By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: گەندەڵی دوانەی جیانەکراوەی کۆماری ئیسلامی!
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > گەندەڵی دوانەی جیانەکراوەی کۆماری ئیسلامی!
وتار

گەندەڵی دوانەی جیانەکراوەی کۆماری ئیسلامی!

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/06/25 at 9:42 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
14 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

کازم سدیقی، پێشنوێژی تایبەتی خامنەیی کە ساڵانێکە وەک ئیمامی کاتی نوێژی هەینی تاران و بەرپرسی مەڵبەندی پەرەپێدانی » ئەمر بە مەعروف و نەهی ئەز مونکەر « لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕێژیمی ئایینی ئێراندا بەرچاوە، جارێکی دیکە بە هۆی تۆمەتەکانی گەندەڵی دارایی لەلایەن بنەمالەکەییەوە  ناوی کەوتۆتە سەر زار. هەر لە کەیسی دەستبەسەرداگرتنی زەوی باخی ئەزگۆلەوە کە بە ناوی خۆی و منداڵەکانیەوە تۆمارکرابوو، تا دەگاتە دەستگیرکردنی ئەم دواییەی دوو کوڕەکەی بە تۆمەتی “پێشێلکاری و گەندەڵی جۆراوجۆر”، ناوی کازم سدیقی بۆتە یەکێک لە هێماکانی گەندەڵی سیستماتیک لە هەیکەلی حکومەتدا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەڵگە لە سەر کازم سدیقی و کوڕەکانی، محەمەد حسێن و محەمەد مێهدی، بڵاوکرانەوە کە دەریدەخەن دەستیان بەسەر باخێەکی ٤٢٠٠ مەتر چوارگۆشەدا گرتووە لە ناوچەی دەوڵەمەندی ئەزگۆلی تاران. باخەکە کە بەهای یەک هەزار ملیارد تمەن مەزەندە دەکرێت، سەر بە مەدرەسەی خومەینی بووە لە ژێر چاودێری سدیقی و بە بەشێک لە موڵکی گشتی دادەنرا.

بەپێی بەڵگەنامەکان، لە خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢ کۆمپانیایەک بە ناوی “پەیڕەوانی بیری قاعم” لەلایەن سدیقی و دوو کوڕەکەی و بووکەکەی و جەواد عەزیزی (کارمەندی پێشووی شارەوانی) دامەزراوە. تەنیا مانگێک دوای تۆمارکردنی کۆمپانیاکە، خاوەندارێتی باخەکە گواسترایەوە بۆ ئەم کۆمپانیایە، بە بڕە پارەیەکی زۆر کەم (نزیکەی ٦.٥ ملیارد تمەن)، کە ١٥٠ هێندە لە بەهای ڕاستەقینەی کەمتر بوو. بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە سدیقی وەک فرۆشیار لە مامەڵەکەدا، خۆی ئامادە بووە و واژۆ و پەنجەمۆرەی لەسەر بەڵگەنامەکە تۆمار کراوە.

بەڵام کازم سدیقی کێیە و هەڵوێستەکانی چین و پێگەی لە کۆماری ئیسلامیدا چییە؟

کازم ڕەجەبی سدیقی ناسراو بە کازم سدیقی، لە ١ی خاکەلێوەی ١٣٣٠ لە شاری ئەبهەر لە پارێزگای زەنجان لە دایکبووە. لە دەیەکانی ٤٠ بەرەو  شاری قوم  گواستویانەتەوە و لە قوتابخانەی حەقانی  ئەم شارە دەستی بە خوێندنی ئایینی کردووە.

نەوەیەک لە پیاوانی ئایینی لە قوتابخانەی حەقانی سەریان هەڵدا کە دواتر سەرکردایەتی دادوەری و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامییان گرتە ئەستۆ.

سدیقی لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییانەی لە قوتابخانەی حەقانی کردبووی، هاتە ناو سیستەمی دادوەریی کۆماری ئیسلامی و پۆستی گرنگی وەک سەرۆکی دادگا گشتییەکانی تاران و سەرۆکی دادگای باڵای دادوەرانی وەرگرت. ناو براو بەهۆی ئەو حوکمە زۆرە ئێعدامیانەی وا لە دەهەی ٦٠ی هەتاوی داویەتی بە یەکێ لە قاتلان ئەم نیزامە دەناسرێت.

لە دوای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو و لە سەردەمی ڕێبەرایەتی عەلی خامنەیی، سدیقی هەوڵیدا لە نووسینگەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی نزیک بێتەوە و لەو هەوڵەدا زۆر سەرکەوتوو بوو. نزیک بوون لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕێگەی پێدا پۆستی جۆراوجۆر لە ناو ئەم ڕژیمە بەدەست بهێنێت.

عەلی خامنەیی هەر لە سەرەتای بە دەستگرتنی دەسەڵات، لە ساڵی ١٣٦٩، بە فەرمانێک کازم سدیقی وەک پشکنەری گشتیی دەسەڵاتی دادوەری دەستنیشان کرد. لە ساڵانی هەشتاکانیش نووسینگەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ناوبراوی وەک وتاردەر لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی ئایینیدا دەست نیشان کرد کە لە زۆربەی ئەم ڕێورەسمانە عەلی خامنەیی بەشدار بووە.

لە ساڵی ١٣٨٨ و لە ناو ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی هەڵبژاردن کە بە “بزووتنەوەی سەوز” ناسرا، خامنەیی فەرمانی دا کە سدیقی وەک ڕێبەری کاتی نوێژی هەینی تاران دەستنیشان بکرێت و لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین جار دژی “جەریانی فیتنە” قسەی کردووە، وشەیەک کە حکومەت بۆ ئەم ناڕەزایەتیانە بەکاری دەهێنێت.

سدیقی لە وتارەکانیدا چەندین جار دژی بیر و ئەندیشەی ئازاد قسەی کردووە و وەک بەرپرسی ستادی » ئەمر بە مەعروف و نەهی ئەز مونکەر « بۆتە یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی دژبەری ئازادیی ژنان.

بۆ نموونە لە وتارێکدا لە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٥دا بانگەشەی ئەوەی کرد کە “تێکدانی کولتووری” لە ئێراندا هەیە و وتی کە هەندێک گۆڤار و فیلم و بەرهەمە کولتوورییەکانی دیکە لە ئێراندا “ژەهراوی”ن و “لە میکرۆبەکانی ئایدز و شێرپەنجە خراپترن”.

هەروەها سدیقی لە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٣ پرسی جیاکاریی ڕەگەزی لە شوێنی کاری ژن و پیاو لە شارەوانی تاران بە “گرنگتر لە دروستکردنی تونێل و پارک” زانی.

سەدیقی ئێستا “راوێژکاری باڵا”ی غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەرییە.

لە ساڵی ١٣٨٣ کازم سدیقی لە ناوچەی ئەزگۆل لە باکووری تاران مەدرەسەێەکی دامەزراند و بوو بە شوێنی کۆبوونەوەی. بەڵام هەر لە سەرەتای دامەزراندنی مەدرەسە، ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە “دەستبەسەرداگرتنی زەوی” لەلایەن سدیقیەوە بلاوکراوە.

کازم سدیقی تا ماوەیەک لەمەوبەر لەو پرسەدا بێدەنگ بوو، وە سەیرتر ئەوە بوو هەر لە هەمان کاتدا چەندین جار داوای زیادکردنی بودجەی دامودەزگا و ڕێکخراوە ئایینییەکان بە مەدرەسەکانیشەوە کردووە، لە جێی ئەوەی وەڵامی پرسی گەندەڵی داراییەکانی خۆی بداتەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە یەکێکیتر لە کەیسە گەندەلیەکانی لە ساڵی ١٣٩٣ دا، داهاتی هۆتێلێکی گەورەی شاری مەشهەد بۆ مەدرەسەی ئەزگۆل لەژێر ئیدارەی کازم سدیقیدا گواستراوەتەوە، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کە ئەو داهاتە دەخرێتە سەر حسابی دامەزراوەیەک کە کازم سدیقی بەڕێوەی دەبات.

چەند ساڵێک لەمەوبەر، ماڵپەڕی “ڕۆیداد ٢٤” کە پێگەیەکی هەواڵی ناوخۆییە، مەدرەسەی ئەزگۆڵی کە بە ناوی ڕوحوڵڵا خومەینیەوە ناونراوە، بە مەدرەسەیەکی “ گەرانبەها” وەسف کرد.

بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە، ئەو مەدرەسە ”لە چوار نهۆمدا هەڵکەوتووە و هەشت یەکەی هەیە لە ناوچەی ئەزگۆلی تاران کە بە یەکێک لە گرانترین ناوچەکانی تاران دادەنرێت، هەر یەکەیەکیش لە چوار ژوور پێکهاتووە، بەمەش کۆی ژوورەکانی گەیشتووەتە ٣٢ ژوور.

سدیقی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار داوای لە خەڵکی ئێران کردووە کە لە ڕێگەی “نوێژ و ڕۆژوو” لە بەرامبەر ئاستەنگییە سەختەکانی ئابووریدا پشوو درێژ بن و سەبر بگرن.

بەڵام هەندێک لە میدیاکانی ئێران نووسیویانە “چۆن مرۆڤ چاوەڕێی ئەوە دەکات کەسێک کە خاوەنی مەدرەسەیەکی وەها گرانبەها بێت، لە کێشەکانی خەڵک تێبگات؟”

کەیسی سدیقی نمونەیەکی بەرچاو لە هەزاران کەیسی گەندڵی لە ناو کۆماری ئیسلامیدایە و ئەگەر قوڵتر بروانینە بابەتەکە ئەوە دەبینین کە خودی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی گەندەڵی، لە دامەزراوەیەکی سەربازییەوە گۆڕاوە بۆ ئیمپراتۆریەتێکی ئابووری کە کەرتە سەرەکییەکانی ئابووری وەک نەوت، گاز و بیناسازی کۆنترۆڵ دەکات.

لە سەروی هەموویانەوە بەیتی ڕێبەری، بەهۆی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی وەک ” سیتادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام”، سەرچاوە داراییە گەورەکان بەبێ شەفافیەت بەڕێوەدەبات و ڕێگری دەکات لە چاودێریکردنی سەربەخۆی ئەم دامەزراوانە. هەروەها ڕێبەرانی ئایینی و ئیمامانی نوێژی هەینی بە خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان هاوکارییان کردووە لە بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لە سیستەمی ئابووری و سیاسیدا. بازاڕی سونەتی کە سەردەمانێک بەرهەمدار بوو، ئێستا بووەتە ئامرازێک بۆ قۆرخکاریی کرێنشینانی دەسەڵات. سەرمایەدارە گەورەکان، لە ڕێگەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت، بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە نیشتمانییەکان، ئابوورییان بە زیانی خەڵک بەرەوپێش بردوە. هەروەها نەبوونی چاودێری سەربەخۆ، سەرکوتکردنی میدیا و دەستکاریکردنی سیستەمی دادوەری، گەندەڵی بەهێزتر و مسۆگەر کردووە و ئەگەری چاکسازی کەمکردووەتەوە. ئەم جۆرە لە گەندەڵی نەک هەر کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک داناوە، بەڵکو بەربەستێکی گەورەی بەردەم گەشەپێدان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دروست کردووە.

زۆر بە ڕوونی لەم ساڵانەی دواییدا دەبینین کە کۆماری ئیسلامی پراوپرە لە گەندەڵی. هەر بۆ بەرچاوروونی زیاتر دەتوانین ئاماژە بە ئەم چەند کەیسە بکەین:

دۆسیەی “سەکۆی نەوتی ونبوو لە ساڵی ١٣٩١” یەکێک لە نموونە دەگمەنەکانی گەندەلی دارایی لە پیشەسازی نەوتی ئێراندا لەخۆدەگرێت کە ڕەهەندەکانی گەندەڵی بەربڵاو لە بەڕێوەبردنی پڕۆژە گەورەکاندا ئاشکرا دەکات.

فەزیحە داراییەکەی “بانکی سادرات لە ساڵی ١٣٩٠ ” بەشێک بوو لەو گەندەلیە سیستیماتیکە کە ٢.٦ ملیار دۆلاری تێچووە کە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ساختە بۆ بەدەستهێنانی ئیمکاناتی بانکی دزیەکی ئاوەها گەورەیان تێداکرد. ئەم کەیسە بە شێوەیەکی جددی لاوازییەکانی چاودێری و خراپ بەڕێوەبردنی سیستەمی بانکی ئێرانی ئاشکرا کرد.

دۆسیەی گەندەڵی “بانک مێلی ١٣٩٠” کە بریتی بوو لە گەندەڵی چەندین ملیارد دۆلار لە سامانی گشتی لەلایەن مەحمود ڕەزا خاوەری، بەڕێوەبەری ئەوکاتی بانکی مێلی. کاتی خۆی ئەم گەندەلیە یەکێک بوو لە دۆسیە هەرە مشتومڕاوییەکانی گەندەڵی دارایی لە ئێران.

“بونیادی مستەزعەفان” یەکێکە لە دۆسیە هەرە مشتومڕاویەکانی گەندەڵی سیستماتیکی دارایی لە ئێران. چەندین تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دارایی و خراپ بەڕێوەبردن لە دژی بەڕێوەبەرە باڵاکانی دامەزراوەکە خراوەتەڕوو بەڵام بەهۆی نەبوونی شەفافیەت و چاودێری سەربەخۆ، وردەکاریی وردی ئامارەکانی گەندەڵی و ناسنامەی ئەو کەسانەی کە بەشدارن لە دۆسیەکەدا هەرگیز بە تەواوی ئاشکرا نەکراون.

دۆسیەی بابەک زەنجانی کە یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی لە مێژووی ئێراندا. ئەم کەیسە بریتی بوو لە گەندەڵی ٢.٨ ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی وڵات.

دیارنەمانی ٢٠ هەزار میلیارد تمەن لە ساڵ ١٣٩٥ لە سەردەمی سەرۆکایەتی شارەوانی محەمەد باقر قالیباف!

دۆسیەی گەندەڵی لە “شرکەتی میلی پترۆشیمی” لە ساڵی ١٣٩٨ یەکێک لە گەورەترین نموونەکانی گەندەڵی داراییە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، کە قەبارەکەی بە ڕوونی کەموکوڕییە قووڵەکانی سیستەمی چاودێری دارایی و دادوەریی وڵات نیشان دەدات. لەم کەیسەدا بەڕێوەبەرە باڵاکانی شرکەتەکە بڕە پارەیەکی یەکجار زۆریان بە بڕی ٦.٦ ملیار یۆرۆ لە سەروەت و سامانی یەکێک لە گەورەترین دامەزراوە پیشەسازی و ئابوورییەکانی وڵاتیان دزی.

فەزیحەی “چای دێبێش” ساڵی ١٤٠٢ بریتی بوو لە گەندەڵی زیاتر لە ٣.٣٧ ملیار دۆلاری دراوی دەوڵەت کە بە بیانووی هاوردەکردنی چا و کەرەستەکانی تەرخانکرابوو.

بە کورتی ئەم تۆڕە ئاڵۆز و بەرفراوانە دەستی بەسەر هەموو سەرچاوە و ئیمکاناتی دارایی وڵاتدا گرتووە و مانەوەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە سەر ئەم گەندەلیە سیستماتیکە مسۆگەر کردوە. خامنەیی لەم وزە ئازادکراو و وێرانکەرە گەندەلییە کەڵکی وەرگرتووە، هەم بۆ کۆنترۆڵکردن و شکستپێهێنانی چاکسازییەکان بە تایبەت لە ساڵەکانی ٧٦ تا ٨٤ ، هەم بۆ دەستپێکردنی کودەتای ساڵی ٨٨ بۆ ئەوەی شەمەندەفەرەکە لەسەر ڕێڕەوی خۆی بهێڵێتەوە بۆ ستراتیژییەکی درێژخایەنی مانەوەی دەسەڵاتەکەی خۆی.

هەر وەک دەبینین گەندەڵی لە ئێران بۆتە دیاردەیەکی بەربڵاو و سیستماتیک کە کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی وڵات هەبووە. لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەم گەندەڵییە نەک هەر تەشەنەی کردووە، بەڵکو بۆتە ئامرازێک بۆ پاراستنی دەسەڵات.

ئەمە ڕاستییەکە کە لە زۆرێک لە شیکارییەکاندا سەبارەت بە هۆکاری لاوازی کۆماری ئیسلامی، بابەتی گەندەلی سیستماتیک پشتگوێ دەخرێت. هەر وەک دەبینین بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە هەشتا و پێنج ملیۆن حەشیمەتی ئەم وڵاتە کە زۆربەیان ناتەبان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە، کەمتر لە دە میلیۆن ئێرانی وابەستە بە بەرژەوەندی و سەرچاوە داراییەکانی ئەم ڕژیمەن کە ئامادەن هەرشتێک بکەن بۆ خزمەتکردنی بلۆکی دەسەڵات لە ئێران بۆ پاراستنی دۆخی ئێستایان. گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا نەخۆشی نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ پاراستنی مانەوە لە دەستی سوڵتاندا. ئەوەی کە ئەم ئەژدیها حەوت سەرە لە قەفەسەکە هاتۆتە دەرێ نە ترسێکە بۆ سوڵتان و نە مەترسی لەسەر مانەوەی سوڵتان دروست دەکات، چونکە تا ئایندەیەکی نزیک، سامان لەبەردەستدایە و خواردنی ئەژدیهاکە ئامادە دەبێت و بەداخەوە، دەشبینین بەهۆی فریودانی بیروڕای گشتییەوە، کە لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە ئاشکرایەی سوڵتانە کە سەرهەڵدانی خەڵک بۆ داڕمانی ئەم نیزامە نزیکە ​​و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی ڕێگایەکە بۆ ئەوەی لە شەڕی کۆتایی دوور بێتەوە.

گەندەڵی سیستماتیک لە ئێران لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧تەوە وردە وردە قووڵتر بووەتەوە و وەها چۆتە ژێر پێستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیەوە کە چیتر ناتوانن ناسنامەی خۆیان لێ جیا بکەنەوە. ئەمڕۆ گەندەڵی ئیداری لە ئێراندا تەنیا لە بەرتیل و ژێر مێزی وەرگرتن لە فەرمانگەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو ئەم گەندەڵییە ئێستا لە پەیکەری سیستەمی ئیداریدا تێکەڵاو بووە و بووەتە پرەنسیپێکی حەتمی لەم نیزامەدا و تاکەکان لەم ڕێگایەوە دەیانهەوێ خۆیان بەرەوە دەسەڵاتی زیاتر هەڵکێشنە سەرێ.

ئەم دۆخە تەنیا بە دروستکردنی سیستەمێکی سیاسی نوێ دەگۆڕدرێت. سیستەمێک کە لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و لێپرسینەوە بەرامبەر خەڵک بێت. سیستەمێک کە تەیدا دەسەڵات دەگوازرێتەوە بۆ نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە. هەروەها دامەزراوەی چاودێری بەهێز کە بتوانێ چاودێری کاری سەرجەم بەشەکانی حکومەت بکات. سیستەمێکی “خەڵکی” کە تەیدا هەموو هاووڵاتیان، بەبێ گوێدانە شۆناس، ئایین، یان چینە کۆمەڵایەتییەکانیان، بەشداری بڕیاردان بکەن. ئەم جۆرە سیستمە دەتوانێت کۆتایی بە گەندەڵی بهێنێت و پاشخانی پێویست بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی وڵات دابین بکات. بۆیە دەبێت بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی شانبەشانی هەوڵ بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی هاوتەریب بێت. ئەم هەوڵانە دەبێت لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی و پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا و ئەگەر ڕێگە پێدەر بێت،کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە دیموکراسیەکان بێت. هەرچەندە ئەم ڕێگایە ڕەنگە درێژ و سەخت بێت، بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە دەسەڵاتی خەڵک کاتێک یەکگرتوو و هۆشیار بێت، دەتوانێت بەرەنگاری هەر سیستەمێکی گەندەڵ بێتەوە و  پێش بە گەندەڵی سیستماتیک بگرێ و گۆڕانکاری بنەڕەتی بەدی بهێنێت.

TAGGED: کازم سدیقی, کۆماری ئیسلامی, گەندەڵی, گەندەڵی دوانەی جیانەکراوەی کۆماری ئیسلامی!, مەنسوور سۆفی
KomalaMedia 2025/06/25
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر نەتەوەگەرایی کوردیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی؛
بابەتی دواتر پێشمەرگە، پاڕیزەری کیانی کوردی

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?