵات داڕێژرا. ئەم ناوەڕۆکە لەسەر یەکخستنی ئایین و سیاسەت و تیۆری ویلایەتی فەقێ و ئایدیالیزمی شۆڕشگێڕانە دامەزرا. لە ماوەی چوار دەیەدا، بە دروستکردن و چەسپاندنی کۆمەڵێک دامەزراوەی فەرمی و نافەرمی، هەر چاکسازییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیاسیدا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوەی خۆی سەیر دەکرد. ئەو دامەزراوانەی کە ئەم ئایدۆلۆژیایە دەپارێزن، لە چوارچێوەی گوتاری فەرمیدا دەسەڵات دەپارێزن و لە ڕێگەی ئامرازە یاسایی و ئەمنی و کولتووری و میدیاییەکانەوە ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی دەکەن.
لە سەرووی ئەم دامەزراوانەدا “شوورای نیگەهبان” هەیە؛ دامەزراوەیەک کە پێکهاتووە لە شەش فەقێ کە لەلایەن خودی ڕێبەرەوە دەستنیشان کراون و شەش پارێزەریش هەڵبژێردراوی دەسەڵاتی دادوەرییە، کە بەرپرسیارە لە دڵنیابوون لەوەی بڕیارنامەکانی پەرلەمان بە یاسای ئیسلامی و دەستوورەوە پابەندن. بەڵام ڕۆڵی سەرەکی ئەم شوورایە لە سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکاندا بە شێوەیەکی کاریگەر بووەتە ئامرازێک بۆ نەهێشتنی هێزی ڕەخنەگر و چاکسازیخواز. ئەم دامەزراوە، بە بێبەشکردنی بەرفراوانی کاندیدەکانی هەڵبژاردن، لە چوونە ناوی هەر بۆچوونێکی جیاواز بۆ ئۆرگانەکانی بڕیاردان و پێکهاتەی پەرلەمان ڕێگری دەکات و بەمجۆرە سەرۆکایەتی وڵات لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای فەرمیدا سنووردار دەکاتەوە. ئەم میکانیزمه به تایبه تی له هه ڵبژاردنه کانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیدا، بۆتە هۆی نەهێشتنی کێبڕکێی سیاسی ڕاستەقینە و تەنیا ئەو تێڕوانینانەی لەگەڵ ناوەرۆکی ئایدیۆلۆژیدا هاوتەریبن ئەگەری ئامادەبوونێکی کاریگەریان لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدا هەیە. شانبەشانی شوورای نیگەهبان، ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریش (مجلس خبرگان رهبری) ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە سەقامگیرکردنی پێکهاتەی ئایدیۆلۆژیدا. ئەم مەجلیسە کە ئەرکی هەڵبژاردن و سەرپەرشتیکردنی ڕێبەری ڕژیمی لە ئەستۆیە، خۆی لەژێر کاریگەریی دامەزراوە ئەمنییەکاندا کاردەکات. ئەندامەکانی لە نێو پیاوانی ئایینی وەفادار بۆ ڕژیم هەڵدەبژێردرێن و لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا هەرگیز ڕەخنەی جددی یان چاودێرییەکی کاریگەریان بەسەر کردەوەکانی سەرکردایەتییەوە نەبووە. ئەم دامەزراوەیە لەجیاتی ئەوەی ڕۆڵی چاودێری بگێڕێت، شەرعیەت بە دەسەڵاتی وەلی فەقێ دەدات و هەروەها خۆی لە هەر باسێکی چاکسازی لە پێکهاتەی سەرکردایەتی یان سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی بەدوور دەگرێت. لە ڕاستیدا “مجلس خبرگان” بۆتە دامەزراوەیەکی سیمبۆلیک کە ئەرکی، کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات نییە، بەڵکو پشتڕاستکردنەوەیەتی.
گرنگتر لەوانەش، پێکهاتەیەک وەک سوپای پاسدارانە کە زیاتر لە هێزێکی سەربازییە و وەک قۆڵی جێبەجێکاری ئایدۆلۆژیای فەرمی ڕژیم کاردەکات. ئەم دامەزراوە، کاریگەری بەرفراوانی هەیە لە بواری ئەمنی، ئابووری، کولتووری و تەنانەت سیاسیشدا. ئەرکی سەرەکی سوپای پاسداران پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانە بۆ سەر ڕژیم. لە دەیەکانی ڕابردوودا، سوپای پاسداران ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، کۆنترۆڵکردنی فەزای ئیلیکترۆنی، ئەندازیاری کردنی هەڵبژاردنی ساختە و تەنانەت بەڕێوەبردنی پڕۆژە ئابوورییە بەرفراوانەکان. ئەم دامەزراوەیە هەر چاکسازییەکی بنەڕەتی بە “پیلانی دوژمن” ناوزەد دەکات و بە ڕێگەی سەخت و نەرم بەرگری لە بەردەوامیی ئایدۆلۆژیای فەرمی دەکات. ئاشکرایە کە لە ڕێگەی سپای قودس و پشتیوانی لە گرووپە میلیشیاکانی ناوچەکە، پەیوەندی قووڵی نێوان ئاسایش، ئایدۆلۆژیا و سیاسەت لە کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە دەبات.
لە لایەکی تریشەوە، میدیای فەرمی و دامەزراوە کولتوورییەکان خزمەت بە بەرهەمهێنانەوەی گوتاری ئایدیۆلۆژیی ڕژیم دەکەن. دەزگای پەخشی ئێران، دەزگا هەواڵییە دەوڵەتییەکان و دامەزراوەگەلی وەک ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی، ناوەندی هونەری و نووسینگەی بەرهەمەکانی ڕێبەر، بە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی ئایینی، شۆڕشگێڕانە و دژە ڕۆژئاوایی، هەوڵ دەدەن شوناسێکی ئایدیۆلۆژیکی بۆ کۆمەڵگا دامەزرێنن. ئەم میدیایانە کار بۆ شەرعیەتدان بە پێکهاتە سیاسییە هەنووکەییەکان دەکەن و هەرەوەها بە سانسۆرکردن و شێواندن و نەهێشتنی ڕوانگە ڕەخنەگرانەکان، ڕێگری لە پێکهاتنی فەزای گشتی ئازاد و فرەچەشنی دەکەن. لە کۆماری ئیسلامیدا میدیا ئامرازێک نییە بۆ زانیاری، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ پەروەردەی ئایدیۆلۆژی؛ ئامرازێک کە دەبێت “ئومەتی حزبوڵڵا” بنیات بنێت و ڕێگری لە “دزەکردنی کولتووری” بکات. بەم پێێە، پێکهاتەی یاسایی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەک داڕێژراوە کە چاکسازیی بنەڕەتی نزیکە لە مەحاڵەوە. دەستوور بەتایبەتی لە پرەنسیپەکانی پەیوەست بە چاودێریی وەلی فەقێ و ئەنجومەنی پارێزەران و چاودێریکردنی ڕۆژنامەگەری و حیزبەکان، چوارچێوەیەکی دابین کردووە کە هەر گۆڕانکارییەک بەرەو دیموکراتیزەکردن ڕووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی دەبێتەوە. بۆ نموونە هەموارکردنەوەی ئەو بەندانەی دەستوور کە دەسەڵاتە بەرفراوانەکانی ڕێبەری دیاری دەکەن، پێویستی بە ڕەزامەندی ئەو دامەزراوانە هەیە کە خۆیان پارێزەری ئایدۆلۆژین. بۆیە ئەگەر ئیرادەیەکی جەماوەریش بۆ چاکسازی هەبێت، ئەوا پێکهاتەی یاسایی هەڵیدەوەشێنێتەوە و پووچەڵی دەکاتەوە. ئەم دۆخە وایکردووە کە ڕیفۆرمخوازی لە ئێراندا هەمیشە لە ئاستی تاکتیکیدا بمێنێتەوە و نەتوانێت بگاتە ئاستی ستراتیژی و ستراکتوری. ئەزمونی حکومەتە ڕیفۆرمخوازەکان بە تایبەت لە سەردەمی محەممەد خاتەمی و حەسەن ڕوحانیدا دەریخست کە ئەگەر لە هەڵبژاردنیشدا سەربکەون، ئەو دامەزراوانەی ئایدۆلۆژیا دەپارێزن ڕێگرن لە جێبەجێکردنی چاکسازی بنەڕەتی. دەستپێشخەرییەکانی وەک گفتوگۆی شارستانیەتەکان، میساقی مافەکانی هاووڵاتیان، یان هەوڵەکان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕۆژئاوا، لەگەڵ دژایەتیی توندی دامەزراوە ئەمنییەکان و توندئاژۆکان بەرەوڕوو بووەتەوە. لە زۆر حاڵەتدا وەزیر و کارگێڕە چاکسازیخوازەکان لە ژێر فشاری دامەزراوە هاوتەریبەکاندا ناچاربوون دەست لەکار بکێشنەوە.
دەبێ ئاماژە بەوە بکرێ کە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵانی ١٣٨٨، ١٣٩٦، ١٣٩٨ و بەرچاوترینیان واتا “شؤڕشی ژن ژیان ئازادی” لە ١٤٠١دا، بەرەوڕووی سەرکوتی بەرفراوان بۆوە، چونکە داواکارییەکانی خەڵک، لە چاکسازیی ڕووکەشیانەوە تێپەڕی و تەحەدای ناوەرۆکی ئایدیۆلۆژیکی سیستمەکەی کرد. لەم ناڕەزایەتیانەدا دروشمی “ریفۆرمخواز، بناژۆخواز، ماجەرا کۆتایی هاتووە” ڕەنگدانەوەی بێ هیوایی گشتی بوو لە ئەگەری چاکسازی لە چوارچێوەی هەنووکەییدا. لە پێکهاتەیەکی وادا، ئەو دامەزراوانەی کە ئایدۆلۆژیا دەپارێزن، نەک تەنیا لە ڕێگەی یاسا و دەسەڵاتی فەرمی، بەڵکوو لە ڕێگەی تۆڕە نافەرمیەکانیشەوە کاردەکەن. بەسیج و دەستەی ئایینی و مەدرەسە و دامەزراوە کولتوورییەکانی سەر بە سوپای پاسداران هەموویان خزمەت بە بەرهەمهێنانەوەی گوتاری فەرمی دەکەن. ئەم تۆڕانە بە دزەکردنە ناو قوتابخانە و زانکۆ و مزگەوت و فەزای ئیلیکترۆنی هەوڵی پەروەردەکردنی نەوەی نوێ دەدەن لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای فەرمی و ڕێگری لە دروستبوونی گوتاری جێگرەوە. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی تەنیا سیستمێکی سیاسی نییە، بەڵکوو سیستەمێکی پەروەردەیی و فەرهەنگییە کە لە درێژخایەندا، ئامانجی پاراستن و بەرهەمهێنانەوەی شوناسی ئایدیۆلۆژییە. بە کورتی، ئەو دامەزراوانەی کە ئایدۆلۆژیا لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەپارێزن، لە ڕێگەی داڕشتنی ستراکتوری و ئۆپەراسیۆنی هەماهەنگی خۆیانەوە، ڕێگریان لە چاکسازی لە سیستمەکەدا کردووە و دەکەن. ئەم دامەزراوانە نەک هەر دەسەڵات لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای فەرمیدا دەهێڵنەوە، بەڵکوو ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕێگەی دەست نیشانکردن و سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنی کولتوورییەوە دەکەن. بە سەرەنجدان بەو خاڵانەی ئاماژەی پێدرا، بە ڕوونی دەبینرێت کە لە پێکهاتەیەکی وەهادا، چاکسازی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک مومکین دەبێت کە ئەم دامەزراوانە یان بگۆڕدرێن یان دامەزراوەی لێپرسینەوە و جەماوەری جێگەیان بگرێتەوە؛ بابەتێک کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی بەهێز بووەتەوە و کۆماری ئیسلامی بە درێژایی ساڵانی دەسەڵاتداری خۆی نیشانی داوە کە هیوای چاکسازی سیاسی لە دامەزراوەکانی دەسەڵاتدا زیاتر لە وەهمێک نییە.

