لە رێکەوتی ٤ی پوشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە بواری جێبەجێ کردنەوە . کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەر کارەوە بەردەوام هەوڵیداوە تۆڵەی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە گەلانی ئێران و بە تایبەتیش گەلی کورد بکاتەوە ، ئەمجارەش لەگەڵ دەسپێکی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە شەپۆلێکی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە ، ڕفاندن و بێ سەروشوێن کردنی چالاکانی مەدەنی و لاوانی کوردستانی دەستی پێکرد ، بەڵام لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و هاوکات لەگەڵ رێکەوتی ئاماژە پێدراو ئەم شەپۆلە توندتر و خێراتر بووە .
ئەو کەسانەی کە تا ئەمڕۆ دەستبەسەر کراون زۆرتر تۆمەتی چالاکی سیاسی ، چالاکی مەدەنی ، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران و چالاکی میدیاییان خراوەتە پاڵ .
ئەمە لە کاتێکدا بنەماڵەی دەستبەسەر کراوان سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام هیچ زانیاری و وڵامێکیان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەتی و دادوەریەکانەوە لە سەر چارەنوس ، بارودۆخی جەستەی و شوێنی ڕاگیرانی کەسوکاریان پێنەدراوە .
بە پێی بەڵگەنامەکان و بە وتەی شایەتحاڵان زۆربەی دەستبەسەر کردنەکانی ئەم ماوەیە بە شێوەی خۆسەرانە ، بە بەکارهێنانی توندوتیژی ، لێدان لە ئەندامانی خێزان ، شکاندنی دەرگا و کەلوپەلی ناو ماڵ ، پشکنینی ناوماڵ بەبێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادوەر و دەستبەسەردا گرتنی مۆبایل و لابتۆپ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراون .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل ، ٩١ حاڵەتی لە دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تۆمار کردووە و بە پێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم رێکخراوەیە ژمارەی دەستبەسەر کردنەکان لەم مانگەدا لە بەراوەرد لەگەڵ مانگی پێشوو پەنجاو نۆ لە سەد زیادی کردووە .
بە دڵنیاییەوە کەسانی زۆر زیاتر لەم ژمارە کەسە دەستبەسەر کراون بەڵام بە هۆکاری سانسۆری توند و نەبوونی ڕێگای دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و زانیاریەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران ئەم ئامارە سەرجەم پێشێلکاریەکان لە خۆناگرێت ، هاوکات کۆماری ئیسلامی سیاسەتی خاو کردنەوە و بڕینی ئینتەرنێتی بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکان گرتووەتە بەر .
هەروەها لەو ماوەیەدا بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون لە نێویاندا عەلی محەمەدی باوکی گیانبەختکردووی شۆڕشی ژینا لە بۆکان شەهریار محەمەدی ، بە بەکار هێنانی توندوتیژی و دەستبەسەردا گرتنی ئۆتۆمبێل ، مۆبایل و کۆمپیتەرەکەی دەستبەسەر کراوە و هیچ زانیاریەک لە سەر شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نیە .
هەروەها کەریم قادرپور باوکی ئاوات قادرپور لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشی ژینا لە شاری بۆکان بە شێوەی خۆسەرانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە .
سەبارەت بە دەکردنی سزای قورس بۆ زیندانیان لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیەوە ، لەم مانگەدا بۆ پێنج زیندانی سیاسی بە ناوەکانی پژمان سوڵتانی ، سۆران قاسمی ، کاوە ساڵحی ، ڕزگار بابامیری و تەیفوری سەلیمی بابامیری لە کۆیی گشتیدا سزای دوازدە جار لە سێدارەدان دەرکراوە کە وردەکاری سزاکان بەم شێوەیەن پژمان سوڵتانی ، سۆران قاسمی و کاوە ساڵحی هەرکامەیان بە سێ جار لە سێدارەدان و ڕزگار بابامیری بە دوو جار لە سێدارەدان و تەیفور سەلیمی بابامیری بە جارێک لە سێدارەدان سزا دراوە .
ئەوەی جێی سەرنجە ، بە پێی یاسای بنەڕەتی خودی کۆماری ئیسلامی ئێران (ماددەی ٣٢ی یاسای بنەڕەتی) هیچ کەسێک بەبێ حوکمی دادوەر و ڕێکاری یاسایی نابێت دەستبەسەر بکرێت هەروەها بە پێی ماددەی پێنجی یاسای ئایینی دادڕەسی کەیفەری پەسند کراوی (١٣٩٢) ، تۆمەتبار مافی ئەوەی هەیە بزانێت بۆ چی دەستبەسەر کراوە و دەستبەجێ پارێزەر وەربگرێت ، هەروەها بە پێی ماددەی ٤٨ی یاسای ئایینی دادڕەسی کەیفەری تۆمەتبار دەتوانێت پەیوەندی بە پارێزەرەکەیەوە بکات ، چاوی بە بنەماڵە و کەسوکاری بکەوێت و نابێت بە هێچ شێوەیەک ئەشکەنجە و ئازار بدرێت لە ماددەی ٣٨ی یاسای بنەڕەتیدا هاتووە هەر جۆرە ئەشکەنجە کردنێک بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانان قەدەغەیە !
لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی تەنانەت یاسای بنەڕەتی و دەستوورێک کە خۆیی دایڕشتووە و پەسندی کردووە پەیڕەو ناکات لە ئێستاشدا کە شەڕێک ڕوویداوە و زیاتر لە پێشوو هەست بە مەترسی دەکات بە سیاسەتی گرتن ، بێ سەروشوێن کردن و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە هەوڵی کپ کردنی دەنگی ناڕازی لە ناوخۆدایە بەڵام ئەم سیاسەتە کاریگەری نابێت و کۆماری ئیسلامی مەحکومە بە لە ناوچوون و ڕوخان .